پارێزگای هەولێر: لە ١٠ رۆژدا ٦١ هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگاکەیان کردووە



پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پلانی ئەمساڵی نەورۆز وەکو خۆى بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێ کرا و لە ماوەی ١٠ رۆژیشدا ٦١ هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگاکەیان کردووە.

پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت:” سەرجەم کار و چالاکییەکانی ١٠ ڕۆژەى ١٣ مین فیستڤاڵى ئازادى و نەورۆز بە سەرکەوتووى ئەنجامدرا، و سێ ڕۆژەى جەژنى نەورۆزیش پلان و ئامادەکارییەکان چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی لە پێناو پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شار و سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان و دابینکردنی هاتووچۆیەکی ئاسودە و سەلامەت لە چوونە سەیران و پابەندبوونی هاوڵاتییان بە پاراستنی ژینگە لە سەیرانگە و شوێنە گشتیەکان وەکو خۆى بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێ کرا”.

پلانی رۆژانی جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:-
یەکەم/ گەشت و گوزار:-
لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر لە سنووری پارێزگای هەولێر، چەندین لێژنەی تایبەت پێکهێنرا بە مەبەستی چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ بنکە و ناوچە گەشتیارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە ڕووی گەشتیاران، وەکو پێکهێنانی چەند لیژنەیەک بە مەبەستی پێشوازی کردن لە گەشتیاران لە دەروازەکانی هەولێر، هەروەها چاودێریکردن و دابین کردنی خزمەتگوزاریی لە سەیرانگاکان و شوێنە گەشتیارییەکان و چاودێریکردنی میوانخانە و چێشتخانەکان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەواو بە گەشتیاران، ئەمە جگە لە ڕاسپاردنی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان بۆ ئاگادارکردنەوەی چێشتخانەکان بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی جەژنی نەورۆز کراوەبن. لە ماوەی ١٠ ڕۆژ تاوەکو نەورۆز (٦١ هەزار) گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە.

دووەم/ هاتووچۆی هەولێر:-
پلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی نەورۆز چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی بەبێ هیچ گرفتێک لە شەقامەکان و سەیرانگاکان جێبەجێکران، بەوشێویەش بەخۆشحاڵییەوە هاوڵاتیان لە کاتی چون وگەڕانەوەیان، تەنها قەرەباڵغیەکی ئاسایی لەسەر ڕێگایەکان بەهۆی زۆری ژمارەی سەیرانکاران پەیدابوو، سەبارەت بەڕووداوەکان لە ٣ ڕۆژی جەژنی نەورۆز هیچ ڕووداوێکى هاتووچۆ ڕوویانەداوە کە زیانى گیانی تێدابێت.
سێیەم/ ئاسایشی هەولێر:-
بەپێی ئەو پلان و ئامادەکاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەکو خۆی و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکران و بۆ هەرحاڵەتێکی پێویستیش، سەرجەم هێزەکانی ئاسایش لە ئەرک دابوون.
چوارەم/ پۆلیسی هەولێر:-
سەبارەت بە پلانی ئەمنی و پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتییان و ئامادەباشی هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، بەبێ گیرو گرفت تەواوی بڕگەکانی جێبەجێکران و سەرکەوتوو بوو، لە هەرسێ ڕۆژی جەژنی نەورۆز جگە لە حاڵەتێکى ڕفاندن کە هەر زوو لەلایەن هێزەکانى پۆلیسەوە تاوانباران دەستگیرکران هیچ ڕوداوێکى تر ڕووینەداوە.
پێنجەم/ بەرگری شارستانی:-
تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی نەورۆز لە ئەرک دابوون، لەو ماویەشدا تەنها (٢) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، هەردوو حاڵەتەکەش لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراون و جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە

ئەمڕۆ هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی ڕووبەڕووی كۆریای باشوور دەبێتەوە
پێشت ئەمڕۆ هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی ڕووبەڕووی كۆریای باشوور دەبێتەوە
شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەتریشقە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
دواتر شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەتریشقە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
ەیوەندیدار