ئیسماعیل هەنییە کێ بوو؟



ئیسماعیل هەنییە، سیاسەتمەدارێکی فەلەستینی و بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس و دەیەم سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فەلەستینیی بوو.

 

دایک و باوکی لە کاتی شەڕی عەرەب – ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨ لە ماڵەکەی خۆیان لە نزیک شارۆچکەی عەسقەلانی ئیسرائیل هەڵاتوون و نیشتەجێی کامپەکانی پەنابەران بوون، هەنییەش لە ساڵی ١٩٦٢ لە کەمپێکی پەنابەران لە ڕۆژئاوای شاری غەززە لەدایک بووە.

لە تەمەنی نزیکەی شانزە ساڵیدا هاوسەرگیری لەگەڵ ئەمال هەنییەی ئامۆزای کردووە و ١٣ منداڵیان بووە، هەشت کوڕ و پێنج کچ.

 

کچەکانی بریتین لە سەنا، لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٦، بوسەینا لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٧، خەولە لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٢ و لەتیفە لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٨ و سارا لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٤.

 

کورەکانیشی بریتین لە؛ عەبدولسەلام لەدایکبووی ساڵی ١٩٨١، هەمام لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٣، ویسام لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٤، موعاز لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٥، عائد و حازم لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٤، حازم هەمان ساڵ لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کوژرا، ئەمیر، لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٥، ئەویش لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کوژراوە، محەمەد، لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٦، بەهەمان شیوە ئەویش لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کوژراوە.

 

لە ساڵی ١٩٨٩ لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ زیندانی کرا و لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی بزووتنەوەی حەماس، دوورخرایەوە بۆ مەرجەع زوهور -سنووری لوبنان -ئیسرائیل تا ساڵی ١٩٩٢.

 

هەنییە لە ساڵی ١٩٨٧، لە کاتی سەرهەڵدانێکی فەلەستینییەکاندا لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە دەستگیرکرا بەڵام ماوەی زیندانیکردنەکەی هێندەی نەخایاند و ئازادکرا.

 

لە ساڵی ١٩٨٨ لەگەڵ بەرزبوونەوەی ناوبانگی حەماس لە غەززە وەک “بزووتنەوەیەکی پێشەنگی خەبات و شۆڕشگێری دژ بە ئیسڕائیل “، جارێکی دیکە دەستگیرکرایەوە، بەڵام ئەمجارەیان بۆ ماوەی شەش مانگ زیندانی کرا.

 

ساڵی دواتر هەنییە جارێکی تر دەستبەسەر و سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

 

دوای ئازادکردنی لە ساڵی ١٩٩٢، ئیسرائیل لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی بزووتنەوەی حەماس، عەبدولعەزیز ئەلرانتیسی، مەحمود ئەلزەهار و زیاتر لە ٤٠٠ چالاکی سیاسی دیکە، ڕەوانەی باشووری لوبنانی کردن.

 

هەنییە و هاوڕیکانی پاش دیپۆرتکردنیان، زیاتر لە ساڵێکیان لە کەمپی سەربازی (مەرج ئەلزهور) لە لە لوبنان بەسەر برد، کە وەک گروپێکی ئیسلامی ڕووماڵێکی میدیایی بێوێنەیان دەکرد و لە میدیاکاندا ناوبانگیان پەیداکرد.

 

هەنییە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٣ گەڕایەوە غەززە و کرایە ڕاگری زانکۆی ئیسلامی.

 

دوای ئەوەی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٩٧ ئەحمەد یاسینی لە زیندان ئازاد کرد، هەنییە وەک یاریدەدەری ناوبراو دەستنیشانکرا.

 

پەیوەندی نزیکی هەنیەو یاسین بووە هۆی ئەوەی کە هەنییە لەناو بزووتنەوەکەدا گرنگی زیاتری پێبدرێت و بوو بە نوێنەری ئەو گرووپە لە دەسەڵاتی فەلەستین دا.

 

لەکاتێکدا دوای بیستنی دەنگی نزیکبوونەوەی فڕۆکەی ئیسرائیلیی و چەند چرکەیەک پێش کەوتنەخوارەوەی بۆمب بیناکەیان بەجێهێشت، لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٠٣دا هەنییە و ئەحمەد یاسین لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری غەززە بە سووکیی بریندار بوون.

