پێوەرەکانی شیاوبوون بۆ پەرلەمانتارێتی چیین؟



بڕیارە لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، چەندین حزب و هاوپەیمانێتی بەشداری تێدا دەکەن.

کاندیدەکان کە خۆیان بۆ پەرلەمان دەپاڵێون یەکێکن لە کارەکتەرە سەرەکیەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردن، کە بە لیستی حزبی یان وەک سەربەخۆ خۆیان بۆ ئەندامێتی پەرلەمان دەپاڵێون.

بە بڕوای شارەزایان خۆکاندیدکردن بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکان کارێکی ئاسان نییە و پێویستی بە چەندین لێهاتوویی و کارامەیی و توانای دارایی و پێگەی جەماوەری هەیە.

 

ڕێواز فایەق، سەرۆکی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیای خەڵک ئاماژەی بەوەکرد، “بڕواناکەم نەک لە هەرێمی کوردستان بەڵکو لە تەواوی جیهان، ئەوانەی دەچنە پەرلەمان ٪١٠٠ بتوانن ئەرکەکانیان جێبەجێبکەن”.

ڕاشیگەیاند، خول لە دوای خولی پەرلەمانی کوردستان لە یەکەمەوە بۆ پێنجەم، ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی کە دەتوانن ئەرکەکانیان جێبەجێبکەن بەرەو کەمبوونەوە دەچێت و لە پەنجەکانی دەست تێناپەڕێت.

 

د. تاریق جەوهەر سارمەمی، شارەزا لە کاروباری پەرلەمان لە لێدوانێکی تایبەتتدا بە تۆڕی میدیای خەڵکی ڕایگەیاند، “هەر کەسێک پێش ئەوەی بچێتە پەرلەمان دەبێت پلان و بەرنامەی ڕوون بێت، نەک تەنها ئامانجیان ئیمتیازاتی ماددی بێت”.

ئاماژەی بەوەکرد، ئەرکی پەرلەمانتارێتی و بوون بە جێگەی متمانەی خەڵک ئاسان نییە، بۆیە دەبێت ئەو کەسانەی دەچنە پەرلەمان خاوەنی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی باش بن، ئاگاداری سیستمی سیاسی و یاسادانان بن.

ئەو کەسایەتییانەی کە خۆیان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پاڵاوتووە، کە کەسایەتی دیاری ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانن، باس و خواستی پێوەرەکانی بوون بە پەرلەمانتارێتی بەدوای خۆیدا هێناوە.

 

ئاستەنگییەکانی خولی پێشووی پەرلەمان چی بوون؟

لەبارەی گرفتەکانی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستانەوە ڕێواز فایەق وتی، هەموو پەرلەمانتارەکان لە ئامادەکردنی پێشنیازە یاساکان و ڕاپۆرتەکان ئامادەنەبوون، لە هۆڵی پەرلەمانیش بەشداری گفتوگۆکانیان نەدەکرد و چەواشەکاریان دەکرد.

باسی لەوەکرد، لیژنەکانی پەرلەمان نەیاندەتوانی ڕاپۆرتەکانیان ئامادەبکەن، بۆیە بە ناچاری خۆم ئامادەم دەکرد، شانسی ئەوەم هەبوو کە هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرام لە یاسا، دوو خول لە پەرلەماندا بووم هەر بۆیە شارەزاییەکی باشم هەبوو، خۆمان پێشنیازەیاسامان ئامادە دەکرد و دەماندا بە پەرلەمانتارەکان لە کاتێکدا دەبوو ئەوان ئامادەی بکەن و بیدەن بە ئێمە.

وتیشی، هیوادارم ئەوەی من لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بینیم، ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان لە خولی شەشەم نەیبینێت، لە جیاتی ئەوەی ١٠ کەس بەشداربن لە پڕۆسەی یاسا دانان، ٨٥ کەس بەشداربن.

باسی لەوەشکرد، لە خولی پێشوودا بەشێک لە پەرلەمانتارەکان چەواشەکارییان دەکرد، هۆکار بوون لە بێبەهاکردنی ڕۆڵی پەرلەمان، لەگەڵ ئەوەشدا حزبە باڵادەستەکان بەردەوام هەوڵیان دەدا حکومەت جوان بکەن و پەرلەمان ناشرین بکەن و وەک سەرچاوەی کێشەکان نیشانی بدەن.

لەبارەی لەدەستدانی متمانە بە پەرلەمان تاریق جەوهەر باسی لەوەکرد، ئەو کەسانەی خۆیان دەپاڵێون پێویستە هەندێک دروشمی گەورە هەڵنەگرن کە ئەرکی حکومەتە و بە پەرلەمانتاران جێبەجێ ناکرێن، بۆیە دەبینین لە سەرەتادا بەڵێنی گەورە دەدەن، دواتر تەنانەت وەڵامی تەلەفۆنیش نادەنەوە.

 

گرفتی مەرجەکانی چوونە نێو پەرلەمان چیین؟

ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی مەرجەکانی کۆمسیۆنەوە بۆ تۆڕی میدیای خەڵک ئاماژەی بەوەکرد، مەرجەکان لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کراوە، کە پێویستە ئەو کەسە خوێندنەوە و نووسین بزانێت، سزای بەسەردا نەسەپێنرابێت و تەمەنی گەیشتبێتە ٢٥ ساڵ.

