نیوزلاند، ئەو وڵاتەی “مەڕ” زیاترە لە ژمارەی دانیشتووانەکەی



لەم دواییانەدا ڕاگەیەندرا کە نیوزلاند بەهۆی جوانییە سروشتییە سەرسوڕهێنەرەکانی، لەلایەن ڕێبەری بەناوبانگی گەشتیاری “ڕۆف گەید”ەوە وەک جوانترین وڵاتی جیهان پۆلێنکراوە.

 

لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا لەلایەن ڕێکخراوی ڕۆف گەیدەوە لیستێک لە جوانترین وڵاتەکانی سەر زەوی راگەیەنرا، کە لەلایەن گەشتیاران و خوێنەرانەوە دەنگی لەسەر درابوو، تیایدا نیوزلاند، پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.

 

ئەم وڵاتە، بەوە ناسراوە کە بوونی مەڕ زیاترە لە ژمارەی دانیشتووان.

هێشتا ژمارەی مەڕەکان زۆر زیاترە لە تێکڕای دانیشتوانی نیوزلاند، لە دوایین ئامارەکاندا کە لەلایەن دەسەڵاتی ئاماری حکومەتەوە خراوەتەڕوو، بۆ هەر هاووڵاتییەک پێنج سەر مەڕ بوونی هەیە.

نیوزلاند کە ژمارەی دانیشتووانی ٥.٢ ملیۆن کەسە، یەکێکە لە گەورەترین هەناردەکارانی خوری لە جیهانداو بەهای هەناردەکردنی  ساڵی ڕابردووی ٢٨٤ ملیۆن دۆلار بووە.

بەڵام تێچووی بەرزی بەرهەمهێنان و کەمی نرخی خوری کاریگەری لەسەر ژمارەی مەڕەکان دروستکردووە، کە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بە شێوەیەکی بەردەوام لە دابەزیندایە، کاتێک ژمارەی مەڕ ٧٢ ملیۆن سەر بووە.

جیا لەمە نیوزلاند، بە جۆراوجۆری سەرسوڕهێنەری دیمەنە سروشتییەکانی بەناوبانگە، کە بریتین لە شاخی بەرز و دەریاچە شینەکانی و دارستانە باراناوییە سەر سەوزەکان و کەناراوەکانی.

نیوزیلاند

پایتەخت: ویلنگتون
ڕێژەی دانیشتووان:٤٫٣ملێون کەس
ڕووبەر:٢٦٨٬٦٨٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە
سەربەخۆیی:١٩٠٧
زمان:ئینگلیزی و مائوری
ئایین :مەسیحی
ناوەندی تەمەن: ٧٨ ساڵ پیاوان و ٨١ ساڵ ژنان
داھاتی تاک:٣٠٢٣٤
دراو:دۆلاری نیوزلاند
ھێمای ئەنتەرنێت:NZ
کۆدی تەلەفون:٦٤+

 

ئەم وڵاتە پێکھاتووە لە دو دورگەی گەورەو و چەندین دورگەی بچووک، ھەروەھا چەندین ناوچەی ئۆتۆنۆم لەوانە: نیو دورگەکانی کۆک، نیو کاڵدۆنیا مەودایەکی زۆر لە نێوان نیوزلاند و وشکانییەکانی دیکەی گۆی زەوی ھەیە، دوو ھەزار کیلۆمەتر لە نێوان ئەم وڵاتە و نزیکترین دراوسێی کە وڵاتی ئوستورالیایە مەودا ھەیە، دەریای تاسمان دەکەوێتە نێوانیان.

دوای ئوستورالیا نزیکترین دراوسێکانی لە باکوورەوە دورگەکانی تونگا و فیجی و پۆلۆنێزییەکانن.

زۆرینەی دانیشتووانی نیوزلاند کۆچبەرە ئەوروپییەکانن بە تایبەتی بەریتانی و ئیرلەندی، گرنگترین کەمەنەتەوەی ڕەنگین پێست مائورییەکانن کە دانیشتووی ڕەسەنی ئەو وڵاتەن و بە ھەزاران ساڵە لەوێ ژیاون.

کەمەنەتەوەی دیکە ئاسیایی و پۆلۆنێزییەکانن کە زۆرتر لە شارەگەورەکان نیشتەجێن.

٧٢٪ی دانیشتووانی نیوزلاند نیشتەجێی ١٦ شاری ئەم وڵاتەن، نیوەی ئەم ڕێژەیە لە چوارشاری سەرەکی: ئوکلاند، ولینگتۆن، ھامیلتۆن و چراست چێرچ دەژین.

