نێچیرڤان بارزانی دەچێتەوە تاران



سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای سەردانەكەی ماوەی ڕابردووی لە سەردەمی سەرۆك كۆماری كۆچكردوو “ئیبراهیم ڕەئیسی” بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی هەولێر و تاران، بۆ جارێكی دیكەش بە بانگهێشتێکی فەرمی دەچێتەوە تاران و بەشداریی لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆك كۆماری نوێی ئەو وڵاتە دەکات.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویكردەوە، سبەی سێ شەممە، 30-07-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتی فەرمی، سەردانی تاران دەکات و لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی دیکە، بەشداریی لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتە دەکات.

بەپێی دەستووری ئێران، دوای پێدانی بەڵگەی دەستبەکاربوونی لەلایەن رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، كە دوێنێ‌ بەڕێوەچوو، رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆمار بە ئامادەبوونی سەرۆکی دادگەی باڵا، ئەندامانی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و بەرپرسانی دیکەی نیشتمانی و سەربازی، لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت.

14یەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئیران لە دوو گەڕدا بەڕێوەچوو، دوێنێش رێوڕەسمی بەڵگەنامەی دەستبەکاربوونی لەلایەن عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران واژۆكرا.

 

ئاگر لە چیای ئەزمەڕ کەوتەوە
پێشت ئاگر لە چیای ئەزمەڕ کەوتەوە
كارمەندە ژینگەدۆستەكەی هاتووچۆ ڕێزلێنانی بۆ كرا
دواتر كارمەندە ژینگەدۆستەكەی هاتووچۆ ڕێزلێنانی بۆ كرا
پەیوەندیدار