جیهان خۆی بۆ جەنگ ئامادە دەكات



سوێد لە مەترسیدایە
پەیامێك بۆ بنەماڵەكانی سوێد نێردرا، خۆتان بۆ جەنگ و خراپترین ڕەوش ئامادە بكەن

لەگەڵ نزیكبوونەوەی چوونە ساڵی دووهەمی جەنگی ئۆكراینەوە جیهان خەریكە دەبێتە سەربازگە، هەمووان ئامادەكاری سەربازی دەكەن، خۆیان پڕچەك دەكەن، ترس هەیە، ئامادەكاری بۆ ئەگەری جەنگێكی ڕانەگەیەندراو دەكرێت، كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری چەكیش داهاتەكانیان بەرزبووەتەوە بەهۆكاری بەرزبوونەوەی خواست لەسەر چەك.

سوێد
دەوڵەتی سوێد لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو لەپاڵ هەوڵەكانی بۆ بوونە ئەندامی ناتۆ كار لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی پیشەیی سەربازەكان بەتایبەت هێزی یەدەگ و خزمەتگوزاری سڤیل و شۆفێران دەكات.

توێژەر لە پەیمانگەی نیشتمانی ئۆكراین بۆ توێژینەوەی ستراتیژی مایكۆلا بیلیسكۆڤ دەڵێت: هەموو ئەوروپا دەزانن ئۆكراین لەبری ئەوان شەڕ دەكات، مۆسكۆ شەڕ بۆ وڵاتانی دیكە دەگوازێتەوە.

دەشڵێت: زۆرینەی دەوڵەتانی ئەوروپا ئەوانەی لە سنووی ڕووسیا نزیكن ئامادەكارییان لەسەرەتای جەنگەوە دەستپێكردووە لە هەوڵی چوونە ناتۆوە بۆ ڕێوشوێنی دڵنیایی لە ئامادەسازی بۆ جەنگی ئایندە و چۆنێتی پێشگرتن بە هەر هێرشێك، ئەزموونی ئۆكراینیش سەرچاوەیەكی سوودوەرگرتنە بۆ وڵاتانی دیكە لەچۆنێتی بەرگریكردن لە خاكەكەیان.

ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەڕەنسایی بڵاویكردەوە، ئاژانسی سڤیلی سوێد بە ١٢١ هەزار گەنجی ڕاگەیاندووە كە دەبنە بەشێك لە بەرگری تەواو و پێویستە پابەندی تەواویان بۆ هاوكاریكردن لە حاڵی جەنگ یان هەڕەشەدا هەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەكە، سوێد ئەو پەیامەی بە ناونیشانی لە حاڵی بەرپابوونی جەنگ یان تەنگەژەدا بۆ ٤.٩ ملیۆن خێزان ناردووە بەجۆرێك خۆیان بۆ خراپترین ڕەوش ئامادەبكەن.

ژاپۆن
ئاسیای ناوەڕاست بەتایبەت لەدوای ڕاگەیاندنی ژاپۆن بۆ بڵاوكردنەوەی مووشەكی خێراتر لە دەنگ لە دوورگە سنوورییەكان تووشی جۆرێك لە شپرزەیی و شڵەژانی سەربازی بووە.

نێوانی مۆسكۆ و تۆكیۆ پەرەسەندنی زیاتر لە ڕۆژانی داهاتوودا بەخۆوە دەبینێت، بەهۆی بڵاوكردنەوەی مووشەكی ئەمریكایی لە دوورگە ژاپۆنییەكان و سازكردنی مانۆڕی هاوبەش لەگەڵ ئەمریكا و تێستی مووشەكی نوێ.

پلانی ئەمریكا
توێژەر لە پەیمانگەی نێودەوڵەتی فۆلسكی سەربازی ڕووسی ئۆلیگ ئارتیۆفسك دەڵێت: ئەو بەسەربازگەكردنەی لە سنوورەكانی ڕووسیا ڕوو دەدات پلانی ئەمریكایە، دوای ئاشكرابوونی ئەوەی لە ئۆكراین ڕوو دەدات و هەوڵ بۆ هەڕەشەكردن لە سنوورەكانی بێلاڕووس.

دەشڵێت” ڕووسیا دەست درێژی نەكردووە، بەڵكو هەوڵی شكستپێهێنانی پلانەكانی ئەمریكای داوە كە بوونە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ڕووسیا، كرێملن بەزوویی بۆ ئەو كارە جووڵاوە”.

ئاماژە بەوەدەكات، بڵاوكردنەوەی مووشەكی تۆماهۆكی ئەمریكایی لە دوورگەكانی ژاپۆن بۆ گەمارۆدانی چین و وروژاندنی ڕووسیا و ڕاكێشانی ژاپۆنە بۆ نێو ململانێكان.

