ڕووبەری زەویەکان و مەرجەکان بۆ دابەشکردنی ئاشکرا کرا



بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار وادەی دابەشکردنی زەوییەکان و مەرجەکان و ڕووبەری زەوییەکان ئاشکرا دەکات.

ئەمڕۆ شەممە، 11ی ئایار د.چواس عەبدولهادی، بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار مەبەستییەتی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرادا دابەش بکات کە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران دەیانگرێتەوە، پێشتر پارچە زەوییان وەرنەگرتووە و مافی کەسیش نەخورێت، و بڕیارە لەم هەفتەیەدا شوێنی زەویی دابینکراو بۆ فەرمانبەران لەسەر نەخشە دیاری بکرێت.

وتیشی “ڕەنگە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بە چەند قۆناغێک بێت و سەرەتا ئەوانە زەوی وەربگرن کە خزمەتێکی زۆریان هەیە، هەڵبەتە چەند مەرجێکی دیکەش لەبەرچاو دەگیرێت، بۆ نموونە، خێزاندارە یان نا، ئەگەر خێزاندار بێت، چەند منداڵی هەیە.. هتد”.

ڕوونیشیکردۆتەوە، وەزارەتەکە ئامانجییەتی لە چەند مانگی کەمی داهاتوودا ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەست پێ بکات، و وتیشی، هەر لە ئێستاوە دەستیان کردووە بە دابینکردن و دیاریکردنی ئەو زەویانەی بڕیارە بدرێنە فەرمانبەران.

دەربارەی ڕووبەری زەوییەکان د.چواس عەبدولهادی وتی، “ڕووبەری زەوییەکان بەپێی ژمارەی فەرمانبەران لە شارەوانییەکان دەگۆڕێت، چەند ژمارەی فەرمانبەران لە شارەوانییەک زیاتر بێت، ڕووبەری پارچە زەوییەکانیش بچووکتر دەبێتەوە و پێچەوانەکەشی ڕاستە، بەڵام بە هەر شێوەیەک بێت نابێت لە 200 مەتر دووجا کەمتر بێت”.

ڕۆژی 27-03-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی کە سوودمەندنەبوون بەپێی یاسا و رێنوێنییەکان ، هاوکات هەفتەی ڕابردوو ساسان عەونی وەزیری  شارەوانی و گەشتوگوزار لیژنەیەکی ڕاسپارد، بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی دابینکردنی زەوی بۆ فەرمانبەران، لە ماوەی هەفتەیەکدا ڕاپۆرتێكی ورد ئامادە بكەن و تێیدا ژمارەی فەرمانبەران و شوێنی زەویی دابینکراو لەسەر نەخشە دیاری بكەن.

باران بارین دەستپێدەکاتەوە
پێشت باران بارین دەستپێدەکاتەوە
سەرۆك كۆماری عێراق گەیشتە هەولێر
دواتر سەرۆك كۆماری عێراق گەیشتە هەولێر
پەیوەندیدار