پەڕینەوە لە بەریتانیاوە بۆ فەرەنسا لە زیادبووندایە



کەناڵی ئینگلیز ئەو کەناڵە ئاویەیە کە کۆچبەران پێدا دەپەڕنەوە بۆ بەریتانیا و یەکیکە لە قەرەباڵغترین ڕێگا ئاوییەکانی ئەوروپا

بە پێی بەدواداچوونەکانی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران، لە مانگی کانوونی دووەمەوە زیاتر لە سەد کۆچبەر لە فەرەنسا بەهۆی پەڕینەوە بەو ئاراستەیە دەستگیرکراون، هەندێکیان بەریتانیایان وەک دەرگایەک بەکارهێنابوو بۆ چوونە ناو فەرەنسا، هەندێکی دیکەش گەڕانەوەی بێهیوا بوونە لە ئەزموونەکەیان لە بەریتانیا.

ساڵانە دەیان هەزار کۆچبەر بە کەناڵەکەدا دەپەڕنەوە بەرەو بەریتانیا، بەڵام هەندێکیان گەشتەکەیان بە ئاڕاستەی پێچەوانە ئەنجام دەدەن، هەرچەندە پەراوێزخراوە و بە شێوەیەکی بەرفراوان لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکراوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی فەرەنسا چاودێری ئەم دیاردەیە دەکەن، کە بە “لێشاوی پێچەوانە” ناوی دەبەن.

بە پێی ئەو ئامارانەی دەست دەزگایی لوتکە کەوتووە لەسەرەتایی ساڵی ٢٠٢٤دا زیاتر لە ( ١٠٠) کۆچبەر بەهۆی پەڕینەوە بە شێوەیەکی نایاسایی لە بەریتانیاوە بۆ فەرەنسا دەستگیرکراون، لەکاتێکدا کە لە ساڵانی پێشوودا کەمتر لە پێنج کەس ئەم جۆرە گەڕانە وەیان ئەنجام داوە، ئەمەش سەرنجی دەسەڵاتدارانی فەرەنسای بەلایی چوونە ژوورەوەی نایاسایی بۆ ناو خاکی فەرەنسا لە بەریتانیاوە ڕاکێشاوە.

دەزگای لوتکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو کۆچبەرانەی بەریتانیا وەک دەرگایەک بەکاردەهێنن بۆ گەشتن بە فەرەنسا، لە نێو ئەم (لێشاوی پێچەوانە)دا دوو جۆر کۆچبەر هەیە:

یەکەمیان ئەو کۆچبەرانەن کە ئامانجیان فەرەنسا بووە وەک دوا شوێنی خۆیان لە ڕێگەیی بەریتانیاوە، ئەوانە دەستگیر دەکرێن زۆرجار لە ناو ئامرازەکانی گواستنەوەی گشتیدا، لە شەمەندەفەردا یان بە کەشتی لە سنووری فەرەنسا لەلایەن گومرگ یان پۆلیسەوە دەستنیشان دەکرێن، بۆیە دیپۆرتکردنەوە وەردەگرن لە ناوەندێکی دەستبەسەرکردن دادەنرێت، یان سوودمەند دەبن لە ڕێوشوێنی گەڕانەوە و هەندێکیان داوای مافی پەنابەریش دەکەن.

– جۆری دووەم ئەو کۆچبەرانەن کە بێ ئومێد دەبن لە ژیان و یاسا و مافی پەنابەران و کارکردن لە وڵاتی بەریتانیا، بۆیە هانا دەبەنە بەر گەڕانەوە بۆ وڵاتی فەرەنسا.

بەگوێرەی زانیاریەکانی دەزگایی لوتکە، قاچاخچییەکان داوای نزیکەی دوو هەزار یۆرۆ دەکەن بۆ گەشتی گەڕانەوە بە بار هەڵگر.

بە پێی بەدواداچوونەکانی دەزگای لوتکە، لە مانگی ئایاری ڕابردوودا لە شاری دانکیرک ڕۆژنامەنووسێکی بەریتانی چاوی بە پەنابەرێکی کورد بە ناوی عومەر کەوت کە کوردێکی تەمەن ٥٢ ساڵە و ١٤ هەزار یۆرۆی خەرج کردوە بۆ ئەوەی لە کوردستانەوە بچێتە بەریتانیا، پێش ئەوەی (٢٠٠٠) یۆرۆی دیکە بدات بە قاچاخچییەک بۆ ئەوەی بیگەڕێنێتەوە بۆ فەرەنسا، دوای ئەوەی نەیتوانی مافی مانەوەیی یاسایی لە بەریتانیا بەدەستبهێنێت.

عومەر بە ڕۆژنامە نووسەکەی ڕاگەیاندووە،  “پێیان وتم داوای مافی پەنابەریم ڕەتکراوەتەوە، چیتر بەرگەی ئەوەم نەگرت لە بەریتانیا بم و دەیانتوانی دەستگیرم بکەن و بمنێرن بۆ ڕواندا یان عێراق، هەستێکی ترسناکە کە گەڕامەوە بۆ ئێرە، بەڵام چی بکەم ناچار بووم.

بە پێی بەدواداچوونەکانی دەزگای لوتکە، محەمەد بومەتاب پەنابەرێکی مەغریبیە کە هانای بردۆتە بەر گەڕانەوە بۆ فەرەنسا بە بار هەڵگر، وەک خۆی دەڵێت

“خەریک بوو بمرم من لەسەر بارهەڵگرێک بووم کە بۆ ماوەی هەشت کاتژمێر نەوستا لە ڕۆشتن و خۆم هەڵواسیبوو بە ژێر بارهەڵگرەکەوە، زەوی تەنها چەند ئینجێک لە ڕوومەتمەوە دوور بوو. ژاوەژاوی بە ڕێگەدا ڕۆشتنی بارهەڵگرەکە ترسناک بوو، بەڵام بەداخەوە بۆم دەرکەوت کە بارهەڵگرەکە بەرەو شوێنێکی هەڵەی بردووم و پارەکەشمی بردووە.

هەر بە پێی زانیاریەکانی دەزگای لوتکە، سەرەڕای مەترسیەکانی گەڕانەوە بۆ فەرەنسا لە بەریتانیاوە لە ئیستادا بە دەیان کۆچبەر ئامادەکاری دەکەن بۆ گەڕانەوە بۆ خاکی فەرەنسا، بە هۆیی دروستکردنی ئاستەنگی لەبەرامبەر پێدانی مافی مانەوە لە بەریتانیادا، ئەمەش چاویی دەسەڵات دارانی فەرەنسایی زیاتر کردۆتەوە و لە هەوڵدان بۆ ڕێگری کردن لەو گەڕانەوە مەترسیدارەی کە کۆچبەران ئەنجامی دەدەن .

سەرچاوە: دەزگای لوتکە

عومەر گوڵپی: بەغدا بووەتە سەرچاوەی خێر بۆ هاووڵاتییانی هەرێم
پێشت عومەر گوڵپی: بەغدا بووەتە سەرچاوەی خێر بۆ هاووڵاتییانی هەرێم
پلەکانی گەرما جارێکی دیکە بەرزدەبنەوە
دواتر پلەکانی گەرما جارێکی دیکە بەرزدەبنەوە
پەیوەندیدار