ئابوری ئیسرائیل زیانێکی بێ وێنەی بەرکەوتووە



دوای نزیکەی 11 مانگ لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسسی فەلەستینی لە غەززە لە لایەک و پێکدادان لەگەڵ حیزبوڵڵا لە بەرەی باکوور لە لایەکی دیکەوە، بەرکەوتە خراپەکانی ئابووری ئیسرائیل بە شێوەیەکی بێ وێنە ڕوو لەهەڵکشانە، بە پێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، بەردەوامی هێرشەکان و سووربوونی ناتانیاهۆ لەسەر درێژەدان بە جەنگ ئابوری ئیسڕائیلی نالەبار کردووە و کاردانەوەکانیش بە شێوەیەکی نەرێنی لە سەر ژیانی ئیسرائیلییەکان بەدەرکەوتوون.

 

ناتانیاهۆ هەوڵدەدات نیگەرانییەکانی ئیسرائیل کەم بکاتەوە و دەڵێت “زیانە ئابوورییەکانمان کاتین”، بەڵام ئاژانسە ئەمریکییەکە دەڵێت، کوشندەترین و وێرانکەرترین شەڕ تا ئێستا لە نێوان ئیسرائیل و غەززە ئەم شەرەیە کە لەئارادایە و زیانی بە هەزاران کاری بازرگانی بچووک گەیاندووە و متمانەی نێودەوڵەتیی بە ئابوورییەک لاواز کردووە کە سەردەمانێک وەک “داینامۆ” سەیر دەکرا.

 

هەندێک لە شارەزایانی باڵای ئابووری دەڵێن، ئاگربەست لە ئێستادا باشترین ڕێگایە بۆ ڕاگرتنی ئەو تێکچوونە ئابوورییەی سەرەتاکانی دەرکەوتوون، بەڵام ناتانیاهۆ ئەوە نابینێت.

 

کارنیت فلۆگ، سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندی ئیسرائیل، کە ئێستا وەک جێگری سەرۆکی توێژینەوە لە پەیمانگای دیموکراسی ئیسرائیل لە قودس کاردەکات، دەڵێت:ئابووری ئیسرائیل بەدەست دۆخێکی نادڵنیایی گەورەوە دەناڵێنێت، دۆخەکە دژوارتر دەبێت کاتێک نەزانرێ “جەنگەکە تا کەی بەردەوام دەبێت و بەکوێ دەگات.

 

شەڕ، کاریگەری زۆری لەسەر ئابووریی غەززە داناوە، لەکاتێکدا 90%ی دانیشتوانەکەی ئاوارە بووە و زۆرینەی ڕەهای هێزی کار بێکار بووە، هەروەها سەرجەم بانکەکانی ئەو کەرتە داخراون و زیاتر لە 40 هەزار فەلەستینی کە زۆربەیان هاووڵاتی مەدەنی بوون ژیانیان لە دەستداوە.

 

شەڕ لە غەززە و هێرشی ڕۆژانەی حزبوڵڵا لە لوبنان بووەتە هۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس لە ماڵ و حاڵی خۆیان بەدرێژایی سنوورەکانی باکوور و باشووری ئیسرائیل و زیانی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە.

 

لە ڕووبەڕووبوونەوە و قەیرانەکانی پێشوودا ئابووری ئیسرائیل لەو کاریگەرییانەی ڕووبەرووی دەبووەوە بەزووی دەهاتەوە سەرپێی خۆی، بەڵام ئەم شەڕ و ململانێیە درێژخایەنەی ئێستا لە ئارادایە، فشاری بێ وێنەی دروستکردووە، لەوانە تێچووی ئاوەدانکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی بنەماڵەی کوژراوەکان و خەرجی سەربازی یەدەگ و خەرجییە سەربازییە گەورەکان بۆ شەڕەکە.

 

شەڕی درێژخایەن و هەڕەشەی پەرەسەندنی زیاتر لەگەڵ ئێران و حزبوڵڵا کاریگەریی زۆری لەسەر کەرتی گەشتیاری داناوە، هەرچەندە کەرتی گەشتیاری بزوێنەری سەرەکی ئابووری نییە، بەڵام زیانەکانی بەرۆکی دەیان هەزار کرێکار و کاری بازرگانی بچووکی گرتووەتەوە.

