حکومەتی هەرێم دەیەوێت لە ڕێی مامۆستایانی ئایینییەوە ڕووبەڕووی کۆچ ببێتەوە



حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە ڕێی مامۆستایانی ئایینییەوە بەر بە کۆچکردن بگرێت و بۆ ئەو مەبەستەش شاندێک بۆ وەزارەتی ئەوقاف نارد.

ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بڵاویکردەوە، شاندێکی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان سەردانی وەزارەتی ئەوقافی کرد و لەگەڵ د.عەبدوڵا سەعید گرتکی، سەرۆکی یەکێتی زانایان، فارس جەوهەر، بەڕێوەبەری گشتی دیوان و د. بەشیر حەداد، سەرۆکی بۆردی باڵای وتاری هەینی و جەلال خەیلانی، جێگری سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستاندا کۆبوونەوە.

ڕاشیگەیاند، کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ڕووداوەکانی ئەمدواییە و چۆنیەتی هەماهەنگی بەردەوام لە نێوان وەزارەتی ئەوقاف و وەزارەتی ناوخۆ، تایبەت بە هۆشیارکردنەوەی بەردەوامی کۆمەڵگە لەو مەترسیانەی، کە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن.

ئەوەشیخستەڕوو “کە تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرسی کۆچ بەتایبەتیش کۆچی نایاسایی، کە بەداخەوە لەو ڕووداوانەی ئەم دواییە خەڵکانێك داهاتووی خۆیان دەدەنە دەستی قاچاخ چییەکان،  ئەم پرسەیش لە ڕووی ئایینی و شەرعەوە بە وردی باسی لێوەکرا، کە تێیدا چەندین بیرۆکە و هەنگاوی گرنگیان باس کرد”.

بڕیاریش وایە کۆبوونەوەی داهاتوو لەگەڵ چەندین وەزارەتی دیکە بۆ فراوانکردنی هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوە لە چوارچێوەی سەنتەری ڕاوێژکاری کۆچ، کە وەک پرۆگرامێکی گرنگی حکومەت هێنراوەتە هەرێمی کوردستان، خزمەت پێشکەش بە هاووڵاتییان بکرێت.

وەرگرتنی گەنمی جوتیاران کۆتایی دێت
پێشت وەرگرتنی گەنمی جوتیاران کۆتایی دێت
عێراق چوار بەنداو لە هەرێم دروست دەکات
دواتر عێراق چوار بەنداو لە هەرێم دروست دەکات
پەیوەندیدار