سەگ، تورکیای هەراسان کردووە



پارتی دەسەڵاتداری تورکیا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە ڕەشنووسی یاسایەکی بۆ کۆکردنەوەی ملیۆنان سەگی بێ لانە لە شەقامەکانی ئەو وڵاتە خستووەتەڕوو تا ملیۆنان سەگ، لە جێیەکدا کۆبکەنەوە.

 

پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا، پڕۆژەیاسایەکی پێشکەش بە پەرلەمان کردووە کە ئامانج لێی کۆکردنەوەی ملیۆنان سەگی بێ لانەیە، لە شەقامەکان، کە بەپێی پرۆژە یاساکە سەگە بێ لانەکان لە جێیەکی تایبەتدا داڵدە دەدەن و ئەم کارەش، ئاژەڵدۆستانی نیگەران کردووە کە دەڵێن هەڵمەتی تەعقیمکردنی بەکۆمەڵ چارەسەرێکی باشترە تا لە زیندانیکردنی سەگەکان لە شوێنی داڵدەدانیاندا.

 

بەپێی پڕۆژە پێشنیارکراوەکە، شارەوانییەکان ئەرکی کۆکردنەوەی سەگی بێ لانە لە شەقامەکان و گواستنەوەیان بۆ شوێنی داڵدەدان و پێشکەشکردنی بە هەرکەسێک کە بیەوێت ببێتە خاوەن پێدەسپێردرێت، سەگی توند و تیژ یان ئەوانەی بەدەست نەخۆشییەکەوە دەناڵێنن کە چارەسەریان نییە دەکوژرێن.

 

عەبدوڵڵا گولەر، پەرلەمانتاری پارتی داد و گەشەپێدان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، “شەقام شوێنێک نییە سەگ تێیدا بژی، بەڵام مافی ئەوەیان هەیە لە شوێنی حەوانەوەی گونجاوتردا بژین”.

 

بەگوێرەی ڕەشنووسی یاساکە، ژمارەی سەگی بێ لانە لە تورکیا بە 4 ملیۆن سەگ مەزەندە دەکرێن.

 

شارەوانییەکان لە شارە جۆربەجۆرەکانی تورکیا لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا دوو ملیۆن و 500 هەزار سەگیان تەعقیمکردووە، کە یاسای ئێستا داوا لە نشارەوانییەکان دەکات هەموو سەگەکانی سەر شەقام تەعقیم بکەن و کوتانیان بۆ ئەنجام بدەن و دواتر بەجێیان بهێڵن، بەڵام بەپێی دەرخستەی پرۆژە یاسا تازەکە، سەگەکان بەشێکیان دەبێت لەناو ببرێن.

 

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

لە چین، باخچەکانی ساوایان دەکرێنە خانەی بەساڵاچووان
پێشت لە چین، باخچەکانی ساوایان دەکرێنە خانەی بەساڵاچووان
هەوڵی تیرۆرکردن، هاوسۆزی بۆ ترەمپ دەوروژێنێت
دواتر هەوڵی تیرۆرکردن، هاوسۆزی بۆ ترەمپ دەوروژێنێت
پەیوەندیدار