ئەڵمانیا، گرنگی بە وانەی پەروەردەی ئیسلامی دەدات

وەرە خوارتر بۆ بینینی زیاتر
Font size:
چاپکردن

دە ساڵ بەسەر هاتنە ئارای وتنەوەی وانەی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی ئەڵماندا تێدەپەڕێت، ویلایەتی ڕاین -وێستفالیا لە یەکەمینەکان بوو، کە ئەم هەنگاوەی نا، دواتر ناوچەو شارەکانی دیکەی ئەڵمانیا بەدوایدا رۆیشتن.

 

خوێندنی وانەی پەروەردەی ئاینی ئیسلام وەک یەکەم هەنگاو لە ساڵی خوێندنی ٢٠١٢/٢٠١٣ لە ٣٣ قوتابخانە بە نزیکەی بۆ ١٨٠٠ قوتابی موسڵمان دەستیپێکرد.

 

بەپێی داتاکانی وەزارەتی پەروەردەی ویلایەتی ڕاین -وێستفالیا، لە ئێستادا نزیکەی ٢٣٣ قوتابخانە وانەی پەروەردەی ئاینی ئیسلام پێشکەش بە نزیکەی ٢٤ هەزار خوێندکار دەکەن، ئەمەش یەکسانە بە نزیکەی لەسەدا پێنجی کۆی گشتی ئەو ٤٥٧ هەزار خوێندکارەی لە قوتابخانەکانی ویلایەتەکە دا هەن.

 

پاش ڕاین -وێستفالیا، ویلایەتەکانی دیکە پەیوەست بوون بەم دەستپێشخەرییە، کە دیارترینیان ویلایەتی باڤاریا و دوایینیان ویلایەتی سارلاندە کە لەم دواییانەدا لە ژمارەیەک لە قوتابخانەکانیاندا دەستیانکردووە بە فێرکردن و وتنەوەی وانەی پەروەردەی ئاینی ئیسلامی بۆ خوێندکارانی پۆلی یەکەم.

 

لە ئێستادا نزیکەی لەسەدا پێنجی منداڵان لە ویلایەتی باکووری ڕاین- وێستفالیای ئەڵمانیا وانەی ئایینی ئیسلامی وەردەگرن.

 

وەزیری پەروەردەی باکووری ڕاین- وێستفالیا، دۆرۆتی وایلەر، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی (KNA) کاسۆلیکی ،پێی وایە کە ” بەرزکردنەوەی ئاست و فراوانکردنی بوارەکانی فێرکردن و وتنەوەی وانەی ئایینی ئیسلام” لە قوتابخانەکاندا، بووەتە پێویستی.

 

دۆرۆتی وایلەری وەزیر دەڵێت، “دڵخۆشم کە ئێستا وانەمان لەسەر ئایینی ئیسلام هەیە، مەیل هەیە بۆ وتنەوەی ئەم وانەیە لە زۆرێک لە قوتابخانەکاندا، بەڵام دابینی پێداویستییەکان بەشی ئەوە ناکات، بتوانین بە هەمووان ڕا بگەین.

 

بە وتەی ناوبراو، لە ئێستادا نزیکەی 370 مامۆستای شایستەیان هەیە بۆ فێرکردنی وانەی ئاینی ئیسلامی لە قوتابخانەکانیاندا بۆ هاووڵاتییانی موسڵمانی ویلایەتەکەیان.”

 

دوای دە ساڵ، لە پەسەندکردنی وانەوتنەوەی تایبەت بە پەروەدەی ئاینی ئیسلام، لە قوتابخانەکانی ویلایەتی باکووری ڕاین- وێستفالیا، هێشتا هەندێک کێشە لە ئارادان، لەوانە ژمارەی مامۆستایانی پسپۆڕ لەم بوارەدا.

 

وەزیری پەروەردە ڕوونیشیکردەوە، “هێشتا لە قۆناغی بینیاتنانداین، زۆر دڵخۆشم کە زانکۆی پادربۆرن، دوای زانکۆی مونستر، دەستی بە ڕاهێنانی مامۆستایان لەم بوارەدا کردووە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئێمە بەرەو پێشەوە دەڕۆین”.

