گارە و مەتین لە چاوەڕوانی پەلاماری تورکدا



سەرتیپ جەوهەر – ڕۆژنامەنووس

تورك خۆیان بۆ پەلاماردانی گارە ئامادە دەكەن، هێزێكی زۆریان هێناوە، گارە و مەتینە، بە هیچ هێزێك كۆنترۆڵ ناكرێت.

هێزی ڕۆژ لە دۆڵی نەهلە و دینارتە جێگیركراون، تورك دەیەوێت‌ دوو بنكەی سەربازیی گەورە لەسەر گارە و مەتین دابمەزرێنێت، هێزەكانی پەكەكە زیاتر هاتوونەتە قوڵایی هەرێمی كوردستان.

هێرش و پەلاماردانی تورك بۆ باشووری كوردستان بەردەوامە، دەزگاكانی ڕاگەیاندنی پارتی و یەكێتی و تەنانەت میدیاكانی عێراقیش لەم لەشكركێشی و پەلاماردانەی تورك بێدەنگن.

بە پێی زانیاریی ناوچەكان تا ئێستا ڕووبەڕووبونەوەیەكی مەیدانیی لەگەڵ هێزەكانی پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكان نەبووە، هێزەكانی پەكەكە خۆیان لە بەرەنگاربوونەوەی تورك دەپارێزن، بەڵام تورك ڕۆژانە هێز و چەكی زیاتر دەهێنێتە باشووری كوردستان و ناوچەی نوێ‌ داگیردەكات.

سەبارەت بەو هەواڵانەی چەند سەرچاوەیەكی ڕاگەیاندن باسیان لە هێنانی چەكداری عەرەبی گرووپە توندڕەوەكانی سووریا كردووە، تا ئێستا هیچ سەرچاوەییەكی باوەڕپێكراو پشتڕاستی نەكردووەتەوە.

بەر لە چەند ساڵێك چەند ڕەبیەیەكی توركیا و عەرەب هەبوون، بەڵام نەزانراوە ئەو عەرەبانە، عەرەبی مێردین بوون یان چەكدارانی گرووپە چەكدارە توندڕەوەكانی سووریا.

بە پێی سەرچاوەییەكی باوەڕپێكراو، ئەو هێزانەی تورك خۆیان بۆ پەلاماردان و دانانی چەند بنكەیەكی سەربازیی گەورە لە هەردوو شاخی گارە و مەتین ئامادەدەكات، بۆیە ڕۆژانە هێزی زیاتر دەهێنێتە ناوچەكە.

هەردوو شاخی گارە و مەتین لە شاخە هەرە سەختەكانی كوردستانن، كۆنترۆڵكردنی ناوچەكە لە توانای هیچ هێزێكی سەربازییدا نییە، بۆیە زیاتر لە ٣٠ ساڵە توركیا نەیتوانیوە كۆنترۆڵیان بكات.

بەڵام ڕەنگە تورك بیەوێت‌ دوو بنكەی سەربازیی گەورە لەسەر هەردوو شاخەکە دابنێت.

شاخی گارە دوو هەزار و ١٠٠ مەتر لە ئاستی دەیاوە بەرزە، مەتینیش هەزار و ٩٠٠ مەتر لە ئاستی دەریا بەرزە، دارستانی چڕ، بەرزونزمی زۆر سەخت و سروشتێكی تایبەتیان هەیە.

هێزەكەی تورك بنكە یان خاڵی سەربازیان چەند شوێنێكی قەدپاڵی شاخی مەتین داناوە، بەنیازن بنكەییەكی سەربازیی گەورە لەگەلی ڕەشاڤە دابنێن و خەریكی دامەزراندنین بۆ پاڵپشتیكردنی پەلاماردانی شاخی گارە، بۆیە ماوەییەكە خەریكی كۆكردنەوەی چەك و هێزی نوێن، ڕەنگە لەم ماوەییەدا پەلاماری شاخی گارە بدەن، بەڵام كۆنترۆڵكردنی زۆر زەحمەتە و ڕەنگە پەكەكەش خۆی بۆ ڕووبەڕووبونەوەییەكی گران لەگەڵ ئەو هێزەی تورك ئامادەكردبێت.

لەگەڵ هاتنی هێزی تورك، هێزەكانی پەكەكەش لە چەندین ناوچەی جیاواز زیاتر هاتوونەتە قوڵایی باشووری كوردستان، ئەوەی زیاتر بینراوە و چەند سەرچاوەییەك پشتڕاستیان كردووەتەوە هێزەكانی ڕۆژ، كە لە كوردانی سووریا لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان دروستكراوە، لە دۆڵی نەهلە و دینارتە جێگیركراون.

 

دایە ووڵات شیرینە!
پێشت دایە ووڵات شیرینە!
بۆ دابه‌شكردنی زه‌وی ڕێكاری نوێ‌ ڕاگەیەنرا
دواتر بۆ دابه‌شكردنی زه‌وی ڕێكاری نوێ‌ ڕاگەیەنرا
پەیوەندیدار