جیاوازییەکە نزیکەی چوار ملیار دینارە!



عەبدلواحید محەمەد – مامۆستا

 

پەروەردە و فێرکردن بەردی بناغەی پێگەیاندنی نەوەی تەندروستە، دواجاریش کۆمەڵگەیەکی تەندروست، بۆ ئەوە پێویستە هەمیشە لە ئەولەویەتی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بێت، بە دیوێکیتر بۆ ئەوەی پڕۆسەکە زۆر بە باشی ئامانجەکانی بەرجەست بکات، دەبێت بودجەی پێویست، میلاکی کارا و شارەزا، بینا و باڵەخانەی مۆدێرن، تەکنیک، تەکنەلۆژیای تازە و ڕاهێنانی بەردەوامی بۆ فەراهەمبکرێت، هیچ هۆکارێکیش نابێت ببێتە ڕێگر بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی پەروەردە و فێرکردن.

تیشکدەخەمە سەر میلاکی کارا و شارەزا، مەبەستم مامۆستایە، هەموو لایەک ئەو ڕاستییە دەزانن، سەرمەشقی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن مامۆستایە، واتە مامۆستا پێشەنگی بەڕێوەچونی ئەو پڕۆسە بوونیادیەیە، چونکە ئەگەر هەموو جومگەکانیترت هەبێت، بە کەموکوڕی لە میلاکدا لەمپەرێکی گەورە بۆ بەڕێوەچونی پڕۆسەکە و بەرجەستەکردنی ئامانجەکان دروستدەبێت، بۆیە لەسەر حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار پێویستە بێ دوودڵی و پاساوهێنانەوە میلاک دابینبکات، هەر ئەوەش نا بەڵکو دەبێت بایەخێکی زۆر بە شارەزابوونیان بدات.

جێگەی نیگەرانی قوڵە حکومەتی هەرێم پێش دروستبوونی تەنگژەی داراییش، ڕاستە ساڵانە میلاکی پێویستیان دادەمەزراند، بگرە زیاتریش، لێ زۆر بە کەمی بایەخیان بە جۆرایەتی و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی، مەعریفی و لایەنی پەروەردەیی مامۆستایان دەدرا، بە بەڵگەی ئەوەی هەرچی دەرچووبا دایان دەمەزراند و ڕاهێنانی پێویستیشیان پێنەدەکرا، تاوەکو بە باشی ئەرکە پەروەردەییەکانیان ئەدابکەن، جگە لەوەش هیچ بنەمایەک یان پاڵنەرێک پەیڕەونەکراوە بۆ لێکجیاکردنەوەی مامۆستای کاراما و ئەوانەی پێویستیان بە بایەخی زیاتربووە.

ئەوە خۆی لە خۆیدا کێشەیەکی گەورە بووە لەبەردەم پرۆسەی پەروەردە، مخابن گرفتەکان لەو نەوەستان بگرە گەورەتر بوون، چونکە لە دوای ٢٠١٤ەوە میللی کاتژمێرەکان بە تەواوی وەستێنرا و بە پاساوی لاوازی باری دارایی هەموو جۆرە دامەزراندنێک بۆ پەروەردە راگیرا، ئەمە لە کاتێکدا ساڵانە دەبێت دامەزراندن هەبێت، چونکە بە سروشت ژمارەیەک خانەنشین دەبن و ژمارەیەکیش مۆڵەتی دایکایەتی، خوێندن، بێمووچە و بەخێوکردنی خاوەن پێداویستی تایبەت وەردەگرن، هەموەی بخەیەوە سەریەکتر زیاتر لە ١٠ هەزار کەس دەبن، ڕاستە ساڵانە ڕێژەک لەوانە دەگەڕێنەوە، بەڵام بەهۆی ئەو حاڵەتانەی ئاماژەمان پێدا ساڵانە هەر دەبێت میلاکی تازە فەراهەمبکرێت.

