ژن و کاریگەرییەکانی ژن بوون



دانا عزیز – شارەزای پەروەردەی خێزان

 

بێکەسی شاعیر دەڵێت:

نێر و مێ هەردوو بەجووتە هەوڵێ بۆ وەتەن نەدەن

دوورە دەرچوونی لە دیلی مەل بە باڵێ نافڕێ

هەوڵی ڕاستی هەردوو ئامانجی میلـلەت سەردەخات

چونکە مەعلومە بەیەک دەست چەپڵە لێنادرێت

ژیان کردن بریتیە لە پڕۆسەی هاوبەشی پێکردنی هەردوو ڕەگەز بۆ تەواو کردنی ئەو ئەرکەی لەسەر شانیانە، بەڵام دەبێت ژن لە فۆڕمە دەربهێنین وەک سێبەری پیاو مامەڵە لەگەڵ ژیان بکات، بەڵکو دەبێت خودی ژن فۆڕمێکی نوێبێت کە هاوشانی پیاو جەستەیەکی ئازا و ڕۆحێکی ئازاد و چاوی کراوەبێت.

ژنە نوسەر و فەیلەسووفی فەڕەنسی ‘سیمۆن دیبۆڤوار’ لە بەناوبانگترین کتێبی دا بەناوی ڕەگەزی دووەم دەڵێت “کە ئێستا، مادام شتێکی حەتمییە ژنان هەر دەبێت هەبن، ئەوا پێویستە ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە ببینەوە کە ژن چییە؟”

ئەو پرسیارە جەوهەریەی ‘دیبۆڤوار’ دەیکات لەخودی ژنان ئەوەیە، کە دەکرێت ئێوە چی بن؟دەتوانن چی بکەن؟ ووجودی ئێوە چی دەبەخشێت؟

ئەو ژنانەی بە بەردەوامی پێویستیان بە ڕەگەزی بەرامبەرنییە تا وەک گۆچان وابن بۆیان، ئەوانە دەتوانن هەنگاو بە هەنگاو لە کایەی سیاسی و فکری و مەعریفی و کاردا پێشەنگ بن، هەر لەو کتێبەی ‘دیبۆڤوار’ تیۆرێکی ‘ئێگستێنشیالیزمان’ە هەیە کە پیاو وەک (منی باڵا دەست) و ژن وەک (بەشێکی تر و لە خوارتر) لە هەناوی کۆمەڵگا دەبینێت، هەرچەندە دەکرێ ئەم جۆرە تێڕوانینەی نووسەر لە سەدەی نۆزدە واقیعی بێت، بەڵام ئێستا ژیان جۆرێکی دیکەیە، کە ژن‌ خۆی پراکتیزە و تیۆریزەی ئیش و بیرکردنەوەکانی خۆی دەکات، ئێستا ژنان ئاڵانگارییەکی باشی ژیان دەکەن، جێدەست و کاریگەریان لە دونیادا دەبینرێت، وە دەشبێت بەو جۆرە بڕوابەخۆ بوون و ڕۆحە ئازادەوە بەردەوام بن.

پیرەمێردی شاعیر دەڵێت:

تا ئێستا ڕووی نەداوە لە تاریخی میلەتا

قەڵغانی گولە سینگی کچان بێت لە هەڵمەتا

مێژووی چەوسانەوە و پەراوێز خستنی ژنان مێژوویەکی تاریک و ترسناکی هەیە، کە بەپێی کات و شوێن جیاوازیان هەیە، قوربانی ئەو ئەقڵە دۆگمایە بوون کە پیاوان پێیان وابووە ئەوان کەسی یەکەم و کۆتا کەسن، ژن تەنها وەسیلەی خۆشی و چێژ و خزمەت کردنە، بەڵام بیریان نەبوو ژن دایکیان بوو.

ژن لە دەرەنجامی هەوڵ و ماندووبونیان و شۆڕشەکانیان بۆ جیهانیان سەلماندووە، کە ئەمانیش ڕەگ و قەدی ئەو ژیانەن کە پیاوان لێیان داگیرکردوون، ئەمانیش دەتوانن ئەسپی خۆیان تاوبدەن و بەردەوامبن هەروەها ژنانی وەک ‘سیمۆن دیبۆڤوار –  هانا ئارێنت –  د.نوال سەعداوی – گۆڵدا مایەر’ و چەندانی دیکە توانییان ئەو مێژووە پڕ لە کوێرەوەری و سەرکوتکردنە بگۆڕن بۆ دونیای بوێری و ئازادی خاوەن بڕیار بۆ ژنان.

لە پاڵ ئەمانەشدا ژن لە ئەدەبیاتی جیهانی و ئەدەبیاتی کوردی دا لە شیعر و هەڵبەست و چەندین نوسیندا کە ‘قەڵەمی پیاوێک’ خاوەنیەتی و نیشانەی شکۆ و ڕەمز و جوانی بوون، هەمیشە ژن بەشێکی گەورەی لە دونیابینی شاعیران داگیرکردووە، لە وەسف و جوانی ئەواندا وشە و ڕستەیان هۆنیتەوە،

نالی دەفەرموێ:

بێ نییەتی تەقبیلی دەمت عاتیلە ڕۆژووم

بێ حەزرەتی میحرابی برۆت باتیلە نوێژم

(نالی) وەکوو لالە کە شەهیدی غەم و داغە لەم باغە

بفەرموو کە ئەویش لێرە دەنێژم

 

بەغدا كێشەی مووچەی هەرێمی چارەسەركرد
پێشت بەغدا كێشەی مووچەی هەرێمی چارەسەركرد
دادگای فیدڕاڵی 7 سكاڵای لەسەر هەرێم یەكلایی كردەوە
دواتر دادگای فیدڕاڵی 7 سكاڵای لەسەر هەرێم یەكلایی كردەوە
پەیوەندیدار