لە ساڵی ١٦٤٩دا دەریاوان «ئابڵ جانسۆن تاسمان» یەکەم ئەوروپی بوو کە پێی نایە کەنارەکانی نیوزلاند.

بەھۆی کۆژرانی چەندین مەلەوانی پاپۆرەکەی جانسۆن بە دەستی مائورییەکان بۆ ماوەیەکی زۆر ئەوروپییەکان بەم دورگەدا نەھاتنەوە ١٢٠ ساڵ پاش ھاتنی دەریاوان جانسۆن لە ساڵی ١٧٦٩ دەریاوانی بەریتانی «جەیمز کۆک» ڕێی کەوتە ئەم دورگەیە و لەم ڕێکەوتە بەدواوە پێوەندی ئەوروپی و مائورییەکان دەستی پێکرد.

لە سەدەی نۆزدە کۆچکردنی ئەوروپییەکان بۆ نیوزلاند دەستی پێکرد، ئەمانە زۆرتر گروپ گەلێکی ئاینی بوون کە لە سکۆتلاند و بەریتانیاوە ھاتبون، بەپێی ڕێکەوتنی حکوومەتی بەریتانیا و مائورییەکان لە ساڵی ١٨٤٠ ئەم وڵاتە بووە بەشێک لە ئیمپراتۆرییەتی بەریتانیا.

لە ساڵی ١٨٥٦ یەکەم حکوومەتی ئۆتۆنۆم لەم وڵاتەدا پێکھات و لە ساڵی ١٨٧٦ دەسەڵاتی ناوەندی دەستی بە سەرانسەری ئەم وڵاتەداگرت.

نیوزلاند لە ساڵی ١٩٠٧ سەربەخۆیی ڕاگەیاند بەڵام پۆستی ڕەمزی سەرۆکی حکوومەتی بۆ شاژنی بەریتانیا ھێشتەوە.

جێگری شاژن لەو وڵاتە سەرفەرمانداری گشتییە کە بە پێشنیاری سەرۆک وەزیر و بە دەنگی پەرلەمان ھەڵدەبژێردرێ.

لە ٩٥٪ ی خەڵکی نیوزلاد بە زمانی ئینگلیزی قسەدەکەن و ھەر ئەم زمانەش زمانی ڕەسمی وڵاتە.

جۆری دەسەڵاتی سیاسی نیوزلاند پاشایەتی سنوردارە و دیموکراسییەکی پەرلەمانی ھەیە.

سەرۆک وەزیر سەرۆکی حکوومەتە و لەلایەن پەرلەمانەوە ھەڵدەبژێردرێت، لە ھەڵبژاردنی گشتی کە سێ ساڵ جارێک بەرێوە دەچێت ،١٢٠ نوێنەری پارلەمان ھەڵدەبژێردرێن.

لە مارسی ٢٠٠٥ تا ئۆکتوبەری ٢٠٠٦ نیوزلاند تەنیا وڵات بوو لەجیھاندا کە سەرۆکی وڵات و سەرۆکی ھەرسێ دەزگا سەرەکییەکانی وڵات واتە دەزگای بەرێوەبەر و دەزگای یاسادانان و دەزگای داد، ژن بوون

لە مێژوودا نیوزلاند پێشەنگی نەھێشتنی جیاوزای ڕەگەزی بووە، ئەم وڵاتە یەکەم وڵاتی جیھان بووە کە مافی دەنگدانی ژنانی بە ڕەسمی ناسیوە، بەڵام تا ساڵی ١٩١٩ ژنانی ئەم وڵاتە نەیانتوانی خۆیان بۆ پەرلەمان بپاڵێون.

 

پلەو پێگەی نیوزلاند لە ڕووی پێوانە جیھانییەکانی گەشەکردن و پێشکەوتن، بە پشت بەستن بە چەندین لێکۆڵینەوەی زانستی بەردەوام لەرووەکانی پێوانەی گەشەکردنی مرۆیی، ئاستی ژیان، دڵخۆش بوون بە ژیان و ئاستی بەختەوەری و خۆشگوزەرانی گشتی، ھەڵسەنگاندنی ئاستی ژیان، ئازادی کاری ڕاگەیاندن، پێوەری گەندەڵی ئابوری، بەردەوام لە پێشەنگەکان بووە.

بەیاننامەیەک لە دووەمین دیداری گوڵەخانە
پێشت بەیاننامەیەک لە دووەمین دیداری گوڵەخانە
زانیاری لەسەر کەمکردنەوەی مووچە بڵاوکرایەوە
دواتر زانیاری لەسەر کەمکردنەوەی مووچە بڵاوکرایەوە
پەیوەندیدار