پێشنیارێک بۆ میدیاکانی کوردستان



خالد سلێمان
لەگەڵ ئەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا لە فراوان بووندان، لە ڕووی کشتوکاڵ، ئابوری، تەندروستی و دەروونییەوە هەستیان پێدەکرێت، هێشتا میدیاکانی کوردستان لەڕووی پیشەیی و مەعریفەی پێویستەوە، بەشێوازی بێ بنەماو هەڕەمەکی ڕۆماڵی ڕوداوەکان دەکەن.
هەڵەی میدیاکان لە دیاریکردنی دەستەواژەو ناوەوە دەست پێدەکات. تا ئێستا ناوێکمان نیە بۆ Climate Change، لە زۆر شوێندا دەنوسرێت (گۆڕانکاری کەشوهەوا) وەک خودی خۆشم لێرەدا نووسیمە، لە زۆر شوێنیشدا دەنووسرێت (گۆڕانکاری ئاوهەوا). لەبەرامبەر Weather کە بە عەرەبی پێی دەووترێت (تەقس)، دیسان وشەیەکی وامان نیە.
زمانەکانی دنیا بۆ هەر دیاردەیەکی سروشتی ناوێکی دیاریکراویان هەیە بۆ نموونە:
Climate لە عەرەبیدا دەبێتە (مەناخ)
Weather لە عەرەبیدا دەبێتە (تەقس)

جارێکیان دەربارەی ئەم بابەتە پرسیارم لە کۆچکردو، نوسەرو زمانەوان عەبدول کەریم شێخانی کرد، بەڕای ئەو دەکرێ (کەشوهەوا) لەبەرامبەر Weather دابنرێت، (ئاوهەوا)ش لەبەرامبەر Climate دا. لە ڕاستیدا زمانەوان چەندێکیش لە زانستی زماندا قوڵ بێت لەم بوارەدا توشی گرفت دەبێت، چونکە ئەوە ئەرکی زانستەکانی سروشت و کەشە کار لەسەر ئەم بابەتانە بکات و ناویان بۆ دادەنێت نەک تەنها زمانەوان.
لەم بارەیەوە زمانەوانی کورد پاڵپشتی زانستیی نیە، بۆیە کارێکی ئاسان نیە فەرهەنگێک بۆ دیاردەو ڕوداوە زانستییەکان دابنێت. کەمترین توێژینەوە دەربارەی کەش و ئاوهەواو هەمە-جۆری و سیستمی ژینگەیی لە زانکۆکانی ئێمەدا دەنووسرێن، بەم هۆیەشەوە ڕوماڵێکی هەژاری میدیاییمان هەیە، هەروەها تێگەیشتنی هەژاریش.
ئەوەی تێبینیم کردوە، میدیاکانی کوردستان سێ بوار تێکەڵ بەیەکتری دەکەین ئەوانیش ژینگەو کەش و ئاوهەوا واتە (Environment, climate and weather). لەسەر سایتی 964 میدیا و کەناڵ هەشت، بەشێک هەیە بەناونیشانی (ژینگە)، لەم بەشەدا هەر بابەتێک پەیوەستە بە ئاوهەوا، کەش یان ژینگەوە بڵاودەبێتەوە. لەسەر سایتی کەناڵی ڕوداو بەشێک هەیە بەناونیشانی (کەشوهەوا) کە لە ڕاستیدا بۆ (ئاوهەوا)یەو لەسەر پلەکانی گەرماو ئاراستەی هەواو دابارینە نەک ژینگەو گۆڕانکاری کەش.

بەگشتی سایت و پلاتفۆرمەکانی تر، تەنانەت هیچ بەشێکیان بۆ ئەم بوارانە نیە، لە کاتێکدا میدیاکانی دنیا لەم بارەیەوە سێ بەشیان هەیە:
یەکەم: بەشی کەش climate کە تەرخان دەکرێت بۆ ڕوماڵکردنی ئەو گۆڕانکاریانەی لە ماوەی 10 ساڵەوە بۆ 30 ساڵ بەسەر زەوی و بەرگە هەوادا هاتووە
دووەم: بەشی ئاوهەوا weather کە تەرخان دەکرێت بۆ پلەی گەرماو دابارین و ئاراستەو خێرایی با لە ڕۆژێکدا یان هەفتەیەکدا یان زیاتر.
سێیەم: بەشی ژینگەیە کە تەرخان دەکرێت بۆ ڕۆماڵکردنی کۆی سیستمی ژینگەیی کە لە هەواو خاک و ئاو پێکدێت و هەمە-جۆریی پێکدەهێنێت.
هەڵبەتە من لێرەدا تەنها لەسەر سێ ناو وەستاوم و زانستی سروشتی و کەش هەزاران دەستەواژەو ناوی تیایە کە لەسەر میدیا پێویستە بە زانستی و پیشەییانەوە بەکاریان بهێنێت، چونکە ئەو زانیارییەی بەهەڵە دەگەیەنرێنە هاووڵاتی، هەر بە هەڵە دەمێنێتەوە.
لێرەدا پێشنیاری ئەو دەکەم، سەرجەم میدیاکان ناوەکان وەک خۆیان دیاری بکەم و بەشەکان لەیەکتری جیا بکەنەوە. هەڵبەتە ئەگەر بێینە سەر سێکتەرەکانی حکومەت ئەوا نەزانینێکی زۆر هەیە، تەنانەت سەرجەم یاساکانی پاراستن و چاککردنی ژینگە پێویستیان بەپێداچوونەوەو هەڵوەشانەوەو دووبارە داڕشتنەوە هەیە.

بە درۆن هێرش کرایە سەر ئیسرائیل و کوژراو بریندار هەیە
پێشت بە درۆن هێرش کرایە سەر ئیسرائیل و کوژراو بریندار هەیە
داینەسۆرێک بە ٦,٤٤ ملیۆن دۆلار فرۆشرا
دواتر داینەسۆرێک بە ٦,٤٤ ملیۆن دۆلار فرۆشرا
پەیوەندیدار