عێراق مووچەی توێژێكی دیكەی زیادكرد



دوابەدوای دەرچوونی یاسای نوێی چاودێری كۆمەڵایەتی و زیادكردنی مووچەی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، مووچەی چاودێری نەخۆش و پەككەوتووان زیاد كرا و هاوكات، ئەنجوومەنی وەزیران بودجەی زیاتری بۆ مووچەی حەشدی شەعبی تەرخان كرد.

وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، مووچەی چاودێری نەخۆش و پەككەوتە “ئەو كەسانەی دەوام ناكەن و خۆیان تەرخان دەكەن بۆ خزمەتی كەسی نەخۆش و پەككەوتەی خێزانەكەیان” زیادكراوە لە 170 هەزار دینارەوە بۆ 250 هەزار و لەكاتی شایستەبوونیانەوە بۆیان خەرج دەكرێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیەیە دەكەن لەگەڵ وەزارەتی دارایی و بڕیار و یاسا نوێیەكەی چاودێری كۆمەڵایەتی لە 3ی حوزەیرانی ئەمساڵەوە چۆتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە”.

لای خۆشیەوە، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران دەنگ دەدات لەسەر زیادكردنی تەرخانكراوە داراییەكانی حەشدی شەعبی بۆ ساڵی 2024، ئەمە بەمەبەستی گەرەنتیكردنی مووچەی كارمەندانی حەشد.

حسێن موئنس، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هۆكاری دواكەوتنی مووچەی هێزەكانی حەشدەوە ڕایگەیاند، لە بودجەكانی پێشتردا، مووچەی حەشد دەگەیشتە (4 ترلیۆن و 473 ملیار) دینار، بەڵام لە خشتەی بودجەی 2024دا تەرخانكراوی دارایی حەشد بۆ (3 ترلیۆن و 863 ملیار) دینار كەمكراوەتەوە، بەوتەی ئەو ئەم پارەیە تا كۆتایی ساڵ بەشی دابینكردنی مووچەی “جەنگاوەر”انی حەشد ناكات، چونكە بڕی (604 ملیار) دینار كەمیكردووە.

ئەنجامی خوولی دووەمی تاقیكردنەوەی 12ی ئامادەیی ڕاگەیەنرا
پێشت ئەنجامی خوولی دووەمی تاقیكردنەوەی 12ی ئامادەیی ڕاگەیەنرا
ڕێككەوتنێكی 15 خاڵی لەنێوان هەرێم و عێراق واژۆكرا
دواتر ڕێككەوتنێكی 15 خاڵی لەنێوان هەرێم و عێراق واژۆكرا
پەیوەندیدار