“بە قاچاخ تەماتە دێتە هەرێم”
تەماتەی پێنجوێن مشتومڕی دروست کردووە



ساڵانە لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکاندا، جوتیارانی سنووری قەزای پێنجوێن ناڕازیین لە ساغکردنەوەی بەروبومەکانیان، داوا دەکەن حکومەت لە بە بازاڕکردندا پاڵپشتییان بکات.

بە وتەی جوتیارانی سنووری پێنجوێن، بەرهەمی تەماتە لە پێنجوێن دەتوانێت پێداویستی ناوخۆ و تەنانەت شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش پڕبکاتەوە، بەڵام هاوردەکردنی تەماتە نیگەرانی کردوون و دەڵێن، “بازاڕی بەرهەمی ناوخۆ دەشکێنێت”.

بەپێی بەدواداچوونی “خەڵک” لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نرخی كیلۆیەك شوتی لە 900 بۆ هەزار دینارەوە بووەتە 400  دینار، كاڵەك لە هەزار و 100 دینارەوە ئێستا بە كەمتر لە 500 دینار دەفرۆشرێت و كولەكە نزیكەی 500 دینار لە نرخەكەی كەمبووەتەوە.

دابەزینی نرخی بەروبومە کشتوکاڵییەکان جوتیارانی نیگەران کردووە، بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی جوتیاران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە بەهۆی ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان ناچاربوون فڕێی بدەن، دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە.

هێمن ئیبراهیم، قائیمقامی قەزای پێنجوێن لەبارەی گرفتی جوتیارانی سنوورەکەوە بە (خەڵک)ی ڕاگەیاند، “چارەسەرکردنی گرفتی جوتیارانی سنووری پێنجوێن تەنها لە بەغدایە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵمانداوە کە لەگەڵ حکومەتی عێراق هەماهەنگی بکەین، تا بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێم لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق ساغبکرێنەوە، چونکە بەرهەم لە خواست زیاترە.

قائیمقامی قەزای پێنجوێن جەختی لەوەکردەوە، پێویستە ڕێگری لە هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە وەرزی پێگەیشتنیاندا بکرێت، لەگەڵ ئەوەی تەماتەی ئێرانی ڕێگری لێکراوە، دەبێت عەلوەکان هاوکار بن و وەری نەگرن، پێویستە لەلایەن لیژنەکانەوە چاودێری بکرێن و ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.

جوتیار خالید، جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی بە (خەڵک)ی ڕاگەیاند، خۆشبەختانە پارێزگای سلێمانی بووەتە پارێزگایەک کە زۆرترین بەرهەمی کشتوکاڵی لێ بەرهەمدەهێنرێت، کە ئەمەش خواستی ناوبازاڕ پڕ دەکاتەوە.

سەبارەت بە ساغکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی جوتیارانی سنوورەکە ئاماژەی بەوەکرد، ئێمە وەک وەزارەتی کشتوکاڵ ڕۆژمێری کشتوکاڵی دادەنێین، بۆئەوەی لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمەکاندا هاوردەکردن قەدەغە بکرێت یاخود باجی بخرێتەسەر.

جەختی لەوەشکردەوە، دەتوانین بڵێین بەهۆی ئەو ڕێکارانەی گرتوومانەتەبەر، تەماتەی پێنجوێن ناوبازاڕەکان دەفرۆشرێت و ئەمساڵ جوتیاران لە زەرەردا نیین، بەڵام هاووڵاتییان گلەیی نرخەکانمان لێدەکەن.

لەگەڵ ئەوەی بڕی ئەو تەماتەی لە پێنجوێن بەرهەمدەهێنرێت هێندە زۆرە نەک پێداویستی بازاڕی هەرێم بەڵکو دەتوانێت خواستی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش پڕبکاتەوە، جوتیار خالید وتی، “بۆ دابەزینی نرخ دەبێت هاوسەنگی لەنێوان خواست و خستنەڕوو ڕابگیرێت“.

