گەرما و پاڵەپەستۆ لەپشت بەرزی ژمارەی گیانلەدەستدانی حاجیانن



سعودیە لەم مانگەدا ڕووبەڕووی دۆخێکی نەخوازراو بووە وە، بە سەردانی سەدان هەزار حاجیی تۆمارنەکراو بۆ مەراسیمی حەج.

 

لە مەراسیمی حەجی مساڵدا زیاتر لە هەزار گیانلەدەستدان، لەنێو حاجییاندا تۆمارکراون، کە زۆربەیان هۆکارەکەی گەرما و پاڵە پەستۆ بووە.

 

بەگوێرەی ئاژانس فرانس پرێس، ژمارەی گیانلەدەستدانی حاجیانی میسر زۆرترین ژمارە بووە بەلایەنی کەمەوە ٦٥٨ حاجی گیانیان لەدەستداوە، کە لەو ژمارەیە ٦٣٠ حاجییان هەڵگری مۆڵەتی حەج نەبوون.

 

ئەمە لە کاتێکدایە وڵاتانی دیکەی وەک ئەردەن، تونس، ئێران، عێراق، پاکستان، مالیزیا، هیندستان، سودان، سەنیگال و ئەندەنوسیاش ژمارەی گیان لەدەستدانی حاجییانیان خستووەتەڕوو و هەرێمی کوردستانیش لەو ژمارەیە بە ٢٣ حاجی بەشدارە لە ئاماری گیانلەدەستدانەکان.

ناوەندی نیشتمانی کەشناسی سعودیە بڵاویکردەوە، پلەکانی گەرما لە هەفتەی رابردوودا لە شاری مەککە گەیشتووەتە ٥١.٨ پلەی سەدی.

 

لێکۆڵینەوەیەکی سعودی کە لەلایەن زانکۆی زانست و تەکنەلۆجیای مەلیک عەبدوڵڵا ئەنجامدراوە و مانگی ڕابردوو بڵاوکراوەتەوە، پشتڕاستی کردووەتەوە کە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا پلەکانی گەرما لە ناوچەکەدا هەر دەیەیەک بە ڕێژەی ٠.٤ پلەی سەدی بەرزبووەتەوە.

 

لێکۆڵینەوەکە دەشڵێت: پلەکانی گەرما لە نیمچە دورگەی عەرەبیدا دەتوانن تا کۆتایی ئەم سەدەیە بەڕێژەی ٥.٦ پلەی سەدی بەرز ببنەوە.

لە وەرزی حەجی ساڵی ڕابردوودا، ئاماری گیانلەدەستدانی وڵاتان زیاتر لە ٣٠٠ کەس بوو، کە زۆربەیان خەڵکی ئەندەنوسیا بوون و بەهۆی فشاری گەرماوە گیانیان لەدەستدابوو، لەکاتێکدا پلەکانی گەرما گەیشتبوونە ٤٨ پلەی سەدی.

 

گەورەترین کارەساتی حەج کە تا ئێستا ڕوویدابێت، لە ساڵی٢٠١٥ دا بوو، لە کاتی بەردبارانکردن، کە ٢٣٠٠ حاجی گیانیان لەدەستدا.

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگریی شارستانی سعوودیە لەو کاتەدا ڕایگەیاند؛ ڕووداوەکە لە ئەنجامی پاڵەپەستۆ و زیادبوونی لەناکاوی ژمارەی حاجیانی ڕوو لە ناوچەی جەمەرات بووە، ئەم ڕووداوە دوای مردنی زیاتر لە ١٠٠ کەس و برینداربوونی سەدان کەسی دیکە هات، کە ژمارەیەکی زۆریان لە بیانییەکان بوون، بەهۆی کەوتنە خوارەوەی کرێنێک لە حەرەمدا.

 

لە ساڵی ٢٠٠٦دا نزیکەی ٣٦٤ حاجی گیانیان لەدەستدا لە کاتی بەردبارانکردندا، کە لە نێویاندا حاجیانی چین، ئێران، جەزائیر و ئوردن هەبوون، ئەمەش دوای کارەساتێکی دیکە هات کە هەفتەیەک پێشتر ڕوویدا، پاش ئەوەی هۆتێلێک لە سەنتەری شارەکەدا ڕووخا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٧٦ کەس.