کەچی حکومەت هەروەکو رامانگەیاند دەرگاکانی داخست و پەنایبردە بەر وانەبێژان، ساڵانە بۆشاییەکانیان بەو بەڕێزانە پڕکردۆتەوە ، دیارە لەوەشدا خەوشی زۆر هەبووە بەڵام جارێ با لێگەڕێین تا وەختی خۆی، ئیتر وانەبێژی بووە ڕێچکەی وەزارەتی پەروەردە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان، ئەمساڵ ژمارەکەیان بووە ٣٧ هەزار مامۆستای وانەبێژ بووە، ئەکید بەو بارودۆخەوە ژمارەکە بەرەو هەڵکشان دەچێت و لەوەش زیاتر دەبێت.

ئەوەی جێگەی نیگەرانییە تا ئێستا خەمێکی جددی لە یەکلاکردنەوەی چارەنوسیان نەخوراوە ، سەرباری ئەوەی هەموو ساڵێ ئەو بەڕێزانە لە ڕێگەی یاداشت، گردبوونەوە و ڕێپوان داوای ئەو مافە ڕەوایەی خۆیان کردووە، کەچی حکومەت ئاوڕی لەو داخوزاییەیان نەداوەتەوە و کێشەکەیانی بە کراوەیی هێشتۆتەوە ، لە کاتێکدا لەنێوان کرێی وانەبێژی و دامەزراندن یان گرێبەست کردنیان جیاوازیەکی ئەوتۆ لە ڕووی داراییەوە نییە.

بەپێی ڕاگەیاندنەکانی وەزارەتی دارایی ئێستا بڕی شایستە داراییەکانی کرێکانی وانەبێژان نزیکەی ١٥ ملیار دینارە، ئەگەر دابمەزرێن دەگاتە نزیکەی ١٩ ملیار دینار، واتە جیاوازییەکە تەنها چوار ملیار دینارە .

ئەمساڵ دوای بەرە و پێشوەچونی پەیوەندییەکان لەنێوان حکومەتی مەرکەزی و حکومەتی هەرێمدا بە تایبەت لە ڕووی داراییەوە، وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ناوەکانی وانەبێژانی ڕەوانەی بەغداد کرد، بۆ ئەوەی مووچەکانیان دابینبکرێت و دابمەزرێنرێن، لێ کێشەک هەیە دەبێ درکی پێبکرێت، ئەویش ئەوەیە، حکومەتی مەرکەزی کاروبارەکانی بە پێی بودجەی بەردەست بەڕێوەدەبات، ئەمە پاساوێک دەبێت بۆ ئەوەی خۆیان لەو ئەرکە بدزنەوە و بڵێن ئەمساڵ بودجە بۆ دامەزراندن تەرخاننەکراوە.

بۆیە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە نابێت هەر بەوە لێگەڕێن و بڵێن ناوەکانمان ڕەوانەی بەغداد کردووە، بە پێچەوانە دەبێت هەموو قورسایی خۆیان بەکاربهێنن بۆ دامەزراندنیان، یان خۆیان ئەو ئەرکە لە ئەستۆبگرن:

یەکەم، لەبەرئەوەی ئەو بەڕێزانە بەو ژمارە زۆرەیانەوە بوونەتە بەشێکی گرنگ لە میلاکی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن، بە جۆرێک ڕێژەکەیان دەگاتە زیاتر لە ٪٢٥ بە دڵنیایەوە بەرەو زیادبوونیش دەچن.

دووەم، دڵنیام ئەمساڵ بێدەنگ نابن لە ئاست ئەو نادادیەی بەرامبەریان دەکرێت، ئیتر بە ڕێپوان یان بە خۆپیشاندان یان چوون بۆ بەغداد بێت، ڕاستە چەند ساڵەش چالاکی جۆراجۆریان نواندووە، بەڵام بەهۆی فشاری زۆرەوە لەسەریان هەوڵەکانیان لەباربراوە، لێ ئەمساڵ وای دەبینم جیاواز و گەرمەگوڕتر بێت، لەبەر ئەوەی پاڵپشت و هاندەریان زۆرە بۆ بەرجەستە کردنی ئەو مافە ڕەوایەیان کە هەتا ئێستا حکومەتی هەرێم پێی ڕەوا نەبینون.

 

نرخی زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆوە
پێشت نرخی زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆوە
چارەنووسی مامۆستایانی وانەبێژ بە کوێ گەیشتووە؟
دواتر چارەنووسی مامۆستایانی وانەبێژ بە کوێ گەیشتووە؟
پەیوەندیدار