گولەر: پشتێنەیەکی ئەمنی بە قووڵایی 40 کیلۆمەتر لە عێراق دروست دەکەین



وەزیری بەرگری تورکیا جەخت دەکاتەوە لەوەی سوورن لەسەر ئەوەی بە قووڵایی 40 کیلۆمەتر پشتێنەیەکی ئەمنیی لە هەرێمی کوردستاندا دروست بکەن، هەرچەندە سەرۆک وەزیرانی دەڵێت، لەشکرکێشییەکەی تورکیا ڕەتدەکەنەوە.

یاشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، سوورین لەسەر دروستکردنی پشتێنەیەکی ئەمنی بە قووڵایی 30-40 کیلۆمەتر بە درێژایی سنوورەکانمان لەگەڵ عێراق و سووریا.

وتیشی: “سوورین لەسەر پاککردنەوەی ناوچەکە لە تیرۆر و ئۆپەراسیۆنەکانمان بەردەوام دەبن تا دوایین تیرۆریست لەناودەبەین” کە مەبەستی لە پارتی کرێکارانی کوردستان بوو.

ئەم لێدوانەش لە کاتێکدا کە حکومەتی عێراق لەسەر ئاستی فەرمی لەشکرکێشییەکەی تورکیا ڕەتدەکاتەوە و یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنى وەزاریى ئاسایشى نیشتمانیدا کە بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی بەڕێوەچوو، جەخت کرایەوە لەسەر ڕەتکردنەوەی لەشکرکێشی و پێشێلکارییە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق.

وتیشی: “سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی ناردنی شاندێکی کرد بۆ هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، بەمەبەستی پێداچوونەوە بە دۆخی گشتی و گرتنەبەری هەڵوێستێکی یەکگرتوو سەبارەت ئەم پرسە، کە کاریگەری لەسەر سەروەری عێراق هەیە”.

هەرچەندە حکومەتی عێراق بە فەرمی ئەو لەشکرکێشییەی تورکیا ڕەتدەکاتەوە، بەڵام نەگرتنەبەری هیچ جۆرە ڕێکارێکی یاسایی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە تورکیا، گومانی دروستکردووە لەسەر ڕاستی ئەو هەڵوێستە و ناوەندە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن کە پێشوەختە تورکیا لەگەڵ عێراق ڕێککەوتووە.

“ئەنجامدانی حەج و عومرە بووەتە کێبڕکێ”
پێشت “ئەنجامدانی حەج و عومرە بووەتە کێبڕکێ”
پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە
دواتر پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە
پەیوەندیدار