چارەنووسی حەماس دوای تیرۆر کردنی (هەنییە)



د. سەعید علی محمد

ئەگەر بزووتنەوەی حەماس دوابەدوای تیرۆر کردنی ڕەمزەکانی و سەرکردەکانی بشکایەو بپوکایەتەوە ئەوا ئەوە بە فیعلی ساڵی ٢٠٠٤ ڕووی دەدا کاتێک ئیسرائیل (شێخ ئەحمەد یاسین) ی دامەزرێنەرو باوکی ڕۆحیی بزووتنەوەکەی لەگەڵ کۆمەڵێک لەو سەرکردانەی لەگەڵی بوون تیرۆر کرد ! ئەوکات نەک تەنها بزووتنەوەکە نەشکاو کۆتایی نەهات ، بەڵکو بەردەوام بوو لە هەڵکشان و گەورە بوون وگەشەکردن و بەهێز بوون ، ئەوەبوو لەماوەی کەمتر لە سێ ساڵدا سەرکردەکانی ڕیزی یەکەمی خۆی ڕێکخستەوە کە کۆنترۆڵی شاری غەززەیان لە ئەستۆدا بوو ، دەست بەجێ شاری غەززەشیان کردە پێگەیەک بۆ موشەکباران کردنی ئیسرائیل ! مەعلومە هەمیشە ئەو بزووتنەوانەی کە ( دامەزراوەیی) ن ، واتە بوونەتە (مؤسسة) و دامەزراوەیەکی مەحکەم و تۆکمەن ، بەهیچ شێوەیەک نەمانی تاکەکان کاریگەریی لەسەر کاروانەکەیان دروست ناکات ، بەڵکو نەمانی تاکەکان بەرەو بەهێزبوون و گەشەکردن و زیندوو بوونەوەی زیاتریان دەبات ، کە ئەمەش پێشتر نموونەی لەگەڵ (بزووتنەوەی حەماس) و (بزووتنەوەی جیهاد) و گروپەکانی تری بەرەنگاریی فەلەستینی زۆره و ئەزموونێکی تاقی کراوەیە ! ساڵی 2002 سوپای داگیرکەری جولەکە (ئەبو عەلی مصطفی) ی سەرۆکی ( بەرەی میللی ئازادیخوازیی فەلەستین )ی تیرۆرکرد ، ئەو تیرۆرکردنە خێرا پێکهێنانی چەند کەتیبەیەکی سەربازیی سەر بەو بەرەیەی بەدوای خۆیدا هێنا ، کە توانیان جارێکی تر گیان و گڕوتینێکی زیاتر بە بەر ئەو بزووتنەوە چەپڕەدا بکەنەوە ، دوای ئەوەی لە ساڵی 1990وە تووشی لاوازیی و پوکانەوە بوو بوو.

دەوڵەتی جولەکە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە تیرۆرکردنی سەرکردەکانی بەرەی بەرەنگاریی فەلەستینی، چ بزووتنەوەی حەماس چ بزووتنەوەی فەتح چ بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی و ئەوانی تریش ! بەرەنجامی ئەو مێژووە دوور و درێژەی تیرۆرکردنانەش ئەوەبوو : نەک ئەو قەوارەیە بێ توانا و دەستەوسان بوو لەکۆتایی هێنان بەو بزووتنەوە بەرەنگارییانە ، بەڵکو دوابەدوای هەر شەپۆلێکی ئەو تیرۆرکردنانە ئەو بزووتنەوە بەرەنگارییانە بەهێزبوون و گەشەکردنی زیاترییان بەخۆوە دەبینی. بێگومان بونیاد و پێکهاتەی بزووتنەوەی حەماس لەسەر دوو فاکتەری سەرەکی وەستاوە کەهەردووکیان لە گرنگی و بایەخ و کاریگەریی تاکەکان کەم دەکاتەوە لە دروستکردنی بڕیار و ڕۆڵ و کاریگەرییان لەنێو قیادەدا ، بەتایبەت لەنێو باڵی سیاسیدا کە (هەنییە) سەرۆکایەتی دەکرد !

• فاکتەری یەکەم : (مٶسسة) و دامەزراوەیی بوون ، واتە بزووتنەوەی حەماس لەچەندین دەستە و ئەنجوومەن و دەزگایەک پێکهاتووە کە هەر هەموویان پێکەوە دوا بە دوای پرس و ڕاوێژ و دەنگدان و ئاڵوگۆڕکردن و تاوتوێ کردنی ڕاوبۆچوونەکان بڕیارەکان دەردەکەن ، ئەمەش وا دەکات هەر بڕیارێکی کۆتایی کە بزووتنەوەکە دەری بکات ، بڕیار و ڕا و بۆچوون و سەرنجی گشتی سەرجەم بزووتنەوەکە بێت ، نەک تەنها سەرنج و هەڵوێست و بڕیاری کەسێکی دیاریکراو بێت لەنێو بزووتنەوەکەدا.

