ساوس كوردستان: هاورێ‌ مەلا ستار داوای كردووە نرخی یەكەكەی بۆ كەم بكرێتەوە



گرووپی كۆمپانیاكانی ساوس كوردستان سەبارەت بە ڕووداوی تەقەكردنەكەی‌ ئەمڕۆی ناو پڕۆژەی شاری دایك لە سلێمانی ڕوونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، “دوێنێ‌ هاوڕێ‌ مەلا ستار كەسێكی ناردووە و داوای كردووە نرخی یەكەكەی بۆ كەم بكرێتەوە و ئەمڕۆش بە خۆی‌ و ٣ ئۆتۆمبێلی پڕ چەكدار و دەمامكدار و پۆشاكی نافەرمییەوە هەڵیانكوتاوەتە سەر هۆتێڵكی كۆمپانیاكە”.

گرووپی كۆمپانیاكانی ساوس كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “ئەمڕۆ لەناكاو لە دەروازەی سەرەوەی شاری دایك چەند ئۆتۆمبێلێكی [درع] و ژمارەیەكی زۆری چەكداری دەمامكدار هێرشیانكردۆتە سەر شاری دایك و بە هەڕەمەكی تەقەیان كردوە، بەم ڕەفتارەشیان گیان و ماڵی كارمەندانی گرووپەكەمان و دانیشتوانی شاری دایكیان خستۆتە مەترسییەوە”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “دوێنێ‌ پەرلەمانتار [هاوڕێ مەلا ستار] كەسێك بۆ ساوس كوردستان گروپ دەنێرێت، كە ئۆفیسی سامان فایەق حاجی عەلی، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گروپەكەمانی لێیە و داوا دەكات كە نرخی شوقەی ئەو پەرلەمانتارە، كە لەناو شاری دایكە كەم بكرێتەوە و مامەڵەیەكی تایبەتی لەگەڵ بكرێت، بەڵام چاوەڕێی وەڵام ناكات و بە تەلەفۆنی خۆی و بە تەلەفۆنی چەكدارەكانی دەورووبەری پەیوەندی دەكات و دەڵێت [ئەم نرخەم بۆ كەم نەكەنەوە ئەوا دێمە سەرتان و كەرامەتتان دەشكێنم]”.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

ڕۆژی یەك شەممە، ٢ی ٤ی ٢٠٢٣، وەكو هەر ڕۆژێكی دیكە كارمەندانی گروپەكەمان لەناو شاری دایك سەرقاڵی ڕاپەڕاندنی ئەركەكانیان بوون، لەناكاو لە دەروازەی سەرەوەی شاری دایك چەند ئۆتۆمبێلێكی [درع] و ژمارەیەكی زۆری چەكداری دەمامكدار هێرشیانكردۆتە سەر شاری دایك و بە هەڕەمەكی تەقەیان كردوە، بەم ڕەفتارەشیان گیان و ماڵی كارمەندانی گروپەكەمان و دانیشتوانی شاری دایكیان خستۆتە مەترسییەوە.

لێرەوە بۆ ڕای گشتیی ڕووندەكەینەوە كە ڕووداوەكە بەمشێوەیە بووە:

لە ڕێكەوتی ١ی ٤ی ٢٠٢٣ پەرلەمانتار [هاوڕێ مەلا ستار] كەسێك بۆ ساوس كوردستان گروپ دەنێرێت كە ئۆفیسی بەڕێز سامان فایەق حاجی عەلی، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گروپەكەمانی لێیە و داوا دەكات كە نرخی شوقەی ئەو پەرلەمانتارە كە لەناو شاری دایكە كەم بكرێتەوە و مامەڵەیەكی تایبەتی لەگەڵ بكرێت، بەڵام چاوەڕێی وەڵام ناكات و بە تەلەفۆنی خۆی و بە تەلەفۆنی چەكدارەكانی دەوروبەری پەیوەندی دەكات و دەڵێت [ئەم نرخەم بۆ كەم نەكەنەوە ئەوا دێمە سەرتان و كەرامەتتان دەشكێنم!] دوای ئەوەی هیچ وەڵامێكی ئەرێنیی لەلایەن گروپ و كاك سامانەوە پێ ناگات، هەمان ڕۆژ و لە ١ی ٤، كاتژمێر ٨:٠٠ شەو و لەوكاتەی میوانەكانی یەكێك لە هۆتێڵە ٥ ئەستێرەكانی سەر بە گروپەكەمان بۆ بەربانگكردنەوە و بەسەربردنی شەوێكی ئارام سەردانی ڕێستۆرانتێكی هۆتێلەكەیان كردبوو، ئەو پەرلەمانتارە بە خۆی و ٣ ئۆتۆمبێلی پڕ چەكدار و دەمامكدار و پۆشاكی نافەرمییەوە هەڵدەكوتنە سەر هۆتێلەكە و پرسیاری كاك سامان و ناونیشانی كاك سامان دەكەن، ستافی هۆتێلەكەش پێیان ڕاگەیاندون ماوەیەكی زۆرە كاك سامان سەردانی هۆتێلەكەی نەكردوە.

