قوباد تاڵەبانی: ئەولەویەتی سەرەكیمان گەشەپێدانی كشتوكاڵە



جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە پێشوازی وەزیری کشتوکاڵی شانشینی ئوردنی ڕایدەگەیەنێت، ئامانجمانە لە وڵاتێکی بەکاربەرەوە ببینە وڵاتێکی بەرهەمهێنەر.

بەئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵی هەرێم و ستافی هەردوو وەزارەت و کونسوڵی گشتی ئوردن، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازی لە خالید موسا ئەلحەنێفات، وەزیری كشتوكاڵی ئوردن كرد و کۆبونەوەیەک ئەنجامدرا بۆ مەبەستی لە نزیکەوە تاوتوێکردن و برەودان بەهەماهەنگی و پەیوەندی کشتووکاڵی نێوان هەرێم و وڵاتی ئوردن لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاداشتی لێک تێگەیشتنەی، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە نێوان هەردوو لادا واژۆ کرا .

قوباد تاڵەبانی ڕوونیکردەوە، کە گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ، ئەولەوییەتی سەرەکی هەرێمی کوردستانە و ئامانجمانە لە وڵاتێکی بەکاربەرەوە ببینە وڵاتێکی بەرهەمهێنەر و دواتریش هەناردەکاری بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.

ئاماژەی بەوەشدا، لە قۆناغی یەکەمدا ئەولەوییەتی هەرێم، پڕکردنەوەی پێویستییەکانی بازاڕی ناوخۆی هەرێم و ناوچەکانی دیکەی عێراقە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگیدان بە پیشەسازی خۆراک کرا و لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا، لەم ساڵانەی دواییدا هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە هەنگاوی باشی ناوە و لە پلانیشدایە، کە زیاتر هانی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی بدرێت لەم کەرتەدا وەبەرهێنان بکەن.

لە تەوەرێکی دیکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پڕۆژەی “گەشتوکاڵ” کە لەم چەند ساڵەی دواییدا لەلایەن جێگری سەرۆک وەزیرانەوە گرنگی پێ دەدرێت و ئامانجی پڕۆژەکە بەهێزترکردن و ئاوێتە کردنی هەردوو کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزارە.

نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە دیاری كرا
پێشت نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە دیاری كرا
حكومەتی هەرێم هەڵوێستی لەسەر مووچە ڕاگەیاند
دواتر حكومەتی هەرێم هەڵوێستی لەسەر مووچە ڕاگەیاند
پەیوەندیدار