بە بایكۆت وەڵامی ڕاگرتنی گەشتەكان دەدرێتەوە



تا ئێستا هۆكاری ڕاگیرانی گەشتەكانی توركیش ئێرلاین بۆ سلێمانی ئاشكرانەبووە

تائێستا بە فەڕمی هیچ لایەنێك هۆكاری ڕاگیرانی گەشتەكانی هێڵی ئاسمانی توركیا (توركیش ئێرلاین)ی ئاشكرانەكردووە، بەشێك لە چالاكانی سیاسیش بانگەوازی دەستپێكردنەوەی بایكۆتی كاڵای توركی لەبەرامبەر ئەو هەنگاوەی ئەنقەرەدا دەكەن.

شەوی 3ی نیسانی 2023 هێڵی ئاسمانی توركی گەشتەكانی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەڵەتی سلێمانی ڕاگرت، هیچ هۆكارێكیشی بەفەڕمی لەبارەی ڕاگرتنی گەشتەكان ئاشكرانەكردووە.

بەپێی ئەو ئیمێڵەی هێڵی ئاسمانی توركی بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی ناردووە، ڕاگیرانی گەشتەكان هەتا 11ی نیسانی 2023  بەردەوام دەبن.

هەندرێن هیوا، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ڕاگرتنی گەشتەكانی هێڵی ئاسمانی توركی بۆ سلێمانی هەتاكو 11ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

لەبارەی هۆكاری ڕاگرتنی گەشتەكانەوە، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەڵێت، هیچ هۆكارێكی ڕوونمان لەبەردەست نییە و داوای ڕوونكردنەوەمان لە هێڵی ئاسمانی توركی كردووە، بەڵام هەتاكو ئێستا وەڵاممان وەرنەگرتووە.

دەشڵێت: هێڵی ئاسمانی توركیا ڕۆژانە دوو گەشتی هەیە یەكێكیان كاتژمێر 10ی شەوە و ئەوەی دیكەش كاتژمێر 3:30 خولەكی بەرەبەیانە.

ڕاگرتنی گەشتەكانی توركیا، چەندین لێكدانەوەی جیاوازی بۆ كراوە، بەشێك لە چاودێرانی سیاسی هۆكارەكەی بۆ كەوتنە خوارەوەی دوو هێلیكۆپتەر لە مانگی ڕابردوودا لە سنووری ناحیەی چەمانكێی سەر بە پارێزگای دهۆك دەگەڕێننەوە و بەشێكی دیكەش باس لەبوونی هەژموونی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە لە سلێمانی دەكەن.

ئەوە یەكەمجار نییە هێڵی ئاسمانی توركیا گەشتەكانی بۆ سلێمانی ڕادەگرێت، لە 2017ش لەكاتی ڕێفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەیەكی زۆر گەشتەكانی بۆ فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان ڕاگرت.

بەشێك لە چالاكانی سیاسی ئەو هەنگاوەی ئەنقەرە بەبەشێك لە سیاسەتی دەوڵەتی توركیا دژی كوردان لێكدەدەنەوە، ئەوان خوازیاری دووبارەكردنەوەی هەنگاوێكن كە چەند ساڵ لەمەوپێش لە كاتی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان نابوویان.

بایكۆتكردنی كاڵای توركی لە هەرێمی كوردستان بووە چەكێكی بەهێز بۆ بەرگریكردن لە كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان، بۆیە ئێستا خوازیاری دووبارەكردنەوەی ئەو هەنگاوەن.

كەمال ڕەئووف، ڕۆژنامەنووس و چاودێریی سیاسی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەم هەڵوێستەی توركیا پەیوەندی بە هەڵبژاردنەكانەوە هەیە، بۆیە هەوڵدەدەن كێشەكانیان بنێرنە دەرەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، توركیا دەیەوێت كورد یەك هەڵوێست نەبێت، گەشتەكانی توركیا بە ڕووی سلێمانی دادەخات، تا جیاوازی لەنێوان سلێمانی و هەولێر دروستبكات و سزای ئابووری سلێمانی بدات.

ئەوەش دەخاتەڕوو، ڕاگرتنی گەشتەكان كاتییە، توركیا نایەوێت باشووری كوردستان پشتیوانی لە خەباتی باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان بكات، بەڵام هاووڵاتیان پشتیوانی خەباتی كوردان دەكەن.

لەبارەی ڕاگەیاندنی هەڵمەتی بایكۆتی كاڵای توركی، دەڵێت كەمال رەئوف “دەمانەوێت هەڵوێستێكمان بەرامبەر سیاسەتێكی شەڕەنگێزی توركیا هەبێت، بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو سیاسەتە، ئەو هەڵوێستە پێویستی بە پشتیوانی حزب و حكومەت نییە، كۆمەڵێك كەسی سەربەخۆ ئەم پێشنیارەیان كردووە، داواش دەكەن خەڵك بەشداری هەڵمەتەكە بكەن”.

دەشڵێت “ئێمە دەزانین لە ڕووی ئابوورییەوە كاریگەری لەسەر توركیا نییە، بەڵام لە ڕووی مەعنەوییەوە كاریگەری هەیە، بە توركیا دەڵێین كە تۆ هەڵوێستت بەرامبەر شارەكەی من دەبێت، منیش هەڵوێستم بەرامبەر سیاسەت و ئابوورییەكەت هەیە، پێموایە ئەم بایكۆتە لە درێژمەودا كاریگەری دروستدەكات”.

پەرلەمان و حكوومەت تاووتوێی بوودجە دەكەن
پێشت پەرلەمان و حكوومەت تاووتوێی بوودجە دەكەن
هەدەپە ئامانجی بردنەوەی 100 كورسییە
دواتر هەدەپە ئامانجی بردنەوەی 100 كورسییە
پەیوەندیدار