عێراق: “تیرۆرکردنی ئیسماعیل ھەنییە دەبێتە مایەی ھەڕەشە بۆسەر ناوچەکە”



– وەزارەتی دەرەوەی عێراق، رایگەیاند؛ “داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین کە بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر وەستاندنی پێشێلکارییەکانی سەر سەروەریی وڵاتان، جێبەجێ بکات”.

حکوومەتی عێراق، لە ڕێی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی ڕایگەیاندووە؛ تیرۆرکردنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، ئیسماعیل هەنییە لە تاران دەبێتە مایەی ھەڕەشە بۆسەر ناوچەکە و داواشی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد، بەرپرسیارێتی خۆی لە ھەمبەر وەستاندنی پێشێلکارییەکانی سەر سەروەریی وڵاتان، جێبەجێ بکات.

 

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە؛ حکوومەتی وڵاتەکەی بە توندی ئەو ھێرشە سەرکۆنە دەکات کە کرایە سەر شوێنی مانەوەی ئیسماعیل ھەنییە لە تارانی پایتەختی ئێران کە بووە ھۆی تیرۆرکردنی ناوبراو.

ڕاشیگەیاندووە: “ئەو ھێرشە دژومنکارانە، پێشێلکارییەکی ڕوون و ئاشکرای یاسایە نێوەدەڵەتییەکانە، ھەروەھا دەبێتە مایەی ھەڕەشە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە”.

باسی لەوەشکردووە: “دەبێت رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر، چونکە ئەوە بۆ چەندین جارە دەستدرێژی دەکرێتە سەر سەروەریی وڵاتان”.

 

لە ڕاگەیاندراوێکدا ئەوە خراوەتەڕوو کە لەم دۆخە سەختەدا، حکوومەتی عێراق پاڵپشتی لە گەل و سەرکردایەتی فەڵەستین دەکات و ھاتووە: “عێراق پابەندە بە پاڵپشتیکردنی پرسی فەڵەستین و مافی ڕەوای گەلی فەڵەستین لەوانە بڕیاردان لەبارەی مافی چارەی خۆنووسین و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین کە پایتەختی قودس بێت”.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند؛ لە ئاکامی ھێرشێکدا، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکەیان ئیسماعیل ھەنییە، لە شوێنی مانەوەی خۆی لە تاران دوای بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرکۆماری نوێی ئێران، کوژراوە.

تاران؛ تاوتوێی پرسی تیرۆرکردنی “ئیسماعیل ھەنییە” دەکات
پێشت تاران؛ تاوتوێی پرسی تیرۆرکردنی “ئیسماعیل ھەنییە” دەکات
نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە
دواتر نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە
پەیوەندیدار