ڕۆژنامە نێودەوڵەتییەکان، باس لە سروشتی وەڵامدانەوەی ئێران دەکەن



ڕۆژنامە و ماڵپەڕە نێودەوڵەتییەکان ڕۆشنایی دەخەنە سەر ئەو پێشهاتانەی لە ناوچەکە ڕوودەدەن، هەروەها لەسەر وەڵامی چاوەڕوانکراوی ئێران بۆ ئیسرائیل ڕاو بۆچوونی جیاوازیان بڵاوکردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەدەن، کە دوای ئەوەی حزبوڵای لوبنان بە هێرشێکی ئاسمانی لەڕێی ژمارەیەکی زۆر لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بەرەو قووڵایی خاکی ئیسرائیل هێرشی دەستپێکرد ئێستا چاوەکان لەسەر ئێرانن.

 

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ نووسیویەتی؛ دوای وەڵامدانەوەی حزبوڵڵا، چاوەکان لەسەر ئێرانن و لە زاری ئامۆس یادلین، سەرۆکی پێشووی هەواڵگری سەربازی ئیسرائیلەوە بڵاویکردووەتەوە، “ڕەنگە ئێران بیر لەوە نەکاتەوە هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام بدات، یەکێک لە ڕێگەکانی وەڵامدانەوەش ڕەنگە بە ئامانجگرتنی کەسایەتی و بەرپرسێکی ئیسڕائیل بێت”.

پێشتر ئێران ڕایگەیاندبوو کە لە تۆڵەی تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی(حەماس) لە تاران، بە گورزێکی کوشندە “وەڵامێکی پڕ ئازار”ی ئیسرائیل دەداتەوە.

 

هاوکات لە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستیشدا، ڕاپۆرتێک بڵاوکراوەتەوە ڕۆژنامەکە پێی وایە ئەگەری خۆ خزاندن بۆ شەڕێکی هەمەلایەنەی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا دوور لە پیشبینییەکانە، بەڵام دوژمنکارییەکانی نێوانیان بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت ئەو مەترسییە ناوچەییانەی کە هەن، نەهێڵێت.

 

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانیش لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە؛ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕەخنەی زۆری لێگیراوە لە پاشخانی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ حزبوڵڵا کە لە ناوخۆی ئیسرائیل بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان بە سنووردار وەسف کرا.

 

ڕەخنەگرانی نەتانیاهۆ دەڵێن “دۆخی سنووری باکوور وەک خۆی دەمێنێتەوە و دەیان هەزار دانیشتووی ئەو ناوچانە ناتوانن بگەڕێنەوە “.

 

لە لایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل لەبەر ڕۆشنایی بەردەوامی شەڕی غەززە نوسیویەتی، ئابووری وڵات ڕووبەڕووی مەترسیی توند دەبێتەوە.

 

ئەو پسپۆڕانەی کە ڕۆژنامەکە بۆ وەرگرتنی بۆچوونیان پشتی پێ بەستوون، باس لە زیادبوونی کورتهێنان و کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر کەرتی گەشتیاری و ناچارکردنی زۆرێک لە کار و کۆمپانیا بچووکەکان بۆ وەستاندنی چالاکییەکانیان دەکەن، ئەمە جگە لەوەی زیانێکی زۆر بەر بواری گواستنەوە و کارەکانی کەشتیوانی کەتووە کە ئەمانە هەڕەشە لە توانای ئابووری ئیسرائیل دەکەن و توانای بەرگەگرتنی ئەو وڵاتە بۆ ماوەیەکی درێژتر دەخاتە مەترسییەوە.

هاتووچۆی سلێمانی ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە
پێشت هاتووچۆی سلێمانی ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە
٥٠٠ ملیار دینار شایستەی دارایی جوتیاران ڕەوانە دەکرێت
دواتر ٥٠٠ ملیار دینار شایستەی دارایی جوتیاران ڕەوانە دەکرێت
پەیوەندیدار