 

دانیال جاکۆب، ڕێبەری گەشتیاری ئیسرائیلی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئەی پی وتویەتی: سەختترین شت ئەوەیە کە نازانین کەی شەڕەکە کۆتایی دێت، “پێویستە لە ئێستادا و پێش کۆتایی ئەمساڵ کۆتایی بە شەڕ بهێنرێت “.

 

جاکۆب تەمەن 45 ساڵ، لە مانگی نیسانی ڕابردوودا دوای شەش مانگ خزمەتی سەربازی وەک یەدەگ گەڕاوەتەوە، دەڵێت؛ بەهۆی شەرەوە ناچار بووە ئەو کۆمپانیایە گەشتیارییەی کە دوو دەیەیە پەرەی پێداوە دایبخات، بۆیە ئێستا هاوکاری لەحکومەت وەردەگرێت، ئەویش چەند مانگ جارێک نیوەی مووچەی پێش جەنگی پێدەدرێت.

 

لە قودس دا، نزیکەی هەموو دوکانەکان داخراون، لە بازاڕی کاڵابەکارهاتووەکانی حەیفا دا، جووڵەی کڕین و فرۆش وەستاوە و هێڵە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان گەشتەکانیان هەڵدەوەشێننەوە، هۆتێلەکان چۆڵن.

 

مائیر سەباغ، کە فرۆشیاری کەلوپەلی کۆنە لە بازاڕی شاری حەیفا دەڵێت: “ئەوەی ئیستا لە بازاڕدا هاتووەتە ئارا زۆر زۆر خراپترە لە سەردەمی پەتای کۆرۆنا”.

 

لە هەفتەی ڕابردوودا، بەندەری حەیفا کە پێشتر جووڵەیەکی کاریگەری تیدا بوو، ناوەندێکی سەرەکی هاوردە و هەناردەکردنی ئیسرائیل بوو کە زۆرجار کەشتییە زەبەلاحەکانی تێدا دەوستان، ئێستا چۆڵ بووە و  بەرپرسێکی بەندەر کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت باسی لەوە کرد؛ زۆرێک لە کەشتییەکان وازیان لە بەکارهێنانی بەندەرەکانی ئیسرائیل هێناوە وەک ناوەندی سەرەکی، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی دەرەنجامی خراپی پەلاماری حوسییەکان لە یەمەن، کە ئەو کەشتیانەی بە کەناڵی سوێسی میسردا تێدەپەڕن بە ئامانج دەگیرێن.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەندەرەکانی ئیسرائیل لە نیوەی یەکەمی ساڵدا زیاتر لە ٪16ی کەشتیوانی تیایدا کەمبووەتەوە، بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2023.

 

یاکۆڤ شەینین، ئابووریناسێکی ئیسرائیلیەو خاوەن ئەزموونی دەیان ساڵەی کاری ڕاوێژکارییە بۆ سەرۆک وەزیرە یەک لەدوای یەکەکانی ئیسرائیل و وەزارەتەکانی حکومەت ڕایگەیاندووە، کۆی تێچووی ئەو شەرەی لە ئارادایە دەتوانێت لە 120 ملیار دۆلار تێپەڕێت، کە دەکاتە 20%ی دەستهاتی گشتی ناوخۆی وڵات، ئەمەش پێوەرێکی ترسناکە بۆ چالاکییە ئابوورییەکان .

 

لە نێوان 38 وڵاتی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووریدا، ئابووری ئیسرائیل لە مانگی نیسانەوە تا مانگی حوزەیران بەرچاوترین خاوبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

 

پێشبینی دەکرا بەرهەمی ناوخۆیی ئیسرائیل لە ساڵی 2024دا بە ڕێژەی %3 گەشە بکات، بەڵام ئێستا بانکی ئیسرائیل پێشبینی دەکات ڕێژەی گەشەکردن بگاتە (1.5% –) بەمەرجێک ئەگەر ئەمساڵ شەڕەکە کۆتایی پێبێت، کە هێشتا ڕوون نییە، ئاخۆ ئاگربەست دێتە ئارا یاخود نا.

بەڤیدیۆ؛ پاسێكی خوێندكاران وەرگەڕا و 27 كەس بریندارن
پێشت بەڤیدیۆ؛ پاسێكی خوێندكاران وەرگەڕا و 27 كەس بریندارن
هاووڵاتییان لە لێخۆشبوونی قەرزە کەڵەکەبووەکان ئاگادار دەکرێنەوە
دواتر هاووڵاتییان لە لێخۆشبوونی قەرزە کەڵەکەبووەکان ئاگادار دەکرێنەوە
پەیوەندیدار