شارەوانی سلێمانی: ٣٢ هەزار فەرمانبەر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن



لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستکرا بە دابەشکردنی فۆڕم بەسەر فەرمانبەران بە مەبەستی سوودمەندبوون لە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ وەرگرتنی زەوی.

لەوبارەیەوە لێپرسراوی ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتیی شارەوانییەکانی سلێمانی دەڵێت، “٣٢ هەزار فەرمانبەر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن، بەڵام تا ئێستا دیار نییە فەرمانبەرانی ناوچە جێناکۆکەکان سوودمەند دەبن یاخود نا”.

ئاوات عەزیز، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتیی شارەوانییەکانی سلێمانی بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک ڕایگەیاند، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا فۆڕمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا گەیشتووەتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی، گشتاندنیش کراوە بۆ سەرجەم شارەوانییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان.

وەرگرتنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بە شێوەی خاڵبەندییە و لەوبارەیەوە وتی، ئەو فەرمانبەرە دەبێت لە ٨ ساڵ زیاتر خزمەتی هەبێت و ساڵەکانی خزمەتی بۆ هەژمار دەکرێت، پێویستە پێشتر سوودمەند نەبووبێت لە وەرگرتنی خانوو و زەوی، شوقە و سندوقی نیشتەجێبوون لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها ژمارەی منداڵ و هاوسەریش حسابی بۆ دەکرێت.

ئاماژەی بەوەکرد، لە سنووری ٤٥ شارەوانی سلێمانی ٣٢ هەزار فەرمانبەر لە وەرگرتنی زەوییەکان سوودمەند دەبن، لە هەموو قەزا و ناحییەکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی.

ئاوات عەزیز ئەوەشی خستەڕوو، ئەو فەرمانبەرانەی خاوەنپێداویستی تایبەتن یاخود نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە وەک فەرمانبەری ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام ئەو فەرمانبەرانەی منداڵەکانیان خاوەنپێداویستی تایبەتن و پێشتر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوون، ئەگەر بە ناوی منداڵەکانیانەوە بێت، دەتوانن لەم بڕیارە بۆ وەرگرتنی زەوی سوودمەندبن.

لەبارەی شوێنی ئەو زەوییانەی کە بەسەر فەرمانبەران دابەشدەکرێت ڕایگەیاند، هەر فەرمانبەرێک لە سنووری شارەوانییەکەی خۆی زەوی پێدەدرێت، بەڵام ئەگەر فەرمانبەرێک لە سنووری شارەوانییەک فەرمانبەربێت و خۆشی کارتی نیشتەجێبوونەکەی شوێنێکی تر بێت، ئەوا فەرمانبەرەکە سەرپشک دەبێت کە زەوییەکە لە کام شارەوانییە وەربگرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، فەرمانبەرانی ناوچە جێناکۆکەکان لەنێوان حکومەتی هەرێم و عێراق وەک: خاڵخاڵان، شوان، قەرەهەنجیرو تەکیەی جەباری، تا ئێستا یەکلایی نەبوونەتەوە کە سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی یاخود نا، لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە نووسراو کراوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و چاوەڕێی وەڵام دەکەین.

جەختی لەوەشکردەوە، ئێستا فەرمانبەران دەتوانن لە ڕێگەی فەرمانگەکانی خۆیانەوە فۆڕمەکە وەربگرن و پڕی بکەنەوە.

لەبارەی وادەی کۆتاییهاتنی دابەشکردنی فۆڕمەکە بەسەر فەرمانبەران ئاماژەی بەوەکرد، کاتەکە دیاری نەکراوە، بەڵام داوا لە فەرمانبەران دەکرێت بە زووترین کات فۆڕمەکە پربکەنەوە.

هاوکات پێشتر وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم ڕێنمایی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێم بڵاوکردەوە و تیایدا مەرجەكانی وەرگرتنی زەوی و ڕووبەری زەوییەكە و نرخی تاپۆكردنی و خاڵبەندی وەرگرتنی دیاری کرد.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەنجومەنی وەزیران لە ڕێکەوی ٢٧ ئازار چەندین بڕیاری لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەرکرد، لەنێویاندا بڕیاری دابەشکردنی زەوی بوو بەسەر فەرمانبەران.

وەزیری پێشمەرگە زانیاری نوێ دەربارەی دابەشکردنی مووچە ئاشکرا دەکات
پێشت وەزیری پێشمەرگە زانیاری نوێ دەربارەی دابەشکردنی مووچە ئاشکرا دەکات
پزیشکیان: گرنگییەکی زۆر بە عێراقی مەزن دەدەین
دواتر پزیشکیان: گرنگییەکی زۆر بە عێراقی مەزن دەدەین
پەیوەندیدار