سەرۆک کۆمار: پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و ھەرێم بە باشترین قۆناغدا تێدەپەڕێت



سەرۆک کۆماری عێراق جەختدەکاتەوە لە گرنگی ڕۆڵی ئەرێنی نووسەران و ڕۆژنامەنووسان و شرۆڤەکارانی سیاسی لە بنیاتنانی سیاسەت و بڕیار لە سیستەمی دیموکراسیدا و دەشڵێت: پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و ھەرێم بە باشترین قۆناغدا تێدەپەڕێت.

ئەمڕۆ دوو شەممە لە كۆشكی سەلام، د. لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆمار لەگەڵ ژمارەیەک میدیاکار و شرۆڤەکار و ئەکادیمی كۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، د. لەتیف ڕەشید ئاماژەی بەوەدا، دەرگاکانی کۆشکی سەلام ھەمیشە کراوەن بۆ ھەموو ئەو زانیاریانەی پێویستییان پێیەتی بۆ گەیشتن بە دیدگا و دەرئەنجام و شیکاریی ورد و ھاوسەنگ.

سەرۆک کۆمار دوپاتیکردەوە، ئەو سەقامگیرییە ئەمنییەی وڵات بەخۆیەوە دەبینێت بە ھەنگاوێکی جەوھەری دادەنرێت بەرەو باشترکردنی ڕەوشی وڵات ھەروەھا جەختی لەسەر پێویستی ھاریکاری و ھاوئاھەنگی نێوان ھەموو ھێزە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتورییەکان کردەوە لەپێناو جێگیرکردنی ئەو سەقامگیرییە وەک کارێکی لەپێشینە بۆ گەشەپێدانی ھەلی پەرەپێدانی گشتگیر و بونیادنان و ئاوەدانکردنەوە.

د.لەتیف رەشید ئاماژەی بە گرنگی پاڵپشتیکردنی حکومەت کرد لە جێبەجێکردنی بەرنامە وەزارییەکەی، کە بنیاتنراوە لەسەر بنەمای باشترکردنی ئاستی بژێوی و خزمەتگوزاری ھاووڵاتیان و وتی، “وڵات ماوەیەکی درێژخایەنی ناسەقامگیری بەخۆیەوە بینیوە و کاریگەری لەسەر بارودۆخی گشتی بەجێھێشتووە بەتایبەتی کەرتی ئابوری”.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە پێویستی بەرەوپێشبردنی دۆخی ئابوری و بژێوی و ئامادەکردنەوەی ژێرخانی بنەڕەتی و کارکردن بۆ پێشخستنی وەبەرھێنان و پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت کرد، بۆئەوەی ڕۆڵی خۆی لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابوری و رەخساندنی ھەلی کار بۆ گەنجان بگێڕێت.

سەرۆک کۆمار تیشکی خستەسەر پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان و جەختیکردەوە، کە ئێستا بە باشترین قۆناغەکانیدا تێدەپەڕێت و ئیرادە و خواستی ھەنگاونان بۆ پێشەوە ھەیە لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەری کۆتایی بۆ پرسە ھەڵپەسێردراوەکان بە گوێرەی دەستوور و یاسا و لەڕێگەی گفتوگۆ بە گەشبینی ئەرێنییەوە.

جەختیشی لە گرنگی ئەو ڕۆڵە کردەوە، کە لەئەستۆی توێژەران و شرۆڤەکاران و کەناڵەکانی ڕاگەیاندندایە بۆ گەیاندنی ڕاستییەکان و ھاندانی پێشھاتە ئەرێنییەکان و پێشکەشکردنی دیدگا و پێشبینی بونیادنەرانە لەپێناو خزمەتکردنی کۆمەڵگە و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی، سەرەڕای کارکردن بۆ چەسپاندنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان ھەموو پێکھاتەکاندا، ئاماژەی کرد بە گرنگی ڕۆڵی کولتوریش کرد لە بەھێزکردنی پەیوەندی و نزیکبونەوەی نێوان نەتەوە و گەلان.

وەزیری دارایی لەگەڵ بەڕێوەبەری بانكەكان كۆبووەوە
پێشت وەزیری دارایی لەگەڵ بەڕێوەبەری بانكەكان كۆبووەوە
حكومەتی هەرێم داوای پاراستنی ژێرخانی وزە و ئابووری هەرێم لە ئەمریكا دەكات
دواتر حكومەتی هەرێم داوای پاراستنی ژێرخانی وزە و ئابووری هەرێم لە ئەمریكا دەكات
ەیوەندیدار