لە بەغداوە هۆی نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگەیەنرا



سەرچاوەیەکی فەرمی عێراق هۆکاری نەناردنی مووچەی مانگی نیسان بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاشكرادەكات و دەڵێت: بەغدا هۆی داواکاری هەرێمی بۆ زیادکردنی بڕی پارەی مووچەی فەرمانبەران نەزانیوە.

ماڵپەڕی (بغداد الیوم) لە زاری سەرچاوەیەكی فەرمی حكومەتی عێراقەوە بڵاویكردۆتەوە، “حکومەتی هەرێم، بە لیستی فەرمی، داوای مووچەی مانگەکانی 1 و 2 و 3ی کردووە بە بڕی 913 ملیار دینار و وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی خەرجی کردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی حکومەتی کوردستان بۆ مووچەی مانگی نیسان داوای 969 ملیار دیناری کردووە”.

ڕاشیگەیاندووە، “حكومەتی هەرێم بۆ مانگی 4 داوای بڕی 969 ملیار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەران كردووە، واتە بە جیاوازی 56 ملیار لە مووچەی مانگەکانی دیکە”.

بە وتەی سەرچاوەكە، “تا ئێستا نازانرێت بۆچی ئەو بڕە پارەیە زیادیکردووە، هەرچەندە بۆ پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران بەکارناهێنرێت و لە ئێستادا هیچ پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە هەرێمدا نییە”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “کاتێک پرسیار لە شاندی تەکنیکی کوردی كرا، کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر سەردانی بەغدای کردبوو، هیچ وەڵامێکی ئەوتۆیان پێ‌ نەبووە، کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی قەناعەت پێبکات سەبارەت بە زیادکردنی پارە لە لیستی مووچەی مانگی نیسان، بۆیە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ تا ئەمڕۆش خۆی بەدوور گرتووە لە خەرجکردنی مووچەی مانگی نیسان بەپێی ئەو لیستە”.

5 ڕۆژی مانگی ئایار تێپەڕیوە و هێشتا مووچەی مانگی 4ی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج نەكراوە و بەردەوام بەرپرسانی كورد و پەرلەمانتاران لە بەغدا دەڵێن، هیچ كێشەیەك نییە بۆ مووچە و دوای وردبینی خەرج دەكرێت، لەكاتێك لە مانگەكانی ڕابردوودا وردبینی لیستی مووچە بە دوو تا سێ‌ ڕۆژ تەواو دەكرا، بەڵام بۆ مووچەی مانگی نیسان لیستی مووچە لە 18ی نیسانەوە دراوە بە عێراق و هێشتا چارەنووسی مووچە نادیارە.

ئەمڕۆ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم ڕایگەیاند، كە “زانیاری ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لای وەزارەتی دارایی عێراقە”.

بارهەڵگرێك بەسەر فیتەرێكدا كەوت و گیانی لەدەستدا
پێشت بارهەڵگرێك بەسەر فیتەرێكدا كەوت و گیانی لەدەستدا
“حکومەتی عێراق کات بۆ پێشخستنی سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی دەکات”
دواتر “حکومەتی عێراق کات بۆ پێشخستنی سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی دەکات”
ەیوەندیدار