ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ بەردەوامە



 

دوای پەلاماردانی تیرۆریستانی داعش بۆ شاری مووسڵ لە حوزەیرانی ٢٠١٤دا و مانەوەیان لە شارەكە بۆ ماوەی سێ ساڵ، ژێرخانی شارەكە بەتەواوی داڕووخا و تا ئێستاش پرۆسەی نۆژەنكردنەوە لەم شارە بەردەوامە، جگە لە گرفتی ھاتووچۆ، گرفتی ھەرە سەرەكی دانیشتووانی مووسڵ نەبوونی ئاوەڕۆیە.

مووسڵ كە بە دووەم گەورەترین شاری عێراق دادەنرێت دوای بەغدا لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بارانبارین و كۆبوونەوەی ئاو بووە مەترسی لەسەر ژیانی دانیشتووانی شارەكە و لەئێستاشدا كۆمپانیایەكی توركیا رێڕەوی ئاوەڕۆ بۆ شارەكە دروست دەكات.

كارەكانی پرۆژەی دروستكردنی رێڕەوی ئاوەڕۆ كە لە شارەكە لە لایەن كۆمپانیایەكی توركەوە جێبەجێ دەكرێت تا ئێستا بە درێژایی ٢٢ كیلۆمەتر كارەكانی تەواوبووە، دروستكردنی رێڕەوی ئاوەڕۆكە بریتییە لە هەڵكەندنی زەوییەكە و دانانی بۆری گەورە بەشێوازێكی ئەندازیاریی لە تەك ئەوانیشدا گواستنەوە و دابەشكردنی هێڵەكانی ئینتەرنێت بەژێر زەوییدا و دواتر داپۆشینی شوێنەكە.

خاوەنی كۆمپانیای بیلگەچ بۆ بەڵێندرایەتی گشتیی، محەمەد بیلگەچ كە كۆمانیاكەی جێبەجێكاری پرۆژەكەیە وتی: “ئێمە لقی كۆمپانیاكەمان لە ئەنقەرەیە، ماوەی چوار ساڵە كار لەسەر بونیادنانەوەی شاری مووسڵ دەكەین، ئەم شارە دەپارێزین لە لافاو و كارەساتی سروشتیی، چونكە هەندێكجار بەهۆیەوە خەڵك گیانی لەدەستداوە و هەوڵدەدەین ئاراستەی ئاوەكە بگۆڕین”.

بەشێك لە بۆڕییەكان لە توركیاوە هاوردەكراوە و بەشێكیشی لە مووسڵ بە پیشەسازیی توركی دروستكراوە و تا ئێستا ١٠ هەزار تۆن ئاسن لەم پڕۆژەیەدا بەكارهاتووە و لەمبارەیەوە محەمەد بیلگەچ وتی: “لە میانی جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیەدا تا ئێستا كە سەدا ٨٠ی كارەكان تەواوبووە، هەم ئەو بۆڕیانەی كە لە توركیا هاوردەمان كردوون، هەم ئەوانەی لێرە دروستمان كردوون بە تەكنەلۆجیای توركی، تا ئێستا ٢٢ كیلۆمەترمان تەواوكردووە و ١٠ هەزار تۆن ئاسنمان تیادا بەكارهێناوە و ١٠٠ هەزار مەتر سێجا چیمەنتۆمان بەكارهێناوە، هاوكات لەو پڕۆژەیەدا زیاتر لە ٤٠ ئامێر، سەدان بارهەڵگر و سەدان كرێكار كار دەكەن، بەشێكی زۆر لە كرێكارەكان لە توركیاوە هاتوون، هاوكات هەندێك لەو كرێكارە ناوخۆییانەی كە شارەزاییان لە كارەكە هەیە بەگەڕمانخستوون، لەمەودوا هەوڵدەدەین كاری دەستی ناوخۆیی زیاتر بكەین و ژمارەیەكی زیاتر كرێكارانی ناوخۆی فێری كارەكە بكەین”.

لەئێستادا كاركردن لە بەری چەپی مووسڵ درێژەی هەیە و جگە لە دانانی بۆڕی گەورەی ئاوەڕۆ، چەند دانە هێڵێكی جیاوازی ئینتەرنێتیش هاوتەریب لەگەڵ رێڕەوی ئاوەڕۆكە دادەنرێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا خەڵكی شارەكە بە ئاسانی بتوانن هێڵەكانی ئینتەرنێت لە رێگای كێبڵەوە بگوازنەوە بۆ ماڵ، كۆمپانیا و كارگەكانیان كە ئەمە لە پێشوودا نەبووە و خەڵك تەنیا ئینتەرنێتی بەشێوازی مۆدیۆم و سیمكارت بەكارهێناوە ئەمەش زۆرجار گرفتی بار زۆری دروست دەكات و بەكارهێنەرانی ناتوانن وەك پێویست ئینتەرنێت بەكاربهێنن.

كۆمپانیا توركییەكان لە ئاوەدانكردنەوە و بونیادنانەوەی بەشێكی زۆر لە پارێزگاكانی عێراق بەشدارن و رۆڵیان هەیە، لەمبارەیەوە خاوەنی كۆمپانیای بیلگەچ بۆ بەڵێندرایەتی گشتیی، محەمەد بیلگەچ وتی: “جگە لە مووسڵ لە بەشێكی زۆری دیكەی عێراق كار دەكەین، بۆ ئێمە شانازییەكی گەورەیە كە لە بونیادنانەوەی عێراق بەشدارین، ئەو پڕۆژەیەی كە ئێستا كاری لەسەر دەكەین بەشێوازێك دروستی دەكەین كە شەمەندەفەرێك دەتوانێت بەژێریدا بڕوات، هاوكات دواتر سەری ئاوەڕۆكە دادەپۆشین، ئەوەی كە پێویست بێت وەكو كارەبا و هێڵەكانی ئینتەرنێت دەتوانین بیگوازینەوە و دابەشی بكەین”.

هەسەدە ئۆپەراسیۆنێكی دژی داعش دەستپێكرد
پێت هەسەدە ئۆپەراسیۆنێكی دژی داعش دەستپێكرد
دۆلار كابینەكەی سوودانی خستە مەترسییەوە
دوات دۆلار كابینەكەی سوودانی خستە مەترسییەوە
پەیوەندیدار