سەر لەبەیانی ڕۆژی یەك شەممە، دوو پارێزەری سامان حاجی فایەق [ئاسایشی بەكرەجۆ و ئاسایشی گشتی و دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایش]یان لە ڕووداوەكە ئاگاداركردۆتەە كە هاوڕێ مەلا ستار بە ژمارەیەكی ئێجگار زۆر چەكدارەوە بۆ فڕاندنی سامان حاجی فایەق هاتون.

دواتر و ئەمڕۆ یەك شەممە، ٢ی ٤ی ٢٠٢٣، جارێكی دیكە بەهەمان ٣ ئۆتۆمبیلی درع و ژمارەیەكی زۆرتر چەكدارەوە هەڵدەكوتنە سەر ئۆفیسی سەرەكیی بەڕێز سامان حاجی فایەق لەناو پرۆژەی نیشتەجێبونی شاری دایك و زیاتر لە ٣٠ خولەك بەشێوەیەكی هەڕەمەكی تەقە دەكەن و دواتر برینداری لێكەوتۆتەوە و ئێمەش وەكو هەر هاووڵاتییەكی ئەم هەرێمە بەداخین و بریندارین لە ئاست ئەم ڕەفتارە نەشیاو و دوور لە یاسایەی ئەم پەرلەمانتارە، ئایا پەرلەمانتار پارێزەری ماڵ و حاڵی خەڵكە یان پێشێلكار و پەلاماردەر!

دواتر بۆمان دەركەوت ئەو پەرلەمانتارەی كە خۆی یاسادانەرە و نوێنەری گەلە پێشێلی یاسای كردوە و چەكدارەكانی ڕاسپاردوە هێرشمان بكەنەسەر و لەلایەكی دیكەشەوە باس لەوە دەكات گوایە لەناوی شاری دایكەوە هێرشیان كراوەتەسەر، ڤیدیۆكان بەڵگەی حاشا هەڵنەگرن كە ئێمە لەناو پرۆژەی خۆمان بووین و ئەوان دەستدرێژیان كردوینەتەسەر و ویستویانە ئازارمان پێ بگەیەنن. ئێمە سەر لەبەری ئەم تۆمەتانە ڕەد دەكەینەوە و داوا لە یاسا و بەرپرسانی پەیوەندیداری پارێزگای سلێمانی و حكومەت دەكەین بەدواداچوون بكەن و مافمان بۆ بگەڕێننەوە و ڕێگە نەدەن شاری سلێمانی ببێتە جێگەیەك یاسای تیادا سەروەر نەبێت و بە میزاجی كەسی بابەتەكانت یەكلابكرێنەوە، چونكە ئەو كەسە بە پیشەی پەرلەمانتاری پەلاماری ئێمە و پرۆژەكانمانی نەداوە و لەو ڤیدیۆیەیش ڕوونە بە چەند ئۆتۆمبێلێك هەڵیاكوتاوە سەر ئەو هۆتێلەی كە خاوەندارێیتییەكەی بۆ گروپەكەمان دەگەڕێتەوە، گەر بڕواننە چەكی دەست و جل و بەرگەكانیان بۆتان دەردەكەوێت وەكو شەخسی هێرشیان كردوە! ئێمە سەیرە بەلامانەوە پەرلەمانتارێكی كوردستان خاوەنی زیاتر لە ٢٠ چەكدار و ئۆتۆمبیێلی درع بێت و چۆنی ویست وا هەڵسوكەوت بكات، بە فەرمی داوای ئیجرائات لە پەرلەمانی كوردستان دەكەین بەرانبەر بە ڕەفتاری ئەم پەرلەمانتارەی. هاوكات، دەشپرسین ئایا دەكرێت پەرلەمانتاری باڵاترین دامەزراوەی ئەم هەرێمە بەو شێوەیە ڕەفتار بكات؟ ئایا كاتێك نوێنەرانی وڵاتان ئەم ڕووداوانە دەبیستنەوە چی بە هەرێمەكەمان دەڵێن؟ ئایا ئەمە پاداشتی پرۆژەكانمانە كە ویستومانە لە ڕێگەیانەوە خزمەتی خاك و هاووڵاتیان بكەین!

