نرخی گۆشت هەرزان دەكرێت



ماوەیەكە نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بەرزبووەتەوە، لە شاری سلێمانی بە وتەی بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی شارەكە، هەوڵ بۆ دابەزاندنی نرخەكەی دەدرێت.

ئێستا لە شاری سلێمانی، نرخی كیلۆیەك گۆشتی بەرخ بە 22 هەزار دینارە و نرخی كیلۆیەك گۆشتی گوێرەكە 20 هەزار دینارە، لە كاتێكدا پێشتر ئەو نرخانە لە نێوان 16 بۆ 18 هەزار دینار بوون.

چێنەر سەردار، خاوەنی كوشتارگەی چێنەر لە سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ نرخی كیلۆیەك گۆشتی بەرخ بە 22 هەزار دینارە و كیلۆیەك گۆشتی گوێرەكەش 20 هەزار دینارە.

دەشڵێت، پێشتر ئەو نرخانە لە نێوان 16 بۆ 18 هەزار دینار بوون.

لەلایەكی دیكەوە سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات كە هەوڵ بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور دەدەن و بۆ (خەڵك) دەڵێت، لە هەوڵی دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوورداین و لە ئەمڕۆوە چاودێرییەكانمان چڕتر كردووەتەوە.

ساڵانە لەكاتی بۆنەكاندا نرخی كاڵاو شمەك و خواردەمەنییەكان بەرز دەبێتەوە ئێستاش بەرەو جەژنی ڕەمەزان دەڕۆین و نرخی گۆشت بەرزبووەتەوە، بەڵام سۆران عەبدولغەفور ڕەتیدەكاتەوە كە ئەو بەرزبوونەوەیە بەهۆی هاتنی جەژنەوە بێت و دەڵێت، بەهۆی كەمبوونەوەی ئاژەڵ و زۆربوونی خواستی هاووڵاتییانەوە نرخی گۆشت بەرز بووەتەوە، بەڵام ئێستا ئاژەڵی زۆر هێنراوە و هەوڵی دابەزینی نرخ دەدەین.

لە عێراقیش هەوڵی دابەزینی نرخی گۆشت دەدرێت، مەهدی جبوری بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە، “بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور چەندین ڕێكارمان گرتووەتەبەر كە بەهۆیانەوە لە ڕۆژانی داهاتودا نرخی گۆشتی سوور ڕوو لە دابەزین دەكات، لەوانە ئاسانكاری بۆ گواستنەوەی ئاژەڵ لە نێوان پارێزگاكاندا، هەروەها ڕێگە بە هاوردەكردنی ئاژەڵ لە هەموو وڵاتانی جیهانەوە دەدرێت جگە لەوانەی قەدەغە كراون”.

 

 

دەیڤد ڤێتەر، منداڵە دەگمەنەکەی جیهان
پێشت دەیڤد ڤێتەر، منداڵە دەگمەنەکەی جیهان
لە سەقز مانگرتن دەستیپێكردەوە
دواتر لە سەقز مانگرتن دەستیپێكردەوە
ەیوەندیدار