ئەمریكا لەنزیكبوونەوەی توركیا و دیمەشق نیگەرانە



 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، ئێستا “گونجاو نییە” بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ دیمەشق، ئەمەش دوایین هەڵوێستی ئەمریكایە بەرامبەر بە دانوستانەكانی ئەم دواییەی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق بە نێوەندگیری رووسیا.

نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاوە، لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە هەڵوێستی واشنتۆن سەبارەت بە هەوڵەكانی ئاساییكردنەوەی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، وتی: ئێمە پاڵپشتی وڵاتان ناكەین كە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ سوریا ببەنەپێشەوە، یان پشتیوانی بۆ چاكسازی دیكتاتۆری دڕندە بەشار ئەسەد دەرببڕن.

ئاماژەی بەوەشكرد، واشنتۆن داوا لە وڵاتان دەكات بە وردی تەماشای “تۆماری ترسناكی مافی مرۆڤ”ی رژێمی ئەسەد بكەن لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا.

پرایس پێیوابوو كە “رژێمی ئەسەد” بەردەوامە لە ئەنجامدانی “كارە ئابڕوبەرەكانی” دژ بە گەلی سووریا و رێگریكردنیان لە رۆشتنی یارمەتییە مرۆییەكان بۆ “رزگاركردنی ژیان”ی خەڵكی سووریا.

جەختیشی كردەوە “ئەمریكا پشتیوانی لە چارەسەری سیاسی دەكات بە سەركردایەتی سووریا بەگوێرەی بڕیارنامەی ژمارە 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان و بەردەوام دەبین لە كاركردن لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان، بۆ دڵنیابوون لەوەی كە چارەسەرێكی سیاسی بەردەوام بەدەستبهێنین.”

چوارشەممەی رابردوو وەزیرانی بەرگری دیمەشق و ئەنقەرە لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەكانیان لە مۆسكۆ كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە چەند دۆسیەیەك كرا سەبارەت بە سەروەری سووریا و ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا لە ناوچەكانی سووریا، بەپێی ئەوەی میدیای ئەو وڵاتانە رایانگەیاندووە.

هەروەها ئەنقەرە و دیمەشق تاووتوێی دانانی كارنامەیەكیان بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەك لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی لە داهاتوودا دەكەن.

پرایس ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمریكا ئەو كۆبوونەوەیە بە بەشدارییەكی سێ قۆڵی دەبینێت كە سووریا و توركیا و فیدراسیۆنی رووسیای لەخۆگرتبوو، ئاماژەی بەوەشكرد، “لەكاتێكدا سیاسەتەكەمان هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە”.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە وەڵامەكەیدا سەبارەت بەوەی ئایا ئەمریكا لەوبارەیەوە قسەی لەگەڵ توركیا كردووە یان نا، وتی: ئێمە دووپاتی دەكەینەوە كە كاتی ئێستا كاتێكی گونجاو نییە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی پەیوەندییەكان.

ئاماژەی بەوەشكرد “واشنتۆن داوا لە هەموو وڵاتان دەكات ئەو تۆمارە ترسناكەی مافی مرۆڤ لەبەرچاو بگرن كە رژێمی ئەسەد لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا بەسەر گەلەكەی خۆیدا سەپاندوویەتی”.

دۆلار كاسبكارانی پەرێشانكردووە
پێشت دۆلار كاسبكارانی پەرێشانكردووە
لە سویسڕا پێشەنگایەكی فۆتۆگرافی تایبەت بە هەرێم دەكرێتەوە
دواتر لە سویسڕا پێشەنگایەكی فۆتۆگرافی تایبەت بە هەرێم دەكرێتەوە
ەیوەندیدار