بۆ کاتەکانی بانگ پشت بە مۆبایلەکانتان مەبەستن



لەگەڵ ئەوەی کاتەکانی بانگ لە هەموو هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەڵام هێشتا بەشێکی هاووڵاتیان لە کاتەکانی بانگ تێناگەن، نازانن گۆڕانکارییەکان چۆنن، ئەپڵیکەیشنەکانیش نوێ نەکراونەتەوە.

لە ١٩ی ئەم مانگە بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، کاتەکانی بانگ ڕێکخراونەتەوە و گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە.

لەگەڵ ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خشتەی نوێی کاتەکانی بانگ بۆ مانگی ڕەمەزان بڵاوکراوەتەوە، هەروەها سەرجەم مزگەوتەکان و مامۆستایانی ئاینی لە گۆڕانکارییەکان ئاگادارکراونەتەوە، بەڵام هێشتا لای بەشێکی هاووڵاتیان گۆڕانکارییەکە نوێ و ناڕوونە، بە تایبەت کە زۆرینەی هاووڵاتیان لە مۆبایلە زیرەکەکانیانەوە ئەپڵیکەیشنی ئاگادارکردنەوەی کاتەکانی بانگ بەکاردەهێنن، بەڵام هێشتا ئەوانیش نوێ نەکراونەتەوە.

د. محەمەد عەبدوڵا پێنجوێنی ئەندامی لیژنەی فەتوا، لە لێدوانێکدا بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لەگەڵ خاوەنی ئەپڵیکەیشنەکان قسەیان کردووە، تا ئەپڵیکەیشنەکان نوێ بکەنەوە و بەپێی خشتەی نوێ کاتەکان دیاریبکرێت.

سەرباری ئەم وتەیەی ئەندامی لیژنەی فەتوا، بەڵام هێشتا ئەپڵیکەیشنەکان نوێ نەبوونەتەوە و هیچ ڤێرژنێکی نوێیان بۆ نەهاتووە، هەندێک لە ئەپڵیکەیشنەکان دوو ساڵە هیچ نوێکردنەوەیەکی بۆ نەکراوە.

ئێستا سەرجەم مزگەوتەکان لە گۆڕانکارییەکە ئاگادارکراونەتەوە، بەڵام هەندێک ماڵ هەیە بەهۆی دووریان لە مزگەوتەکانەوە گوێیان لە دەنگی بانگی مزگەوتەکان نییە، لەم کاتەدا بەپێی وتەکانی د.محەمەد عەبدوڵا پێنجوێنی ئەرک و بەرپرسیارێتی هاووڵاتیانە کە خۆیان لە کاتەکانی بانگ دڵنیاببنەوە و بزانن بەپێی گۆڕانکارییەکان کەی کاتی بانگە.

گۆڕانکارییەکە لە سبەینێوە دەبێت، خشتەی گۆڕانکاری کاتەکانی بانگ بۆ سەرجەم ڕۆژەکانی مانگی ڕەمەزان بڵاوکراوەتەوە، لە هەموو هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە.

گۆڕانی کاتەکانی بانگ بە ڕێژەیەکی دیاریکراو نییە، لە نێوان شەش بۆ ١٦ خولەک گۆڕانکاری بەسەر کاتەکانی بانگدا هاتووە، ئەم گۆڕانکرییە تەنها بۆ مانگی ڕەمەزان نییە، د.محەمەد عەبدوڵا پێنجوێنی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، خشتەی نوێی کاتەکانی بانگ بۆ هەموو مانگەکانی ساڵ ئامادەیە و پاش مانگی ڕەمەزان بڵاودەکرێتەوە.

گۆڕانکارییەکە بەرهەمی نزیکی چوار بۆ پێنج ساڵی بەشێک لە ئەندامانی ئەو لیژنەیەیە کە بۆ ڕیکخستنەوەی کاتەکانی بانگ لەلایەن وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان پێکهێندرا، بەپێی زانیارییە فەلکناسییەکان، نوێترین و پێشکەوتووترین ئامێرەکانی بینینی خۆر و مانگ، شوێنی خۆر و مانگ، سێبەر، کاتی خۆرهەڵهاتن و خۆرئاوابوون کاتەکان بانگ دیاریکراون.

قوباد تاڵەبانی پەیامێكی بڵاوكردەوە
پێشت قوباد تاڵەبانی پەیامێكی بڵاوكردەوە
وەزارەتی ناوخۆی عیراق سێ‌ ڕێنمایی توند بۆ مانگی ڕەمەزان دەردەكات
دواتر وەزارەتی ناوخۆی عیراق سێ‌ ڕێنمایی توند بۆ مانگی ڕەمەزان دەردەكات
ەیوەندیدار