قوباد تاڵەبانی: مەبەستمانە بگەینە ڕێككەوتنی كۆتایی بۆ بودجە و مووچە



قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ بنیامین هانا، جێگری كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێم كۆبووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بابەتی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆ كرا.

بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاندووە، هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە هەڵبژاردن لە نزیكترین دەرفەتدا و لە ئەمساڵدا بكرێت.

سەبارەت بە كورسی كۆتاكان، قوباد تاڵەبانی ڕوونی كردەوە، كە بێ جیاوازی داكۆكی لە هەموو مافی پێكهاتەكان دەكەین، وتیشی “هیچ كاتێك دژی كورسی كۆتای پێكهاتەكان نەبووین و ناشبین، بەڵكو خواست و هەوڵی ئێمە ئەوەیە پێكهاتەكان بتوانن نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان هەبێت لە پەرلەمانی كوردستان”.

سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و پرسی بودجەی هەرێم، جێگری سەرۆك وەزیران ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێم هەموو ئامادەییەكی نیشان داوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت و وتیشی ئێمە نابینە كێشە لەبەردەم دەستپێكردنەوەی پڕۆسەكەدا.

سەبارەت بە پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا، كە هەنگاوی باش نراوە بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكە و وتیشی، “شاندی حكومەت ئامادەیە سەردانی بەغدا بكات و مەبەستمانە بگەینە ڕێككەوتنی كۆتایی بۆ چارەسەركردنی یەكجاری كێشەی بودجە و مووچە”.

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، گفتوگۆ كرا لەبارەی بونیادنانی زانكۆیەكی كوردی ــ ئەڵمانی لە شاری سلێمانی، قوباد تاڵەبانی پشتگیری و ئامادەیی تەواوی حكومەتی هەرێمی دەربڕی بۆ پێشكەشكردنی هەموو كارئاسانییەك بۆ كردنەوەی زانكۆكە.

“دەبێت سەرلەنوێ مێژووی سلێمانی بنوسرێتەوە”
پێشت “دەبێت سەرلەنوێ مێژووی سلێمانی بنوسرێتەوە”
مەسرور بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عێراق کۆبووەوە
دواتر مەسرور بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عێراق کۆبووەوە
پەیوەندیدار