• فاکتەری دووەم : حەماس بزووتنەوەیەکی ئایدیۆلۆژیی و عەقائیدیە و خاوەن بیر و باوەڕە ، ئەدەبییاتی ئەو بزووتنەوەیە لە دەقەکانی ئاینی ئیسلام و مێژووە پڕ شکۆ و تێکۆشانەکەی سەرچاوەی گرتووە ، کە ئەم سەرچاوە ئایینیەش پڕیەتی لە هاندان لەسەر خۆڕاگریی و بەرەنگاریی و قوربانی دان و بەڵێنی گەورەی دوای شەهیدبوون. بە کورتی : تیرۆرکردنی (ئیسماعیل هەنییە) وەک گورزێکی بەهێزی دەوڵەتی جولەکە لێک نادرێتەوە لەلای بزووتنەوەی حەماس و هیچ کاریگەرییەکیشی لەسەر سروشت و ڕێڕەوی شەڕی غەززە نابێت، هەروەک چۆن پێشتر تیرۆرکردنی چەند مانگێک لەمەوبەری (ساڵح عەرعووری) هیچ کاریگەرییەکی دروست نەکرد و هیچ دەستکەوتێکیشی بۆ دەوڵەتی جوولەکە نەهێنایەدی ، تەنها دەستکەوتێکی ڕەمزی ڕواڵەتی نەبێت کە تەلئەبیب زیاتر بۆ پڕوپاگەندەکردن لەبەردەم ڕای گشتی ناوخۆدا سوودی لێ وەرگرت ! ئێستا پسپۆڕان و شارەزایانی بواری سیاسیی و ئەمنیی و هەندێک لە ناوەندەکانی توێژینەوە کۆمەڵێک پرسیاری گرنک و وردو هەستیار دەوروژێنن لەمەڕ سروشت و ئالییەتی تیرۆرکردنی (هەنییە) ، هەروەها جۆری ئەو پشتیوانیە لۆجستی و ئاسانکاریانەی لە پێناوەدا پێشکەش کراون !! ئەڵبەتە ئێمە لەگەڵ ئەوەدا وەڵامی ئەو پرسیارانە بۆ داهاتوو بەجێ دەهێڵین، دەتوانین بڵێین : ناوبراو لە سەردانێکی فەرمیی ڕاگەیەندراودا بووە بۆ ئێران بۆ بەشداری کردن لە ئاهەنگی دانانی سەرۆکی نوێی ئەو وڵاتە ، ئەو بۆنەیەش هەموو جیهان دەیبینی و خۆی لەخۆیداچاودێری کردن و شوێنکەوتن و دەستنیشانکردنی (هەنییە)ی لە ڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە ئاسان کرد بۆ تیرۆرکردنەکەی ! تیرۆرکردنی (هەنییە) ئەوەی سەلماند کە دەوڵەتی ئیسرائیل لەماوەی 10 مانگی ڕابردوودا دەستەوسان و بێ توانا بوو لە گەیشتن بە (هەنییە) ، جولەکە نەیتوانی ناوبراو تیرۆر بکات تەنها ئەوکاتە نەبێت کە لە ئاهەنگێکی گشتی فەرمیدا دەرکەوت ، بەهەمان حاڵەتی (ساڵح عەرعووری) کە تەنها لە نووسینگەکەی خۆیدا لە بەیروت ( تەلئەبیب) توانی تیرۆری بکات بێ ئەوەی ڕابکات یان خۆی حەشاربدات.

ناتانیاهۆ: دەزانین چەند رۆژێکی سەخت لەبەردەمماندایە
پێشت ناتانیاهۆ: دەزانین چەند رۆژێکی سەخت لەبەردەمماندایە
سەرۆکایەتی هەرێم: به‌ نيگه‌رانييه‌كى قووڵه‌وه‌‌ له‌و پێشهاته‌ مه‌ترسيداره‌ ده‌ڕوانين
دواتر سەرۆکایەتی هەرێم: به‌ نيگه‌رانييه‌كى قووڵه‌وه‌‌ له‌و پێشهاته‌ مه‌ترسيداره‌ ده‌ڕوانين
پەیوەندیدار