ڕۆبێرت فیتسۆ… سەرۆک وەزیرانی سلۆڤاکیا بناسە کە هەوڵی تیرۆرکردنی درا



پارێزەر و سیاسەتمەدارێکی چەپی سلۆڤاکیا لە ساڵی ١٩٦٤ لەدایک بووە، ئەو کاتەی سلۆڤاکیا و چیک هێشتا یەک کۆمار بوون بە ناوی چیکۆسلۆڤاکیا، لە سلۆڤاکیا و یەکێتی ئەوروپا چەندین پۆستی هەبووە و ئەو سیاسەتمەدارەیە کە زۆرترین پۆستی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی هەبووە، لە ١٥ی ئایاری ٢٠٢٤ هەوڵی تیرۆرکردنی درا.

ڕۆبێرت فیتسۆ لە ١٥ی ئەیلوولی ١٩٦٤ لە باکووری ڕۆژئاوای چیکۆسلۆڤاکیا لەدایکبووە، تەمەنی منداڵی لە شاری هرۆسۆڤانی بەسەر بردووە و کاتێک تەمەنی شەش ساڵ بووە، بنەماڵەکەی ڕوویان لە شارۆچکەی تۆپۆلکانی هەمان پارێزگا کردووە.

باوکی شۆفێری کۆمپانیایەک بووە، دایکی کرێکاری دوکانی پێڵاو بووە، برایەکی هەیە بە ناوی لادیسلاڤ کە بەڵێندەری بیناسازییە، وە خوشکێکی هەیە بە ناوی لوسیا شپادۆڤا کە پارێزەرە و ١٤ ساڵ لە خۆی بچووکترە.

فیتسۆ خەونی ئەوەی دەبینی کە ببێتە سەرکردەیەکی سیاسی، پەیامنێری وەرزشی، یان شوێنەوارناس، لە کۆتاییدا بوو بە یەکێک لە سیاسییە دیارەکانی سلۆڤاکیا.

لە تۆپۆلکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی خوێندووە و لە ساڵی ١٩٨٢ خوێندنی ئامادەیی تەواوکردووە، پاشان پەیوەندی بە کۆلێژی یاساوە کرد لە زانکۆی کۆمێنیۆس لە براتیسلاڤای پایتەخت و لە ساڵی ١٩٨٦ دەرچووە و پسپۆڕی “یاسای تاوان”ە یەکێک لە پرۆفیسۆرەکانی لە فاکەڵتیەکەدا جۆزێف مۆراڤێک بوو کە دواتر بوو بە سەرۆک وەزیران و پێشبینی کردبوو کە خوێندکارەکەی کەسایەتییەکی دیار دەبێت.

دوای تەواوکردنی زانکۆ، ساڵێک خزمەتی سەربازی ناچاری لە سوپادا بەسەر بردووە، دوای ئەوە لە پەیمانگای دەوڵەت و یاسای ئەکادیمیای زانستی سلۆڤاکیا کاری کردووە، دواتر فەرمانبەر بووە لە وەزارەتی داد تا ساڵی ١٩٩٢.

لەم ماوەیەدا تێزی دکتۆراکەی لە بواری یاسادا تەواو کرد کە لەسەر “سزای لەسێدارەدان لە چیکۆسلۆڤاکیا” بوو، ساڵی ٢٠٠٢ پلەی پرۆفیسۆری لە بواری یاسادا بەدەستهێناوە.

 

ئەزموونی سیاسی و حزبی

فیتسۆ لە ساڵی ١٩٨٦ پەیوەندی بە پارتی کۆمۆنیستی چیکۆسلۆڤاکیا کرد و دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٩دا زانیاری لەسەر ڕووخانی ڕژێمی کۆمۆنیستی زانی، پەیوەندی بە پارتی چەپی دیموکراتەوە کرد کە شوێنی حزبی شیوعی گرتەوە.

لە ساڵی ١٩٩٢ لە هەمان پارت بە ئەندامی پەرلەمان هەڵبژێردرا، لە ساڵی ١٩٩٨ وەک جێگری سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرا، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٩ وازی لێهێنا و پارتی ترێندی سۆسیال دیموکراسی دامەزراند، لەگەڵ سیاسەتمەدارانی دیکە و سەرکردایەتی پارتەکەی کردووە.

لە ساڵی ١٩٩٤ تا ٢٠٠٠ نوێنەرایەتی وڵاتەکەی لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کردووە، هەروەها ٥ جار بۆ پەرلەمانی ئەوروپا هەڵبژێردراوە.

لە ساڵی ٢٠١٤دا خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کاندید کرد و لە قۆناغی دووەمدا بە ڕکابەرەکەی ئەندرۆ کیسکا دۆڕا، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٣دا پارتەکەی نزیکەی ٢٣٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و دیسانەوە وەک سەرۆک وەزیران دەستنیشانکرا.

 

پۆست و بەرپرسیارێتییەکانی:

– سێ جار وەک سەرۆک وەزیرانی سلۆڤاکیا هەڵبژێردراوە لە ساڵانی (٢٠٠٦ تا ٢٠١٠)، (٢٠١٢ تا ٢٠١٨) و لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ جارێکی دیکە وەک سەرۆک وەزیران هەڵبژێردرا.

– ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا بووە بۆ ماوەی ٥ خول.

– ئەندامی لیژنەی ئازادی و مافی مرۆڤ بووە لە پەرلەمانی ئەوروپا.

– ئەندامی لیژنەی داد و ناوخۆی پەرلەمانی ئەوروپا بووە.

– جێگری سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی چیکۆسلۆڤاکیا.

– دامەزرێنەر و سەرۆکی پارتی ڕەوتی سۆسیال دیموکرات بووە لە ساڵی ١٩٩٩

 

هەوڵی تیرۆرکردن

لە ١٥ی ئایاری ٢٠٢٤دا ڕۆبێرت فیتسۆ هەوڵی تیرۆرکردنی درا، چەکدارێک تەقەی لێکرد و برینداری کرد، دواتر گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری هاندلۆڤا لە ناوەڕاستی وڵات، لەوێشەوە بە هێلیکۆپتەر گواسترایەوە بۆ شاری بانسکا بیستریکا بۆ وەرگرتنی چارەسەری بەپەلە.

فیتسۆ دوای کۆبوونەوەی حکومەت کە لە شاری هاندلۆڤا کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی براتیسلاڤای پایتەخت بەڕێوەچوو، هەوڵی تیرۆرکردنی درا.

کەناڵی هەواڵی TA3 بڵاویکردەوە، چەکدارەکە چوار فیشەکی ئاراستەی فیتسۆ کردووە و بەر سکی کەوتووە و حکومەت ڕایگەیاندووە، “لە دۆخێکی ناجێگیردایە”.

پەرلەمانتارێک بۆ مووچەی خانەنشینان سەردانی سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی کرد
پێشت پەرلەمانتارێک بۆ مووچەی خانەنشینان سەردانی سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی کرد
داوای 20 هەزار ساڵ زیندانیی بۆ سیاستەمەدارانی باکووری کوردستان دەکرێت
دواتر داوای 20 هەزار ساڵ زیندانیی بۆ سیاستەمەدارانی باکووری کوردستان دەکرێت
پەیوەندیدار