لە عێراق و هەرێم هەنگاو بۆ هەرزان كردنی نرخی نان و سەموون دەنرێت



لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەست بە بەرهەمهێنانی ئاردی سفری ناوخۆیی كراوە و وەك وەزارەتی بازرگانی عێراق دەڵێت: “نزیك بوونەتەوە لە ئاستی خۆبژێوی” و بڕیاریش دراوە لە پێناو هەرزان كردنی نرخی نان و سەموون، كە 10 دانەی بكرێت بە هەزار دینار، لە بەرامبەردا ئاردی سفر بدرێت بە نانەواخانە و سەموونخانەكان و نرخی كارەبا و سووتەمەنییان بۆ هەرزان بكرێت.

تالیب حەسەن، بەڕێوەبەری پلان و بەدواچوون لە وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاشكرای دەكات، ژمارەی فڕن و نانەواخانە و کاری هەویرکاری لە بەغدا و پارێزگاکان گەیشتووەتە نزیکەی 30 بۆ 35 هەزار، لەو ژمارەیەش 22 هەزاریان مۆڵەتیان هەیە.

نان و سەموون 10ی دەبێت بە هەزار دینار
محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ (بغداد الیوم) ڕایگەیاندووە، نرخی نان و ساموون لە ئەستۆی وەزارەتی بازرگانی نییە، بەڵکو کاردەکەین بۆ بەدواداچوون بۆ نانەواخانە و فڕنەکان لە ناوچە جیاجیاکانی وڵات، بە مەبەستی کەمکردنەوەی نرخی نان بەجۆرێک، کە ١٠ نان و ساموون بە هەزار دینار بێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، “هەماهەنگیمان لەگەڵ نانەواخانە تایبەتەکان و فڕنەکان هەیە، کە کاریان کردووە بۆ کەمکردنەوەی نرخ و بەرزکردنەوەی لە ٦ بۆ ٨، ئێستاش نرخی کیسەیەک ئاردی عێراقی ١٥ هەزار دینارە، بەڵام بەشێک لە نانەواخانەکان گلەیی لە نرخی هاوردەکراو دەکەن، کە تا ئێستاش ٢٨ هەزار دینارە و ڕێوشوێنی خێرامان گرتەبەر بۆ ئەوەی تەنها پشت بە ئاردی ناوخۆیی ببەستین، كە ئەمەش جارێکی دیکە بەشدار دەبێت لە کەمکردنەوەی نرخی نان و سەموون”.

لای خۆشیەوە، ڕێكان جەمال، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە لە لێدوانێكی پێشوویدا (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە بەشێكی زۆر لە نانەواخانەوە و فڕنەكانی سەموون (8 نان یان سەموون) كراوەتەوە بە هەزار دینار، بەڵام هەندێكی دیكە ماوە.

وتیشی، “لە ڕێگەی ڕاپۆرتی لیژنە هاوبەشەكانەوە داوا لە قائیمقامیەتی سلێمانی دەكەین، لە ڕێگەی بڕیارێكەوە، 8 نان و سەموون بە فەرمی بكرێتەوە بە هەزار دینار بەهەمان كێش و كوالێتی جاران”.

بەپێی بڕیارێك، كە لە ماوەی ڕابردوودا مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەریكرد، دەبێت نرخی 10 نان و سەممون بكرێت بە هەزار دینار و لە بەرامبەر ئەوەشدا حكومەتی هەرێم ئاردیان بە نرخی پاڵپشتی كراو بۆ دابین دەكات و نرخی سووتەمەنی و كارەبایان لەسەر هەرزان دەكات.

بڕیارەكە بەجۆرێكە، نان و سەموون، كە كێشیان لە 90 بۆ 100 گرامە بڕی 10 دانەی دەكرێتە هەزار دینار و ئەوەشی كێشی لە 120 بۆ 130 گرامە بڕی 8 دانەی دەكرێتە هەزار دینار.

عێراق ئاردی سفر بەرهەم دەهێنێت
ساڵانە وەزارەتی بازرگانی عێراق پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەستپێدەكات، كە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە و بۆ هەر تۆنێك بڕی 850 هەزار دینار دەدات بە جوتیاران و دواتر لە شارەكانی عێراق و هەرێم ئەو گەنمە لە ئاشەكان دەكرێتەوە بە ئارد و لەچوارچێوەی بەشەخۆراكی هاووڵاتیان دابەش دەكرێت.

وەزارەتی بازرگانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەرهەمهێنانی ئاردی سفری دانەوێڵەی ناوخۆیی دەستیکردووە بە ڕکابەریکردن لەگەڵ هاوردەکراوەکان و دەڵێت: “نرخی یەک کیسە دەگاتە 29 هەزار دینار”.

