حكومەتی هەرێم داوای پاراستنی ژێرخانی وزە و ئابووری هەرێم لە ئەمریكا دەكات



وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێم بە وەكالەت پێشوازی لە كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان دەكات و ڕایدەگەیەنێت، ئەمە نۆیەمین هێرشە دەکرێتە سەر ئەم کێڵگەیە و زیان بە ئابووریی هەرێم و عێراق دەگەیەنێت.

بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم، كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەكان بە وەکالەت پێشوازیی لە مارك سترۆ، كۆنسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان و شاندێکی یاوەری كرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، كونسوڵی ئەمریكا نیگەرانیی خۆی لە هێرشە درۆنییەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆڕ و گیان لەدەستدانی چوار كارمەندی كێڵگەكە دەربڕی و “هێرشەکەی بە تیرۆرستی دانا و ئامانج لێی زیانگەیاندنە بە لایەنی ئەمنی و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق”.

ئاماژەی بەوەدا، کە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی لە نزیكەوە چاودێری و بەدواداچوونی گۆڕانكارییەكان دەكات و هەوڵەكانی بۆ پشتگیریی لە ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و ڕێگرتن لە بەزاندنی سەروەری خاكی عێراق و هێرشی تیرۆریستی بەردەوام دەبێت.

لای خۆشیەوە، كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەكان بەوەكالەت سوپاسی حكومەتی ئەمریكای كرد بۆ سەركۆنەكردنی ئەو هێرشە و هەوڵەكانی ئەمریكای بەرز نرخاند و داواشی كرد، “هەوڵەكانیان بۆ پاراستنی ژێرخانی وزە و ئابووریی هەرێم چڕ بكەنەوە”.

جەختیشی كردۆتەوە، ئەمە نۆیەمین هێرشە دەکرێتە سەر ئەم کێڵگەیە و زیان بە ئابووریی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵی گەیاندووە.

سەرۆک کۆمار: پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و ھەرێم بە باشترین قۆناغدا تێدەپەڕێت
پێشت سەرۆک کۆمار: پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و ھەرێم بە باشترین قۆناغدا تێدەپەڕێت
بەهای دۆلار بەرزبووەوە
دواتر بەهای دۆلار بەرزبووەوە
ەیوەندیدار