سامان حاجی فایەق، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ساوس كوردستان گروپ، دوپاتی دەكاتەوە كە كێشەی كەسیی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە نییە و تەنانەت دوای ئەوەی داوای داشكاندنی تایبەتی بۆ شوقەكەی كردوە و پەرلەمانتارەكە لەڕێگەی چەندین ژمارە تەلەفۆنەوە قسەی نەشیاوی پێوتوە، دیسان بڕیاریان داوە بە یاسا ئەو بابەتە یەكلا بكرێتەوە.

ئەو جێگەیەی ڕووداوەكەی تیادا ڕوویداوە جێگەیەكی مەدەنییە و شاری نیشتەجێبوون و كارمەندانی گروپی كۆمپانیاكانی ساوس كوردستان كاری تیادا دەكەن، ئێمە دەپرسین: ئایا بۆچی بەوشێوەیە هێرش دەكرێتە سەر جێگەیەك كە هێزی سەربازیی تیادا جێگیر نەكراوە جگە لە كارمەندانی سێكیوریتیی پرۆژەكە كە لە هەموو پرۆژەیەك بوونیان هەیە، ئایا گەر شاری دایك و جێبەجێكارانی شاری دایك كەسانێكی ناشایستەن بۆچی ئەو پەرلەمانتارە لەناو ئەم پرۆژەیە شوقەی هەیە و نیشتەجێبووی ئەم پرۆژەیەیە كە پرۆژەی شاری دایكە.

ئەو پەرلەمانتارەی كە پاسەوانەكانی ڕاسپاردبوو بێنە سەر شاری دایك، باس لەوە دەكات كە بەهۆی لێدوانەكانی لەسەر وەبەرهێنەران ئەمەی لەگەڵ كراوە، ئێمە بۆ ڕای گشتی ڕوونی دەكەینەوە كە هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارەدا نییە و ئەوە ئەو پەرلەمانتارەیە كە ویستویەتی كەسێكی مەدەنی لەناو كۆمپانیایەك بڕفێنێت، كاتێك كۆمپانیاكە نەچوەتە ژێر باری داواكارییەكانی.

جارێكی دیكە دەپرسین: گەر هاوڕێ مەلا ستار خاوەن حەقە بۆ ڕێگەی یاسا و دادگایی نەگرتۆتەبەر؟ خۆ ئێوە خۆتان بە كەسێكی مافپەروەر دەزانن! بۆچی دەتانەوێت بە هەڵكوتانەسەر ئەوەی مەبەستتانە بیسەپێنن؟

گروپی كۆمپانیاكانی ساوث كوردستان دوپاتی دەكاتەوە و داوا دەكات ئەم ڕووداوەش وەكو ڕووداوەكانی دیكە تێ نەپەڕێت و سەرپێچیكاران سزا بدرێن، لای خۆشمانەوە ڕێگەی یاسا دەگرینەبەر بەرانبەر بەم دەستدرێژی و تەعەدایەی لەلایەن ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانەوە كراوەتە سەرمان.

ساوث كوردستان گروپ
٢ی ٤ی ٢٠٢٣

 

یەکێتی وەبەرهێنەران، هیچ ڕاگەیەنراوێکی بڵاو نەکردووەتەوە
پێشت یەکێتی وەبەرهێنەران، هیچ ڕاگەیەنراوێکی بڵاو نەکردووەتەوە
“كێشەی مووچە نامێنێت و پلەبەرزكردنەوە دەستپێدەكاتەوە”
دواتر “كێشەی مووچە نامێنێت و پلەبەرزكردنەوە دەستپێدەكاتەوە”
ەیوەندیدار