 

شەش مانگ دواتر ئەحمەد یاسین لە کاتی دەرچوون لە مزگەوت دوای نوێژی بەیانی لە بۆردومانێکی فڕۆکەکانی ئیسرائیلدا کوژرا.

 

دوای خالد مەشعەل، ئیسماعیل هەنییەی تەمەن (٦٢ ساڵ) لە ساڵی ٢٠١٧ بە لێپرسراوی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس هەڵبژێردرا.

هەنییە بۆ سەرکردایەتیکردنی بزووتنەوەی حەماس، بۆ هەڵبژاردنەکانی ١٥ی مانگی یەک هەڵبژێردرا و کاندیدەکانی بزووتنەوەکە لە کۆی ١٣٢ کورسی ئەنجومەنی یاسادانانی فەلەستین ٧٦ کورسییان بەدەستهێنا.

 

پاشان مەحمود عەباس سەرۆکی فەلەستین داوای لە حەماس کرد حکومەتێکی نوێ پێکبهێنێت، بەڵام دوای چەند هەفتەیەک دانوستان لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بزووتنەوەی فەتحی دەسەڵاتداری پێشوو و فراکسیۆنەکانی دیکە، هەنییە ناچار بوو حکومەتێک پێکبهێنێت کە بە پلەی یەکەم لە تیمەکەی و چەند کەسێکی تەکنۆکرات پێکهاتبوو.

 

هەنییە لە کاتی خستنەڕووی بەرنامەی کاری حکومەتەکەی، داوای لە ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا کرد، دەستبەرداری هەرەشەکانیان بن لەبارەی بڕینی هاوکارییەکان بۆ دەسەڵاتی فەلەستین.

 

جەختیشی لەوە کردەوە؛ فەلەستینییەکان مافی خۆیانە درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن بۆ سەربەخۆیی، لە هەمان کاتیشدا وتی، دەیەوێت لەگەڵ نێوەندگرانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکان وتووێژ بکات.

 

هەنییە وتیشی: حکومەتەکەمان هیچ هەوڵێک نادیدە ناگرێت بۆ بەدیهێنانی ئاشتی دادپەروەرانە لە ناوچەکە و کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و گەڕاندنەوەی مافەکانمان.

 

پاش ماوەیەک، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، هەنییە “پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس” هەیە و “لایەنگرێکی سەرسەختی خەباتی چەکدارییە، دژی خەڵکی سڤیل”، هەر بۆیە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٨دا ڕێبەری سیاسی بزووتنەوەی حەماسی وەک تیرۆریست پۆلێن کرد و سزای بەسەردا سەپاند.

 

هەنییە، کە بەمەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی نوێی ئێران لە تاران بوو، دوای کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمەکان گەڕایەوە بۆ شوێنی حەوانەوەی خۆی کە لە باکووری تاران بۆی تەرخانکرابوو، کاتژمێر ٢ی بەیانی رۆژی ٣١ – ٧ – ٢٠٢٤ هەواڵی بۆردومانکردنی شوێنی مانەوەی و کوژرانی هەنییە و پاسەوانە تایبەتەکەی ڕاگەیەندرا.

 

بە پێی ئەو زانیارییانەی کە میدیای فەڵەستینی بڵاویکردووەتەوە، ئەو مووشەکەی ئاڕاستە شوێنەکە کراوە، ڕاستەوخۆ لە لەشی هەنییەی داوە.

 

هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئیسرائیل هێرشەکەی ئەنجامدابێت، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە تەلئەبیب لە بێدەنگە و بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانیش وەزیرەکانی ڕاسپاردووە، هیچ لێدوانێک لەبارەی کوشتنی ئیسماعیل هەنییەوە نەدەن.

دوو تۆمەتبار بە 60 مسقاڵ زێڕ و هەزاران دۆلارەوە دەستگیرکران
پێشت دوو تۆمەتبار بە 60 مسقاڵ زێڕ و هەزاران دۆلارەوە دەستگیرکران
“مووشەکەکە ڕاستەوخۆ لە لەشی هەنییەی داوە”
دواتر “مووشەکەکە ڕاستەوخۆ لە لەشی هەنییەی داوە”
پەیوەندیدار