ئەو کۆمپانیایانەی بە ڤیزای ساڵی و گەشتیاری هاووڵاتیانیان برد بۆ حەج سڕ دەکرێن



وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بڕیاری سڕکردنی ئەو کۆمپانیایانەی دا کە بە ڤیزای ساڵی و گەشتیاری هاووڵاتیانیان برد بۆ حەج و ئەو هاووڵاتییانەش کە زەرەرمەندبوون دەتوانن سکاڵایان لەسەر تۆمار بکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕایگەیاند، پاڵپشت بەبڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت، بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر بردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی سعودیە، بەمەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، لەدەرەوەی وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی، کە بووە هۆی مردن و بێ سەروشوێن بوونی چەند هاوڵاتییەکمان، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بەفەرمانی وەزاری ژمارە (117) لە 2024/6/3، لێژنەیەکی پێکهێناوە بەبەشداری نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و داواکاری گشتی، وەک یەکەم هەنگاویش بڕیاریاندا:

1-ئەو کۆمپانیایانەی، کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوەو بەڤیزای ساڵی و ڤیزای گەشتیاری و ڤیزا جۆراوجۆرەکان خەڵکیان بردووە بۆ وڵاتی سعودیە، تاوەکو لێکۆڵینەوەکان کۆتایی پێدێت، سڕ دەکرێن و مافی بەشداریکردنیان نییە بۆ گەشتەکانی عومرە.

2- ئەو کۆمپانیایانەی، کەهیچ کێشەیەکیان و نییەو لە ڕێگای وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەشێوەیەکی یاسایی خەڵکیان بردووە بۆ حەج، لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە ئاگاداردەکرێنەوە، کە بەشدار دەبن لەگەشتەکانی عومرە، دوای دەرچوونی رێنماییەکان لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە.

3-هەر هاووڵاتییەک سکاڵای لەسەر هەر کەس و کۆمپانیاییەک هەیە، کەوا مافی زەوت کردووەو بەنایاسایی مامەڵەی لەگەڵ کراوە و زەرەرمەند بووە لەرێگەی ڤیزا جۆراوجۆرەکانەوە، تاوەکو (10) دە ڕۆژی دیکە دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن .

4- شوێنی تۆمارکردنی سکاڵا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوانی وەزارەت، بەڕێوەبەرایەتی یاسایی و گرێبەستەکان.

 

زیارەتکارانی عاشورا زیاتر لە 95 ملیۆن پەیوەندی تەلەفۆنییان کردووە
پێشت زیارەتکارانی عاشورا زیاتر لە 95 ملیۆن پەیوەندی تەلەفۆنییان کردووە
سەربازانی ئیسرائیل سەگ بەردەدەنە گەنجێکی داون
دواتر سەربازانی ئیسرائیل سەگ بەردەدەنە گەنجێکی داون
پەیوەندیدار