حەیدەر نوری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە وتویەتی، “پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ئاردی سفر لە ناوخۆدا پڕۆژەیەکی گەورەیە، کە بە ڕوونی و ڕوون و ئاشکرا لە لایەن سەرۆکی حکومەتەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزیری بازرگانی و کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵە پەسەند کرا”.

وتیشی، “ئێمە 86 هەزار تۆن گەنمی ئوسترالی و ڕوسیمان هاوردەکرد، 36 هەزار تۆن ئوسترالی و 50 هەزار تۆن ڕوسیمان هاوردەکرد” و جەختیشی كردەوە، ئەو چوار ئاشەی ئاردی سفری دانەوێڵە بەرهەمدەهێنن دەستیان بە کارکرد و دەستیانکرد بە بەرهەمهێنان و ڕکابەریکردن لەگەڵ ئاردی تورکی، ئیماراتی و کوێت.

بەپێی وتەی حەیدەر نوری، “بڕێکی زۆر هەیە کە لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە هاوردەی دەکەین، بڕی2.5 بۆ ٣ ملیۆن تۆن ئاردی ئەو وڵاتانە هاوردە دەكرێت و کاردەکەین بۆ بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە ئاردە لە ناوخۆی عێراق و بەوەش ئەو بڕە پارانەی دەدرێت بۆ هاوردەکردنی ئارد، کە دەگاتە 1.5 ملیار دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ ناوخۆی وڵات”.

تالیب حەسەن، بەڕێوەبەری پلان و بەدواچوون لە وەزارەتی بازرگانی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی (الصباح)ی فەرمی ڕایگەیاند، پێشتر ئاردی سفر لە دەرەوە هاوردە دەکرا، بەڵام دوای راسپاردەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە پشتیوانکردنی کەرتی تایبەت بۆ بەرهەمهێنانی ئاردی سفر، لە ئێستادا لە ناوخۆدا بە رێژەی لە 50% ئاردی سفر بەرهەمدەهێنرێت.

“ئاردی ناوخۆ كێبڕكێی ئاردی هاوردە دەكات”

حەیدەر نوری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە ڕایگەیاند، “کیسەیەک ئاردی سفر دانەوێڵە، کە لە عێراق بەرهەم دەهێنرێت بە ٢٩ هەزار دینار دەفرۆشرێت، لە کاتێکدا کیسەیەک ئاردی تورکی دەگاتە ٣٥ هەزار دینار، ئەمەش جیاوازییەکی گەورەیە لە نێوان ئەو دوو نرخەدا و هەروەها ئاردی ناوخۆ باشترە لە هاوردە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئاردی زەردی هاوردەکراو ماددەی زیادکەری تێدایە، کە ڕەنگە زیان بە تەندروستی هاووڵاتیان بگەیەنێت، لەکاتێکدا گەنم ئێستا، کە هاوردە دەکرێت و لە ناوخۆدا دەکرێت بە ئارد، بێ هیچ زیادکردنێکە و بۆ تەندروستی مەترسی نییە”.

لای خۆشیەوە، نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم ڕایگەیاند، دەستكراوە بەدابەشكردنی ئاردی بەشەخۆراك بەسەر هاووڵاتییان و كوالێتی زۆر باشە و گونجاوە بۆ بەكارهێنان، چونكە پێش دابەشكردنی تاقیكراوەتەوە.

هاوکات نەوزاد شێخ کامیل داواشی لەهاووڵاتییان كرد بە گشتی و بەتایبەت ئەوانەی نان دەكەن، ئاردی بەشەخۆراك بەكاربهێنن، چونكە زۆر باشە و گرفتی نییە.

هاوكات، تالیب حەسەن، بەڕێوەبەری پلان و بەدواچوون لە وەزارەتی بازرگانی ئاشكرای كردووە، ئاشە بازرگانییەکانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی ئاردی سفریش بە ڕێژەی لە 70% بۆ 80% کاردەکەن و هەموویان لە تاقیگەکاندا پکشنینیان بۆ دەکرێت.

زێلێنسکی: فڕۆکەکان گەیشتنە دەستمان
پێشت زێلێنسکی: فڕۆکەکان گەیشتنە دەستمان
کامێرای تۆمارکردنی تیژڕەوی لە شەقامێکی تر دانرا
دواتر کامێرای تۆمارکردنی تیژڕەوی لە شەقامێکی تر دانرا
پەیوەندیدار