 

بەهەمان شیوە لە ساڵی ٢٠٠٥، لە کاتی بەردبارانکردندا (ڕەجمی شەیتان)، سێ حاجی ژێر پی کەوتن و بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا.

 

لە ساڵی ٢٠٠٤دا، ٢٥١ حاجی گیانیان لەدەستدا، دوای ئەوەی لە نزیک پردی جەمارات پاڵەپەستۆیەکی گەورە ڕوویدا.

 

لە ساڵی ١٩٩٨، لە مینا لە ڕووداویکدا زیاتر لە ١١٨ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٨٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

 

چوار ساڵ پێشتر، لە هەمان شوێن، لە ٢٤ی ئایاری ١٩٩٤دا، رووداویکی دیکە گیانلەدەستدانی ٢٧٠ کەسی لێکەوتەوە.

 

لە ساڵی ١٩٩٠ دا، ڕووداوێکی گەورە لەناو تونێلی ئەلموعەیسەم ڕوویدا، و بەهۆیەوە هەزار و ٤٢٦ حاجی گیانیان لەدەستدا، کە زۆربەیان خەڵکی ئەندەنوسیا و تورکیا بوون.

 

هەر لە ماوەی ئەو ساڵانەشدا ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی کوشندە لە کەمپەکانی حاجیاندا هۆکاربوون بۆ گیانلەدەستدان، دیارترینیان لە ساڵی ١٩٩٧دا بووە دوای ئەوەی بەهۆی گڕگرتنی غاز لە کەمپی نیشتەجێبوونی زیارەتکاران لە ناوچەی مینا ئاگر کەوتەوە و لە ئەنجامدا ٣٤٣ کەس گیانیان لەدەستداو نزیکەی ١٥٠٠ کەسی دیکە، بریندار بوون.

 

لە ساڵی ١٩٩٥دا سێ حاجی گیانیان لەدەستدا و ٩٩ی دیکەش برینداربوون، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی دیکە لە چادرەکانی زیارەتکاران لە مینا.

 

لە ساڵی ١٩٧٥ بەهۆی تەقینەوەی غاز کە بۆ چێشت لێنان بەکارهاتبوو لە کەمپی حاجیانی نزیک شاری مەککە ئاگرێکی گەورە کەوتەوە و بەهۆیەوە ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا.

 

دووجار هێرش بۆ سەر مزگەوتی حەرام لە ساڵی ١٩٨٩ بووە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی ١٦ کەسی دیکە، کە ١٦ هاوڵاتی کوەیتی تۆمەتبار کران بە ئەنجامدانی هێرشەکە و چەند هەفتەیەک دواتر لەسێدارە دران.

 

لە ساڵی ١٩٨٧ هێزە ئەمنییەکانی سعوودیە ڕووبەڕووی خۆپیشاندانێک بوونەوە کە لەلایەن حاجیانی ئێرانییەوە ئەنجامدرابوو، ٤٠٢ حاجی لەو توندوتیژییەدا گیانیان لەدەستدا کە ٢٧٥ حاجییان ئێرانی بوون.

 

لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٩ سەدان چەکداری دژ بە بنەماڵەی شاهانەی سعودی، بۆ ماوەی دوو هەفتە لە مزگەوتی حەرام لە مەککە خۆیان بەربەست کرد و دەیان حاجییان بە بارمتە گرت، لەڕووبەرووبوونەوەکاندا ١٥٣ کوژراو و ٥٦٠ برینداری لێکەوتووەتەوە.

جگە لە مووچە، هاوکاری دارایی دەدرێتە پێشمەرگە
پێشت جگە لە مووچە، هاوکاری دارایی دەدرێتە پێشمەرگە
لە شەش ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەدا زیاتر لە 800 دۆنمی سنووری سلێمانی سووتان
دواتر لە شەش ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەدا زیاتر لە 800 دۆنمی سنووری سلێمانی سووتان
پەیوەندیدار