35 ساڵە هەڵەبجەییەكان چاوەڕوانی بەدیهاتنی خەونەكانیانن



 

ئەمڕۆ 35 ساڵ بەسەر كیمیای باران كردنی هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە تێدەپەڕێت و بەشێكی زۆری هاووڵاتییان جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو بایكۆتی ڕێوڕەسمەكانی یادكردنەوەی شارەكەیان كرد.

لەگەڵ بایكۆتی یادەكەدا، بەشێك لە چالاكوان و هاووڵاتییان بۆ گەیاندنی داواكارییەكانیان سەردانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەكەن.

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، دوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی ڕاوێژكاری لە نێوان چین و توێژە جیاوازەكانی هەڵەبجە لە كەسوكاری شەهیدان و مامۆستایانی ئایینی و چالاكوانان و تۆڕی ڕێكخراوەكانی هەڵەبجە و كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بڕیارماندا كە بایكۆتی یادی ۳٥ ساڵەی تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە بكەین.

وتیشی، بەمەبەستی گەیاندنی داواكارییەكانی قوربانییانی هەڵەبجە سەردانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەكەین.
“دۆخی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی زۆر خراپە”

سەبارەت بە دۆخی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی لوقمان عەبدولقادر وتی، دۆخیان زۆر خراپە لەبەر ئەوەی كەتەرخەمی هەیە لە چارەسەركردنیاندا لەلایەن ئیدارەی خۆجێی پارێزگای هەڵەبجەوە و كارەكان كرچوكاڵن، بریندارەكان پێویستیان بە چاودێری بەردەوام هەیە.

دەشڵێت، چوار بەركەوتووی چەكی كیمیایی لە وڵاتی ئێران نەشتەرگەریی چاندنی گلێنەی چاویان لە وڵاتی ئێران بۆ كراوە، بەڵام سیانیان بیناییان لەدەستداوە، چونكە تەنها بڕە بودجەیەك دابین كراوە و ئاماچ نەكراوە بەوەی كە ئەو نەخۆشە پێویستی بە چاودێریكردن و سەردانكردنەوەی دكتۆر هەیە.

وتیشی، دوێنێ‌ یەكێكی دیكە لە بریندارانی چەكی كیمیایی هەڵەبجە بەناوی (ڕەعنا ئەحمەد) بەهۆی مانەوەی كاریگەری چەكی كیمیایی لەسەر جەستەی گیانی لە دەستدا، كە بووە 117 هەمین بەركەوتووی كیمیایی لە ساڵی 2003ەوە كە گیان لەدەست بدات .
لەبارەی ژمارەی بەركەوتووانی چەكی كیمیاییەوە لوقمان عەبدولقادر وتی، لە تەواوی هەرێمی كوردستان ئەو ناوچانەی كە كیمیاباران كراون تا ئێستا 834 برینداری چەكی كیمیایی لە ژیاندان، تەنها لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە 270 برینداری چەكی كیمیایی لە ژیاندا ماون، بەڵام باری تەندروستی سەرجەم بریندارانی چەكی كیمیایی هەڵەبجە لە بارودۆخێكی ناجیگیردان، ئەوەش بەهۆی مانەوەی كاریگەری چەكی كیمیایی لەسەر جەستەیان.

بەپێی ئامارەكانی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە 53 گۆڕی بەكۆمەڵ بوونیان هەیە كە زیاد لە %70 ی شەهیدانی كیمیابارانیان تیادا بەخاكسپێردراوە، بەڵام ئەوانەی بەهۆی مانەوەی كاریگەری چەكی كیمیایی گیان لە دەستدەدەن لە گۆڕستانی ئاسایی شاری هەڵەبجە و دەوروبەری بەخاك دەستپێردرێن.

ساڵی 2014 بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەركرا و بووە چوارەم پارێزگای هەرێمی كوردستان، ڕۆژی 15 ی ئەم مانگەش دوای پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە وەك 19هەمین پارێزگای عێراق لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، بە فەرمی پڕۆژەكە ڕەوانەی پەرلەمان كرا بۆ پەسەند كردنی.

هەڵەبجە لە ساڵی 1889 كراوە بە شارۆكە، تا ساڵی 1930 هەڵەبجە تەنیا لە 500 ماڵ تێنەدەپەڕی، سێ گەڕەكی سەرەكی لە شاردا هەبوون كە بریتی بوون لە گەڕەكی پاشا كە ئێستە سەنتەری شارە، پیر محەمەد و كانی عاشقان كە مێژووی دروستبوونیان زۆر كۆنە، ئێستاش چەندین گەڕەك و شارۆكە و شارەدێ‌ لە خۆ دەگرێت.


هەزاران پێشمەرگە پلەیان بەرز كرایەوە
پێشت هەزاران پێشمەرگە پلەیان بەرز كرایەوە
پشووی نەورۆز ڕاگەیاندرا
دواتر پشووی نەورۆز ڕاگەیاندرا
ەیوەندیدار