 

موهەنەد خورشید، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی وتنەوەی وانەی ئاین، لە سەنتەری دیراساتی ئیسلامی لە زانکۆی مونستر لە ئەڵمانیا، کە لە دەرچوانی یەکەم وەجبەی مامۆستایانی پسپۆڕی پەروەردەی ئیسلامیە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی DW Arabia، ڕوونیکردەوە: “لە ئەمڕۆوە پێویستمان بە 25 بۆ 30 ساڵ هەیە بۆ ئەوەی ئایینی ئیسلامی لە سەرجەم قوتابخانەکانی باکووری ڕاین- وێستفالیا بخوێنرێت، چونکە پێگەیاندنی مامۆستای پسپۆڕ لانی کەم ٤ بۆ ٥ ساڵی دەوێت لەم بوارەدا”.

 

پرۆفیسۆر موهەنەد خورشید لە زانکۆی مونستر، پشتڕاستی کردەوە، “ئامانج لەم وانانە ئاشنابوونە بە ئایینی ئیسلام لە ڕێگەی ڕێبازێکی زانستییەوە کە ڕەچاوی تایبەتمەندییەکانی وانە وتنەوە لە قوتابخانە ئەڵمانییەکان بکات.

 

ناوبراو پێی وایە، جگە لە دانانی نیشانەی پرسیار لەسەر هەندێک لەو تێڕوانینە هەڵانە یان نەریتانەی کە بەناوی ئایینەوە پێیان ناساندوون، بە خوێندنی ئەم وانانە خوێندکاران فێری بیرکردنەوە و پرسیارکردن و گەڕان بەدوای وەڵامدا دەبن، لەبری ئەوەی وەڵامی ئامادەکراویان پێبدەن.

 

موراد سێنسۆی یەکێکی دیکە لە یەکەمین مامۆستایانی دەرچووی سەنتەری دیراساتی ئیسلامی لە زانکۆی ئەڵمانی مونسترە، کە لە قوتابخانەی “ئینێگیرلۆ/ نۆبکۆم”ی ئەڵمانی وانەی ئاینی دەڵێتەوە، جەختی لەسەر گرنگی ئەم وانانە بۆ منداڵانی موسڵمان کردووە و دەڵێت: وانەکانی ئاینی ئیسلام بۆ منداڵان زۆر گرنگن، چونکە زۆر بابەتی ژیانی ڕۆژانەیان باس دەکرێت و لێرەدا دەخرێنە چوارچێوەیەکی پەروەردەیی  گونجاوە وە .”

 

بەهۆی سەرقاڵبوونی بەردەوامیان، ڕەنگە دایکان و باوکان کاتێکی پێویست نەدۆزنەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی شەخسی سەرپەرشتی پەروەردەی منداڵەکانیان بکەن لە فێرکارییەکانی ئایینی ئیسلامی لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی فاتیمە حاج مستەفای سوری، پێی وایە فێرکردنی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی ئەڵمانیادا “هەنگاوێکی زۆر گەورە و گرنگە”.

 

ئەم خانمە سورییە هاوسەرەکەی و پێنج منداڵی لەگەڵ دەستپێکردنی شەپۆلی پەنابەرانی سوریا لە ساڵی ٢٠١٥ گەیشتووەتە ئەڵمانیا، کچەکەی و کوڕە بچووکەکەی هەڵیانبژاردووە بەشداری وانەکانی پەروەردەی ئیسلامی بکەن لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە شاری مونستری ئەڵمانیا.

“با خەرجییەکان بۆ کەشوهەوا بێت نەک شەڕ”
پێشتر “با خەرجییەکان بۆ کەشوهەوا بێت نەک شەڕ”
دەزگای لوتکە: تەرمی کۆچبەرە دۆزراوەکان گەیشتە ٢٩ تەرم
دواتر دەزگای لوتکە: تەرمی کۆچبەرە دۆزراوەکان گەیشتە ٢٩ تەرم