دۆلار كاسبكارانی پەرێشانكردووە



بازاڕ سستبووە، سستبوونێك بەهۆی ترسی هەمووان لە كڕیاران و فرۆشیارانەوە لە ناسەقامگیری نرخی دۆلارەوە سەریهەڵداوە، چونكە ئێوارە نرخی دۆلار جۆرێكە بە یانی دوای لەخەوهەستان بەجۆرێكە، ئێوارە قازانج دەكەن بەیانی زیان، ئەمە گوزەرانی مامەڵەكارانە، بۆیە زۆرینەی بازاڕكاران دەڵێن دانیشتن باشترە لە زیانكردن.

زۆرێك لە دووكانداران و كاسبكاران لەنێو بازاڕدا جۆرێك لە سستی بەكارەكانیانەوە دیارە، چونكە زۆرینەیان مامەڵە و كڕینیان بەتایبەت لە دەرەوەی وڵات بەدۆلارە، بەڵام فرۆشتنیان لەناوخۆ بە دینارە، ئەمە حساباتی كاسبكارانی تێكداوە.
لەلایەكی دیكەوە هاووڵاتیانیش بە گشتی كڕینیان كەمكردووەتەوە، ئەوەی دۆلاری هەیە دەستی بەسەرداگرتووە و نایفرۆشێت لە ترسی بەرزبوونەوەی زیاتر، ئەوانەی دیكەش بە وریاییەوە مامەڵەی كڕین و فرۆشتن دەكەن، دەڵێن ڕەوشەكە زۆر ناسكە.
ئەمڕۆ جارێكی دیكە بەهای دۆلار بەرز بووەوە بە جۆرێك 100 دۆلار بە 157 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت، ئەمە دوای ئەو هیوایانە بوو كە دوای پشووەكانی سەری ساڵ نرخی دۆلار ئاساییدەبێتەوە.

بەبڕوای خاوەنی یەكێك لە نوسینگەكانی دراو لە سلێمانی، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بازاڕی وەستاندووە.

كامەران عەلی، لە نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوی یۆرۆ لە سلێمانی بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ جارێكی دیكە نرخی دۆلار بەرزبووە و 100 دۆلار گەیشتە 157 هەزار دینار، ئەوەش بازاڕی دۆلاری وەستاندووە .

لەبارەی هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە كامەران عەلی دەڵێت، هۆكارەكە سیاسییە پەیوەندی بەو ئابڵوقەیەی ئەمریكاوە هەیە كە خستوویەتییە سەر هەندێك بانك و پارەكانی سڕكردوون، كە نزیكەی 15 بانكن و پارەیان سپیكردوەتەوەوە و ناردوویانەتە دەرەرەوەی عێراق.

دەشڵێت یەكێكی دیكە لە هۆكارەكان، بانكی ناوەندییە كە بڕیاریداوە ئەمڕۆ پارە بۆ حەواڵە تەرخان نەكات.

لە كۆتایی ساڵی 2022 دا نرخی دۆلار ناجێگیر بوو، بەردەوام نرخەكەی لە هەڵكشاندا بوو بەجۆرێك لە ماوەی دوو هەفتەدا نرخی 100 دۆلار لە 148 هەزار دینارەوە بۆ 160 هەزار دینار بەزبووە وە، دواتر نرخەكەی بۆ 151 هەزار دینار دابەزی، بەڵام ئەمڕۆ جارێكی دیكە نرخەكەی بەرزبووەوە.

جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی شاری سلێمانی ڕایگەیاند، بانكی ناوەندیی عێراق بۆ ئەمڕۆ 127 ملیۆن‌و 202 ھەزار دۆلار دەخاتە ڕوو، لەو پارەیەش تەنھا 47 ملیۆن‌و 512 ھەزار دۆلاری بۆ حەواڵە تەرخانكردووە، بەڵام بۆ سبەینێ پێنجشەممە ھیچ بڕە دۆلارێك بۆ حەواڵە نافرۆشێت، تەنھا 43 ملیۆن ‌و 500 ھەزار دۆلار بەنەقدی دەفرۆشێت، ئەمەش بڕێكی زۆركەمە پێویستی‌و خواستی بازار پڕناكاتەوە.

 

لەلوبنان ڕفاندن بۆ پارە زیادیكردووە
پێشت لەلوبنان ڕفاندن بۆ پارە زیادیكردووە
ئەمریكا لەنزیكبوونەوەی توركیا و دیمەشق نیگەرانە
دواتر ئەمریكا لەنزیكبوونەوەی توركیا و دیمەشق نیگەرانە
ەیوەندیدار