بە پشتبەستن بە ماددەی بیستەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان- عێراق ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢، پێویستە پاڵێوراو ئەم مەرجانەی تێدابێت:

١- هاووڵاتیی کوردستان- عێراق بێت و لێی نیشتەجێ بێت

٢- گەیشتبێتە تەمەنی ٢٥ ساڵ

٣- خوێندنەوە و نووسین بزانێت

٤- بە هیچ جۆرە جەریمەیەک حوکمی سجن نەدرابێ، کە لە ڕەوشت و ئادابی گشتی و دەستپاکی لایدابێت.

٥- بە جەریمەی کوشتنی دەست ئەنقەست یان دزی حوکمی سجن نەدرابێ.

٦- لەو جەریمانەدا بەشداری نەکردبێ کە دەسەڵاتی سەرکوتکار لە کوردستاندا پلانی بۆ دانابێت یان ئەنجامی دابێت.

 

ڕێواز فایەق جەختی لەوەکردەوە، بێگومان ئەو کەسەی دەچێتە پەرلەمان پێویستە بڕوانامەی هەبێت، چونکە دەبێتە یاسا دانەر، ئێستا پەرلەمانی عێراق هەبوونی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی کردووەتە مەرج، کە تەنها ٪٢٠ پەرلەمانتاران لەوانەن کە بڕوانامەیان نییە، ئەوەش بۆئەوەی نوێنەرایەتی سەرجەم چین و توێژەکان بکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی ئەو لێشاوی پۆپۆلیستییەی کە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، تەنها ئەو کەسانە دەتوانن لە پڕۆسەی چوونە نێوپەرلەمان سەرکەوتووبن، کە لە ڕاگەیاندنەکاندا باش قسە دەکەن و پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا بەکاردەهێنن، لە کاتێکدا خەڵک هەبووە خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا بووە دەنگی نەهێناوە.

تاریق جەوهەر لەوبارەیەوە وتی، بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان دەبینین بەشێک لە ئەندامانی حزبەکان کادرەکانیان نەخوێندەوارن، یاخود بڕوانامەی بنەڕەتییان هەیە، هەر بۆیە ناڕازی بوون لە زیادکردنی هەبوونی مەرجی بڕوانامە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە وڵاتانی ئەوروپی پەرلەمانتارەکان چەندین خول دەمێننەوە بۆ کارکردن و بەدەستهێنانی ئەزموون، بەڵام لای ئێمە ئەندام پەرلەمانەکان دەچنە پەرلەمان بۆ ڕازیکردنی حزبەکانیان، دوو ساڵی یەکەم هیچ لە پەرلەمان نازانن، لە چوارەم ساڵییاندا لە ئەرکی پەرلەمانتاری تێدەگەن، ئەو کاتەش حزبەکان لایان دەبەن و کەسی نوێ دادەنێن.

وتیشی، پەرلەمان بووەتە شوێنی هەلی کار بۆ کادرە بێکارەکانی حزب و لایەنە سیاسییەکان، دێن بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بۆ حزبێکی دیاریکراو، نەک بۆ ئەنجامدانی کاری پەرلەمانتارێتی، لە کاتێکدا گرفتی نەبوونی کەسانی پسپۆڕی هەیە، کە لە لیژنە تایبەتمەندەکاندا بتوانن ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەر بگێڕن.

ڕێواز فایەق ئەوەشی خستەڕوو، حزبە سیاسییەکان بڕیار لە دانانی پاڵێوراوەکانیان دەدەن بۆ چوونە نێو پەرلەمان، لەگەڵ هۆشیاری دەنگدەر، خێڵ و هۆز و بنەماڵە ڕۆڵی هەیە لەوەی کێ دەبێتە ئەندامی پەرلەمان، بەڵام میدیاش دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە هۆشیار کردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە لەوەی کێ دەکەن بە نوێنەری خۆیان.

 

سەرۆکی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، کە پەرلەمانتارەکان لە پێشنیازە یاساکان تێنەدەگەیشتن، نەیاندەتوانی ڕاپۆرتی لیژنەکان بنووسن، نزیکەی  ١٠ پەرلەمانتاریش بەشداری گفتوگۆکانیان دەکرد.

لە کاتێکدا بەپێی سایتی پەرلەمانی کوردستان، لە کۆی ١١١ پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، تەنها ٩ پەرلەمانتار خاوەنی بڕوانامەی دکتۆران، بڕوانامەی ماستەر ١٧، بەکالۆریۆس ٥٣، دیبلۆم ٧، ئامادەیی ٧، بێ بڕوانامە ٨، دەرچووی کۆلێژی شەریعە ٢، کۆلێژی سەربازی ٢.

لەگەڵ ئەوەشدا یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کە خاوەنی ٥ کورسی بوو، لە دانیشتنی ژماره (١)ی ئاسایی خولى به‌هاره‌ى ڕۆژی ٢٠٢٣/٣/١ بەشداری دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستانی نەکرد، پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ-ش لە حزبەکەی جیابۆوە.

28 زیارەتکاری پاکستانی گیانیان لەدەستدا
پێشت 28 زیارەتکاری پاکستانی گیانیان لەدەستدا
رێگایەكی سەرەكی هەولێر دادەخرێت و شۆفێران ئاگاداردەكرێنەوە
دواتر رێگایەكی سەرەكی هەولێر دادەخرێت و شۆفێران ئاگاداردەكرێنەوە
پەیوەندیدار