دۆلار كابینەكەی سوودانی خستە مەترسییەوە



 

جەنگی دۆلار لەنێوان ئێران و ئەمریكادا ڕەنگە ببێتەهۆی ڕووخاندنی كابینەكەی سوودانی، ڕەنگە پێشبینییەكانی شرۆڤەكاران بكاتە ڕاستی كاتێك سەرەتای پێكهێنانی كابینەی نوێی عێراق ڕایانگەیاند ئەو كابینەیە تەمەنی ڕەنگە نەگاتە ساڵێك، بۆ ئەوەش سەدر خۆی مەڵاس داوە، باشترین چەك بەكاری بهێنێت لە دژی سوودانی، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارە، ئەو مەترسییانەشن هەر زوو بەرپرسانی ئێستای حكوومەتی عێراقی ناچاركرد بە زوویی كار بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار بكەن.

دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی دۆلار ژمارەی پێوانەیی تۆماركرد و 100 دۆلار گەیشتە 160 هەزار دینار، ئەمڕۆ دابەزی و بە 151 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت و بانكی ناوەندیش بڕی خستنەبازاڕى دۆلاری بۆ 80 ملیۆن دۆلار بەرزكردەوە و ڕۆژانی داهاتووش زیاتری دەكات.

سەدر براوەی هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی ئۆكتۆبەری 2021 بوو، زۆرینەی جەماوەر و دەنگدەرەكانیشی ئەوانە بوون كە لە سیاسەتی ساڵانی ڕابردووى كابینە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق ناڕازی بوون بەهۆی نزیكایەتییان لە ئێران و گەندەڵی و بردنە دەرەوەی پارەی عێراق.

هەرچەندە لە ژێر گووشارە ناوخۆیی و دەرەكییەكان و مەرجەكانی خودی خۆیدا سەدر نەیتوانی كابینەی نوێی عێراق پێكبهێنێت، بەڵام ئێستا بە كردار بووەتە بەهێزترین ئۆپۆزسیۆنی ئەم كابینەیە، لە هەر ساتێكدا بێت جەماوەرە ملیۆنییە دژە ئێرانی و دژە مالیكییەكەی دەڕژێنێتەوە ناوچەی سەوز و شەقامەكانی بەغدا.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا نرخی 100 دۆلار گەیشتە 160 هەزار دینار لەژێر گوشارەكانی ئەمریكادا بەهۆی كەمكردنەوەی خستنەبازاڕی دۆلار بۆ ڕێگری لە چوونەدەرەوەی دۆلار بۆ ئێران و چەند وڵاتی دیكە.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكان لە واشنتنەوە، حكومەتی ئەمریكا زۆر بەتوندی دژی بەغدا و بانكی ناوەندی عێراق هاتووەتەسەر هێڵ و جۆرێك گەمارۆشی بەسەردا سەپاندوون و خوازیارە ڕێگری لە چوونەدەرەوەی دۆلاری عێراق بكرێت.

كابینەكەی سوودانی تۆمەتباركراوە بە ئەنجامدانی ڕێككەوتنێكی بازرگانی لەگەڵ تاران بۆ گواستنەوەی چوار ملیار دۆلاری عێراقی بۆ ئێران و بە كرداریش لە رێگای بانكێكی لوبنانیەوە چوار ملیار دۆلار ڕەوانەی ئێران كراوە.

ئەم هەنگاوە جگە لەوەی ئەمریكای توڕەكردووە و ڕێوشوێنی تووندی گرتووەتەبەر و چەندین بانكی نزیكی گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران سزادراون و خراونەتە لیستی ڕەشەوە، خەریكە جووڵەیەكی جەماوەرییش دروست دەكات، كە ئەم كابینەیە خراپتر لەوانەی پێش خۆی دەستیداوەتە خزمەتكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران لەبری بەرژەوەندییەكانی عێراق و زیاتر پێكەی دەوڵەتی عێراقی لاوازكردووە، ئەوەش ڕێك پێچەوانەی خواستی شۆڕشگێڕان و ڕاپەڕیوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەكانی ساڵەكانی 2019 و 2020 بوون كە سەدر ڕێبەرایەتی دەركردن.

شرۆڤەكاران بە دووری نازانن لەبەردەوامی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاردا سەدر جەماوەرەكەی بڕژێنێتەوە شەقامەكان بە ئامانجی ڕووخاندنی كابینەكەی سوودانی، هەروەك بەشێك لە چاودێران پێشبینییانكردبوو مەحاڵە كابینەكەی سوودانی ساڵێك بڕبكات.

یاسین تەها، شرۆڤەكاری كاروباری عێراق لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند “لە قەیرانی دۆلاردا یەكسەر تارمایی سەدر ئامادەبوو، حكومەتی چوارچێوەی شیعە زۆر هەوڵ دەدات نرخەكە بگەڕێتەوە بۆ ئاستێك لە شەڕی خرۆشانی جەماوەری لای بدات، بەڵام ئاسان نییە بەردەمی كەسێك ئێران و پشتەوەی سەدر و لە سەرەوەیەوە مەرجی بانكی فیدراڵی ئەمریكا بێت”.

دەشڵێت “ڕاستە ئێستا سەدر لە دەرەوەی پڕۆسەی سیاسییە، بەڵام كاریگەرترین ئۆپۆزسیۆنی حكومەتی ئێستایە و هەر هەڵەیەك بەخێرایی ڕەوتی سەدر وەك دێوەزمەی حكومەت خۆی پیشان دەدات”.

ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ بەردەوامە
پێت ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ بەردەوامە
دۆلار دابەزی
دوات دۆلار دابەزی
پەیوەندیدار