ئیلۆن مەسک: ئێمە هەوڵی ئاشتیمان دا، بەڵام ئێستا شەڕ دەستی پێکردووە



ئیلۆن مەسک بەهۆی ئەو زیانانەی کە بەر کۆمپانیاکەی کەوتووە، لەسەر پلاتفۆڕمی X نووسینێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، “ماوەی دوو ساڵ هەوڵی ئاشتیمان دا، بەڵام ئێستا شەڕ دەستیپێکردووە”.

ملیاردێری ئەمریکی ئیلۆن مەسک کە لە دوای دەستبەسەرداگرتنی پلاتفۆرمی بەناوبانگی تویتەر دوو ساڵ لەمەوبەر زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، لەسەر پلاتفۆڕمی X نووسیویەتی، “ماوەی دوو ساڵ هەوڵی ئاشتیمان دا، بەڵام ئێستا شەڕ دەستیپێکردووە”.

ئیلۆن مەسک، ڕەخنەی توندی ئاراستەی کۆمپانیاکانی ڕیکلام کردووە کە تۆمەتباریان کردووە بە پەرەپێدانی ناوەڕۆک دژی جوولەکە، بەهۆی زیانەکانەوە داوا دەکات بچنە بەردەم دادگا.

کۆمپانیای ئێکس سکاڵای یاسایی لە دژی هاوپەیمانییەکی جیهانی ڕیکلام و چەند کۆمپانیایەکی گەورە تۆمارکردووە، لەوانە یونیلیڤەر و مارس و سی ڤی ئێس هێڵت.

ئەم کۆمپانیایانە تۆمەتبار کرابوون بەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی پیلانگێڕییان ئەنجامداوە بۆ پشتگوێخستنی پلاتفۆڕمی X، کە بووەتە هۆی لەدەستدانی داهاتی کۆمپانیاکە، هەروەها پلاتفۆرمەکە ئەم لایەنانەی بە “بایکۆتی بەرفراوانی ڕیکلامکەران” تۆمەتبار کردووە.

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە کۆمپانیا گەورەکانی وەک دیزنی، ئەپڵ، کۆمکاست، وارنەر برۆس دیسکۆڤەری، هەروەها کۆمپانیاکانی دیکە ڕیکلامەکانیان لەسەر “X” ڕاگرت، بەهۆی نیگەرانییەکانیان لەو ناوەڕۆکانەی لە دژی جولەکە بڵاودەکرێتەوە.

لە دوای کڕینی تویتەرەوە، مەسک چەندین جار شەری ڕاگەیاندووە، جا لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی ڕیکلام، سیاسەتمەداران، یان هەندێک ڕێکخراو و کۆمەڵەی ناحکومی بێت.

ئیلۆن مەسک بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە، کە پلاتفۆرمەکەی تاکە پلاتفۆرمە کە ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕین دەپارێزێت، هەروەها ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات بۆچوونەکانیان بەبێ سنووردارکردن بڵاوبکەنەوە، بە پێچەوانەی میدیای تەقلیدییەوە.

وەزارەتی پەروەدە خوێندکارانی پۆلی 12 ئاگادار دەکاتەوە
پێشت وەزارەتی پەروەدە خوێندکارانی پۆلی 12 ئاگادار دەکاتەوە
لە نووسراوە فەرمییەکاندا “قەرەھەنجیر بە ڕەبیع” ناودەبرێت
دواتر لە نووسراوە فەرمییەکاندا “قەرەھەنجیر بە ڕەبیع” ناودەبرێت
پەیوەندیدار