ساڵح موسلیم هەڵوێستی ئەمریکا لەسەر هەڵبژاردنەکەی ڕۆژئاوای کوردستان ئاشکرا دەکات



هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی ئاشکرای دەکات کە ئەمریکییەکان دەربارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێیان راگەیاندوون پەلەتان کردووە، بەڵام جەختیش دەکاتەوە لەوەی پرۆسەکە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕیوەدەچێت و سەرلەنوێش ئامادەیی بۆ دانوستان لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد دووپات دەکاتەوە.

ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتدا ڕەتیدەکاتەوە کە دواخستنی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان پەیوەندی بە گوشاری ئەمریکا و هەڕەشەکانی تورکیاوە هەبووبێت و ڕایگەیاند، هۆکاری دواخستنی ئەمدواییەی هەڵبژاردنەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ویستویانە چاودێر و میوانی بیانی و عەرەب سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکە بکەن، بەڵام ئەو دامەزراوانە کاتی زیاتریان پێویست بوو بۆ ڕێکخستنی ڕێکارەکانی گەشتکردن.

جەختیشیکردەوە لەوەی دواخستنەکە بەهۆی گوشاری ئەمریکا یان هەڕەشەکانی تورکیاوە نەبووە، “چونکە ئەو لایەنە دوژمنکارە (تورکیا) دژی هەر هەنگاوێکی ناوخۆیی بۆ ڕێکخستنی کاروباری ناوچەکەمان دەوەستێتەوە”.

وتیشی: “ئەم هەڵبژاردنە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دەکرێت” کە بڕیارە مانگی ئابی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمریکاش لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ساڵح موسلیم دەڵێت: وتیان “پێمانوایە لەو هەنگاوەدا پەلەتان کردووە”، جگە لەوە هیچی دیکەیان نەگوت، بەڵام نازانین مەبەستیان لەو پەلەکردنە چییە.

هاوسەرۆکی پەیەدە ڕەتیشیکردەوە خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هیچ پلانێکی بۆ جیابوونەوە لە سووریا هەبێت و ڕایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە بۆ ڕێکخستنی کاروباری ناوخۆیە.

مانگی ئایاری ڕابردوو بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا لە کۆبوونەوەیەکی لیژنەی ناوەندی حزبی بەعسدا ڕایگەیاند، حکومەت دەیەوێت لە چەند مانگی داهاتوودا چارەسەرێکی سیاسیی لەگەڵ خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا بدۆزێتەوە.

لایخۆشیەوە، ساڵح موسلیم سەرلەنوێ ئامادەیی بۆ دانوستان و دیالۆگ لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند، هەر لە سەرەتاوە داوای دیالۆگمان لەگەڵ هێزە سیاسییەکان کردووە، بە ڕژێمی فەرمانڕەواشەوە و لێدوانەکەی بەشار ئەسەدیشی بە “لێدوانێکی دروست” وەسفکرد.

کار بۆ زیادکردنی بەرهەمی ماسی دەکرێت
پێشت کار بۆ زیادکردنی بەرهەمی ماسی دەکرێت
ئیلۆن ماسک بە وێنەیەک جیهان دەهەژێنێت
دواتر ئیلۆن ماسک بە وێنەیەک جیهان دەهەژێنێت
پەیوەندیدار