گرێبەستییان پێشکەشکرد، بەڵام ئێستا دەیەوێت بیکڕێت



بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامە فەرەنسییەکان، کیلیان مباپێ و خێزانەکەی لە گفتوگۆیەکی پێشکەوتوودان سەبارەت بە ئەگەری کڕینی یانەی مالهێربی کاین، یانەی تۆپی پێی فەرەنسی، کە لە ساڵی ٢٠١٣ هەوڵیدا گرێبەست لەگەڵ هێرشبەرە نێودەوڵەتییەکە واژۆبکات.

مباپێ، لە ئێستادا خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی هەنگاوێکی نوێ لە ژیانی وەرزشیدا بنێت، دوای ئەوەی لەم هاوینەدا بە گرێبەستێکی بێبەرامبەر لە پاریس سان جێرمانەوە ڕووی لە یانەی شاهانەی ئیسپانیا ڕیال مەدرید کرد.

ڕۆژنامەی ئۆست فرانسی فەرەنسی بڵاویکردەوە، مباپێ و خێزانەکەی سەرقاڵی گرێبەستێکن بۆ وەبەرهێنان لە مالهێربی کاین کە لە خولی پلە دووی فەرەنسی یاری دەکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا کاین بەدوای وەبەرهێنەری نوێدا دەگەڕێت، دوای ئەوەی کۆمپانیای بەڕێوەبردنی سەروەت و سامانی ئەمریکی، ئۆکتری کاپیتال مەنجەمەنێت، کە خاوەن پشکی کەمینەی یانەکەیە ڕایگەیاند، کە لە خاوەندارێتی یانەکە دەکشێنەوە.

لە درێژەی قسەکانیدا وتی “کۆمپانیای خێزانی مباپێ کە دایکی فەیزا ئەلعەماری پشکێکی زۆری تێدا هەیە ، ئارەزووی بەدەستهێنانی زۆرینەی پشکەکانی هەیە لە خاوەندارێتی کاین”.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دانوستانەکان گەیشتوونەتە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتوو و نزیکە لە سەرکەوتن، بەجۆرێک مباپێ پێش دەستپێکردنی گەشتەکەی لەگەڵ ڕیال مەدرید دەچێتە ناو پرۆژەیەکی وەبەرهێنانی قورسەوە.

مباپێ لە ساڵی 2013 ئامادەبوو پەیوەندی بە کاین بکات، بەڵام گرێبەستەکە شکستی هێنا بەهۆی دابەزینی تیپەکە بۆ خولی پلە دوو، بۆیە یاریزانەکە بەرەو مۆناکۆ ڕۆیشت، ئەو یانەیەی کە بووە سەرەتای دەرکەوتنی وەک یەکێک لە باشترین هێرشبەرەکانی جیهان.

جێگای سەرنجە یانەی ڕیال مەدرید ڕایگەیاند ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە مەدرید بە فەرمی مباپێ وەک یاریزان لە ڕیزەکانی خۆیدا لە مەراسیمێکی گەورەدا پێشکەش دەکات.

فەیسبووک سزاکانی سەر ترەمپ هەڵدەگرێت
پێشت فەیسبووک سزاکانی سەر ترەمپ هەڵدەگرێت
وادەی کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکان لە خاکی هەرێم ڕاگەیەندرا
دواتر وادەی کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکان لە خاکی هەرێم ڕاگەیەندرا
پەیوەندیدار