ساڵانی ڕابردوو بەهۆی ساغنەکردنەوەی بەروبومەکانیان جوتیارانی سنوورەکە زەرەرێکی بەرچاویان بەردەکەوت، بەڵام وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم و عێراق هەماهەنگیان کردووە، کە لە وەرزی پێگەیشتنی بەروبومەکاندا بەپێی ڕۆژمێری کشتوکاڵی هاوردەکردن لە سنوورەکانەوە قەدەغە بکرێت، سوود لە بەروبومە کشتوکاڵییەکانی سنووری پێنجوێن ببینرێت بۆ پڕکردنەوەی خواستی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

ئاماژەی بەوەشکرد، خواست لەسەر بەرهەمی تەماتە بەپێی وەرزەکان گۆڕانی بەسەردا دێت، بۆ نموونە لە وەرزی هاویندا خەڵکی زیاتر حەزیان لەو خواردنانەیە کە بە تەماتە دروست دەکرێن، هەر بۆیە خواست لەسەری زیاد دەکات.

جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی ئاشکرای کرد، بڕیارە لە ١ی ئەیلوول-ەوە جارێکی دیکە هاوردەکردنی تەماتە قەدەغەدە بکرێت، هەر بۆیە ڕەنگە نرخەکەی جارێکی دیکە بەرزببێتەوە.

جوتیار خالید بە پیشەسازیکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی بە یەکێکی دیکە لە ڕێگە چارەسەرییەکان دانا، کە یارمەتی ساغکردنەوەی بەرهەمی جوتیاران و ناوخۆیی دەدات و وتی، “بەداخەوە تا ئێستا هیچ وەبەرهێنێک نەهاتووەتە پێشەوە”.

وتیشی، نرخی تەماتە ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بەرزترین نرخی هەیە و لەنێوان ١٥٠٠ بۆ ٢٠٠٠ دیناردایە، ساڵانی تر جوتیارەکان کیلۆی بە ١٠٠ بۆ ٢٠٠ دینار دەیانفرۆشت.

ئاماژەی بەوەکرد، تەماتە بە ٧٠٠ بۆ ١٠٠٠ دینار لە عەلوە دەفرۆشرێت، لەوێش ٢٠٠ دیناری دەخرێتەسەر، دواتر بە ١٢٥٠ بۆ ١٧٥٠ بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێت، لە کاتێکدا ساڵی پار نرخی کیلۆیەک تەماتە لەنێوان٧٥٠ بۆ ١٠٠٠ دینار بوو.

 

شاخەوان عەبدوڵا، دانیشتووی پێنجوێن بە (خەڵک)ی ڕاگەیاند، “خەڵک تا تەماتەی پێنجوێن هەبێت، تەماتەی هیچ شوێنێکی دیکە ناکڕن، لە ڕووی کوالیتی و تەندروستییەوە باشترین جۆری تەماتەیە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە نزیکەوە ئاگادار کاری جوتیارەکانین و بەرهەمی تەماتەیان هێندە زۆرە بەشی هەموو عێراق دەکات، بەڵام بەداخەوە ناتوانرێت ساغبکرێتەوە، داواکارین لە حکومەت لە وەرزی پێگەیشتنی تەماتەدا دەروازە سنوورییەکان دابخات.

حكومەتی فیدراڵی عیراق، لە سەرەتای تەمموزەوە بەهۆی مەراسیمەكانی مانگی موحەرەم و یادەكانی شەهیدكردنی ئیمام حوسێن و زیارەتكارانی شیعەوە، دەروازەكانی بەڕوی بەشێك لە بەروبوومە كشتوكاڵییەكاندا كردووەتەوە لە نێویاندا شوتی و كاڵەك و خەیار و پیاز.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی پارێزگای سلێمانی، ڕووبەری چێنراو ٢٦ هەزار دۆنم زەوییە لە سنووری پێنجوێن، شارەزوور و بازیان و چەند ناوچەیەکی دیکە، ساڵانە ٩١ هەزار تۆن تەماتەی لێ بەرهەمدەهێنرێت، بەمەش دەتوانێت ٪٧٥ بەرهەمی ناوخۆ پڕ بکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ٢٩ هەزار تۆن هاوردە دەکرێت.

 

 

 

 

ئاگادارییەک بۆ ئەو هاووڵاتییانەی دەچنە ئێران
پێشت ئاگادارییەک بۆ ئەو هاووڵاتییانەی دەچنە ئێران
ئاسایشی سلێمانی دەربارەی شەڕەتەقەکەی گەڕەکی سەرچنار ڕوونکردنەوە دەدات
دواتر ئاسایشی سلێمانی دەربارەی شەڕەتەقەکەی گەڕەکی سەرچنار ڕوونکردنەوە دەدات
پەیوەندیدار