ئینگلتەرا بۆ یەکەمجار ڤاکسینی شێرپەنجە تاقیدەکاتەوە



ئینگلتەرا بۆ یەکەمجار ڤاکسینی شێرپەنجە تاقیدەکاتەوە، کە سیستمی بەرگری لەش چالاک دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە.

ڤاکسینی شێرپەنجە جۆرێکە لە چارەسەری بەرگری و بۆ هاندانی سیستەمی بەرگری لەش دروست دەکرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت شوێنی خانە شێرپەنجەییەکان بدۆزێتەوە و بەرەنگارییان ببێتەوە، ئەمەش ئەگەری گەڕانەوەی نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان کەمدەکاتەوە.

بە پێچەوانەی ڤاکسینی نەخۆشیەکانی وەک ئەنفلۆنزا یان کۆڤید-١٩ کە بۆ ڕێگریکردن لە نەخۆشکەوتنی کەسێک بەکاردەهێنرێت، ڤاکسینی شێرپەنجە چارەسەری ئەو کەسانە دەکات کە پێشتر نەخۆشییەکەیان هەبووە.

بەگوێرەی هەواڵێکی نیوزویک، چەندین پێگەی خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتمانی لە سەرتاسەری ئینگلتەرا بەشداری تاقیکردنەوەکە دەکەن، کە سەرەتا تیشک دەخاتە سەر ئەو نەخۆشانەی کە تووشی شێرپەنجەی کۆڵۆن و ڕیخۆڵە، پەنکریاس، پێست، سییەکان، میزڵدان و گورچیلە بوون.

ڤاکسینەکانی ئەم تاقیکردنەوەیە لە لایەن کۆمپانیای بایۆتەکنەلۆجی BioNTech SE بەرهەم دەهێنرێن.

ئیان فۆکس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری توێژینەوە و داهێنان لە توێژینەوەی شێرپەنجەی بەریتانیا، میکانیزمی کارکردنی ڤاکسینەکەی ڕوونکردەوە و وتی، ڤاکسینی mRNA سیستەمی بەرگری لەش هان دەدات و بەم شێوەیە شێرپەنجە لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا دەستنیشان دەکات و دەیکاتە ئامانج.

ڤاکسین بەشێکی بێ زیان لە میکرۆب یان ڤایرۆسەکە (وەک پرۆتین، فۆرمێکی مردوو یان لاوازی میکرۆبەکە، یان پارچەیەک لە ماددە بۆماوەییەکانی) لەخۆدەگرێت، کە سیستەمی بەرگری لەش وەک نامۆ دەیناسێتەوە و بە بەرهەمهێنانی دژەتەن وەڵامی دەداتەوە.

ئەگەر لە داهاتوودا میکرۆبەکە هێرش بکاتە سەر لەش، ئەوا سیستەمی بەرگری دەتوانێت بە خێرایی بیناسێتەوە و بە بەکارهێنانی خانەکانی یادەوەری و دژەتەن هێرش بکاتە سەری، ئەمەش ڕێگری دەکات لەوەی کەسەکە تووشی نەخۆشییەکە ببێت یاخود توندییەکەی کەم دەکاتەوە.

ڤاکسینەکانی شێرپەنجە بە شیکردنەوەی شێرپەنجە یان وەرەمی نەخۆشێک کاردەکەن، پاشان ڤاکسینێکی تایبەتمەند دروست دەکەن کە نیشاندەرەکانی تێدایە کە لەسەر خانە شێرپەنجەییەکانیان دەدۆزرێتەوە، هەر بۆیە لە ڕێگەی ڤاکسینەکەوە سیستەمی بەرگری لەش بەرەنگاری خانە شێرپەنجەییەکان دەبێتەوە.

توێژەران هیوادارن ئەم چارەسەرە شانبەشانی نەشتەرگەری و چارەسەری کیمیایی و چارەسەری تیشکی بەکاربهێنرێت بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی نەخۆشی شێرپەنجە لەو کەسانەی کە جاکبوونەتەوە، پێشبینیش دەکرێت کاریگەری لاوەکی کەمتری هەبێت لە چاو چارەسەرەکانی تر.

تاقیکردنەوەکە تا ساڵی ٢٠٢٧ تەواو نابێت، بۆیە ساڵانێکی زۆری دەوێت تا ئەم چارەسەرە بۆ هەمووان بەردەست دەبێت.

سودانی: ڕێگای گەشەپێدان بەستنەوەی ڕۆژھەڵاتە بە ئەورووپاوە لە ڕێگای خاکی عێراق
پێشت سودانی: ڕێگای گەشەپێدان بەستنەوەی ڕۆژھەڵاتە بە ئەورووپاوە لە ڕێگای خاکی عێراق
شێرکۆ جەودەت: ئەم مانگە بایی ٣٠ ملیار دینار ناوی نوێ بۆ لیستی مووچەخۆرانی هەرێم زیادکراوە
دواتر شێرکۆ جەودەت: ئەم مانگە بایی ٣٠ ملیار دینار ناوی نوێ بۆ لیستی مووچەخۆرانی هەرێم زیادکراوە
پەیوەندیدار