سۆران عومەر: تا ئێستا یەک دینار بۆ مووچە ڕەوانەی هەرێم نەکراوە



ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی مووچەی مانگی تەمموزەوە دەڵێت، “پێویستە شاندی هەرێم بچێتە بەغدا، تا ئێستاش یەک دینار بۆ هەرێم نەنێدراوە”.

ئەمڕۆ سێ شەممە، سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق هۆکاری دواکەوتنی مووچەی مانگی تەمموز دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی کە حکومەتی هەرێم هەموو مانگێک لە لیستی مووچە دەیکات.

ئاماژەی بەوەکرد، گۆڕانکارییەکان وردبینی لیستی مووچەی قورس کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو تێبینیانەی مانگەکانی پێشوو وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر لیستی مووچە هەیانبووە چاک نەکراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاندووە، کە هەموو مانگێک لەسەر بەرپرسیاریەتی خۆیان مووچەیان ڕەوانەی هەرێم کردووە، چونکە لیستەکان گرفت و کەموکوڕتی زۆری تێدایە.

سۆران عومەر لە قسەکانیدا ئاشکرای کرد، کە تا ئێستا یەک دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە ڕەوانە نەکراوە، بەڵام وەزارەتی دارایی دەڵێت ئامادەکارییان بۆ خێراکردنی ڕێکارەکانی ڕەوانەکردنی مووچە کردووە.

وتیشی، ئەو لیژنەیەی بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان پێکهێنراوە تا ئێستا کارەکانیان تەواو نەکردووە.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاشیگەیاند، پێویستە شاندی باڵای حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکات و ڕاستگۆیانە کار بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بۆ بەبانکیکردنی مووچە بکات، ئەگەر نا گرفتی مووچە چارەسەر نابێت.

ئەمەش لە کاتێكدایە، نزیکەی ٤٠ ڕۆژ دەبێت مووچە دابەشنەکراوە، لەگەڵ ئەوەی نزیک دەبینەوە لە مانگی ئەیلوول، بەڵام تا ئێستا دیار نییە کەی مووچەی مانگی تەمموز دابەشدەکرێت.

 

هاتووچۆی هەڵەبجە ڕوونکردنەوە لەبارەی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی دەدات
پێشت هاتووچۆی هەڵەبجە ڕوونکردنەوە لەبارەی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی دەدات
کۆمپانیای دانە غاز گرێبەستی کۆمپانیایەکی کێڵگەی کۆرمۆر ھەڵدەوەشێنێتەوە
دواتر کۆمپانیای دانە غاز گرێبەستی کۆمپانیایەکی کێڵگەی کۆرمۆر ھەڵدەوەشێنێتەوە
پەیوەندیدار