تیرۆری هەنییە، بوونی ئیسڕائیل لەناو ئێران ئاشکرا دەکات



شرۆڤەکاران تیرۆرکردنی بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی، بە شکستێکی گەورەی هەواڵگری ئێران و پێشهاتێکی زۆر مەترسیدار بۆ سەرکردایەتی ئێران دەبینن، بەتایبەتی کە هەوڵەکان بۆ کوشتنی هەنییە، کاتێک ئەنجامدرا کە بڕیار بوو ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لە بەرزترین ئاستدا بن بەهۆی بوونی میوانانێکی زۆر بە مەبەستی ئامادەبوون لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان سەرۆکی نوێی ئێران.

 

شرۆڤەکاران و چاودێران دەڵێن؛ تیرۆرکردنی بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس، لە تاران، ڕادەی دزەکردنی دامودەزگا هەواڵگری و سیخوڕیی و سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ ناو تاران ئاشکرا دەکات.

 

ئیسماعیل هەنییە کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری نوێی ئێران، بە پێی ڕاپۆرتی سوپای پاسدارانی ئێران، لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ڕۆژی چوارشەممە لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە باکووری تاران کوژراوە.

 

هێشتا وردەکارییەکان سەبارەت بە چۆنیەتی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، زۆر ڕوون نین، بەو پێیەی ئاژانسی فارس بڵاویکردەوە کە لەڕێی هێرشی ئاسمانی کوژراوە، ئەمەش قسە و باسی ئەوەی لێکەوتەوە کە هێرشەکە مووشەکێک یان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بووە.

شرۆڤەکاران ئەم ڕووداوە، بە شکستێکی گەورەی هەواڵگری ئێران و پێشهاتێکی نائارامکەر بۆ سەرکردایەتی ئێران دەزانن، بەتایبەت کە چەند کاتژمێرێک بەر لە کوشتنی، ئیسماعیل هەنییە لەگەڵ عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران کۆبووەتەوە.

 

جێگری سەرۆکی ئینستیتیوتی لێکۆڵینەوە و لێکۆڵینەوەکانی دەریای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاگنێس لیڤالۆیس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس وتویەتی: “نەتوانینی ئێرانییەکان لە ڕێگریکردن لەم تیرۆرە زۆر شەرمەزارکەرە”.

 

“سیخوڕەکان لە ئێران”

کوشتنی ئیسماعیل هەنییە دوایین هێرشە لە زنجیرەیەک هێرش کە پێدەچێت لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ناوخۆی ئێران ئەنجامدرابێت.

 

ئارش عەزیزی، وانەبێژ لە زانکۆی کلیمسۆن لە ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاندووە، ئەوەی ڕوویدا “شتێک پشتڕاست دەکاتەوە کە هەموومان لە مێژە دەیزانین، ئەویش قووڵایی دزەکردنی ئیسرائیلە بۆ ناو خزمەتگوزارییە ئەمنییەکانی ئێران”.

ئاگنێس لیڤالۆیس جێگری سەرۆکی ئینستیتیوتی لێکۆڵینەوە و لێکۆڵینەوەکانی دەریای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەی وتووە: ئێمە دەزانین کە ئیسرائیلییەکان سیخوڕیان هەیە و بەو هۆیەوە زانیاری هەواڵگری لە ئێران بەدەست دەهێنن.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم تیرۆرە دەریدەخات کە تەواوی سیستمی هەواڵگری ئیسرائیل ئەوەندە پێشکەوتووە کە هەموو زانیارییەکان بەدەستدەهێنێت، بۆیە ڕێگەی پێدەدات ئۆپەراسیۆنێکی لەم جۆرە ئەنجام بدات.

 

بەگوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ڕەنگە بەناوبانگترین ئۆپەراسیۆن، تیرۆرکردنی زانای ناوداری ناوەکی موحسین فەخریزادە بووبێت لە ساڵی ٢٠٢٠ کە کارمەندانی هەواڵگری ئیسرائیل لە نزیک ماڵەکەی لە ئێران کوشتیان.

 

گرژییەکانی ئێستا دوای ئەو هێرشەی حەماس لە ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەر ئەنجامیدا و دواتر ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دەستیپێکرد، پاش ئەمە لە مانگی نیساندا ئیسرائیل وەڵامی یەکەم هێرشی ڕاستەوخۆی ئێرانی دایەوە بۆ سەر خاکەکەی بە بۆردومانی سیستمی ڕاداری و بەرگریی مووشەکی ئێس ٣٠٠ کە ئێران لە ڕووسیا بەدەستی هێنابوو.

 

سەرچاوەی ئەم هێرشە هێشتا بە تەواوی ڕوون نییە، بەڵام لانیکەم یەک مووشەک لە دەرەوەی ئێران و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری بچووکی ناسراو بە “کوادکۆپتەر”ی لەخۆگرتبوو کە پێدەچێت لە ناوخۆی ئێرانەوە هەڵدرابن و مەبەست لێی سەرلێشێواندنی بەرگرییە ئاسمانییەکان بوو، بەپێی ڕاپۆرتەکان.

 

“زانیاری زۆر ورد”

 

بەپێی هەندێک پلاتفۆرمی میدیایی، لەوانەش کەناڵی تەلەفزیۆنی ئێرانی نێودەوڵەتی، بریکارەکانی ئیسرائیل بۆ وەرگرتنی زانیاری هەواڵگری ئەندامانی سوپای پاسدارانن لە ناو خاکی ئێراندا.

حوسنی عوبێدی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لەسەر جیهانی عەرەبی و دەریای ناوەڕاست لە جنێڤ دەڵێت، “ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەوە دەردەخات کە ئێران نەیتوانیوە ئاسایش و سەلامەتی میوانانی ڕێبەری باڵا و سەرۆک کۆمار مسۆگەر بکات”.

 

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس، عوبێدی جەختی لەوە کردەوە سروشتی هێرشەکە دەریدەخات کە ئیسرائیل “زانیاری زۆر وردی” هەبووە سەبارەت بە شوێن و جوڵەکانی ئیسماعیل هەنییە.

شارەوانی سلێمانی دەربارەی دابەشکردنی زەوی ڕوونکردنەوە دەدات
پێشت شارەوانی سلێمانی دەربارەی دابەشکردنی زەوی ڕوونکردنەوە دەدات
دوو وڵات گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ ئیسڕائیل ڕاگرت
دواتر دوو وڵات گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ ئیسڕائیل ڕاگرت
پەیوەندیدار