ژاپۆن ئامادەكاری بۆ دروستكردنی بنكەیەكی سەربازی گەورە لە دوورگەی ماجیشیما لەسەر خواستی ئەمریكا دەكات، بنكەیەك ڕووبەرەكەی هەشت كیلۆمەترە و لە پارێزگای كاجوشیمای باشووری خۆرئاوای وڵاتەكە هەڵكەوتووە.

قازانجی چەك فرۆشتن
خۆپڕچەككردنی وڵاتان لە كاردانەوەی جەنگی ئۆكرایندا سوودێكی زۆری بۆ وڵاتانی خاوەن چەك و كۆمپانیاكان هەبووە.

گرووپی ئەڵمانی ڕینمێتاڵ پێشبینی فرۆشتنی خۆی بۆ ساڵانی داهاتوو بەرزكردەوە، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر چەك بەهۆی شەڕی ئۆكراینەوە، پێشبینیكردووە بەهای فرۆشی تا ساڵی ٢٠٢٥ گەشە بكات بۆ نێوان ١١ بۆ ١٢ ملیار یۆرۆ، لە كاتێكدا لە ساڵی ٢٠٢٢دا نزیكەی ٦.٥ ملیار یۆرۆ بووە.

ئارمین بابێرگەر، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای لیۆپاردی بەرهەمهێنانی تانكی لیۆپاردی ئەڵمانی ئاماژە بەوە دەكات، كۆمپانیایی بەرگری ریمێنتال  ٧٠٠ملیۆن یۆرۆی بۆ فراوانكردنی تواناكانی خەرجكردووە، ساڵی ڕابردوو ٢٠٠٠ كارمەندی نوێی دامەزراندووە و پلانی ستراتیژی تایبەت دەگرێتەبەر.

كۆمپانیاكە، خوازیاری بەدەستهێنانی پشكێكی زۆر لەو ١٠٠ ملیار یۆرۆیەیە كە بۆ نۆژەنكردنەوەی سووپای ئەڵمانیا تەرخاندەكرێت.

ئەو كۆمپانیایە پێشبینیدەكرد لە ساڵی ٢٠٢١ و پێش دەستپێكردنی شەڕ لە ئۆكراین، فرۆشی بگاتە ٨.٥ ملیار یۆرۆ تا ساڵی ٢٠٢٥، بەڵام خواست لەسەر چەكەكان لە دوای ٢٤ی شوباتی ساڵی ڕابردوو و هەڵگیرسانی جەنگی ئۆكراین زیادیكرد و چاوەڕێدەكرێت بۆ ئایندەش ئاستی فرۆشی چەكەكانی بەرزتر ببێتەوە.

بەپێی ئاژانسی بلۆمبێرگ، جەنگ لە ئۆكراین بووە بەهۆی بەرزبوونەوەی پشكەكانی كۆمپانیاكانی بەرگری لە ئەوروپا، ژمارەیەك كۆمپانیا توانیویانە داهاتەكانیان بەڕێژەی 60% بۆ 80٪ زیادبكەن.

بەپێی زانیارییەكانی پەیمانگەی ستۆكهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتی، جەنگ لەئۆكراین بووە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر چەك لە جیهاندا، لەگەڵ هەوڵی دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی بەهۆی ناردنی چەك بۆ ئۆكراین بۆیان دروستبووە.

بەشێك لە ڕاپۆرتەكان دەڵێن لە هەمان كاتدا جەنگی ئۆكراین بەرهەمی سەربازی ئاستەنگ كردووە و گرفت لە بەرهەمهێناندا دروستبووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی بریكینگ دیفیس، كۆمپانیاكانی چەك لە ئەمریكا بەهای فرۆشیان بۆ ساڵی ٢٠٢٢بۆ نزیكەی ٥٠ ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە، بەراورد بە ٣٥ ملیار دۆلار لە ساڵی پێشتردا .

كۆمپانیا ئەمریكاییەكانی لوكهید مارتن، رایسیۆن، بۆینگ، نورسروپ و گرۆمان لە سوودمەنترینی ئەو كۆمپانیانەن زۆرترین چەكیان فرۆشتووە.

 

مەرجەكانی فرۆشتنی دۆلار بە عەمرەكاران ڕاگەیەندران
پێشت مەرجەكانی فرۆشتنی دۆلار بە عەمرەكاران ڕاگەیەندران
باباجان گەیشتە ئامەد
دواتر باباجان گەیشتە ئامەد
ەیوەندیدار