ژمارەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان…  هێرشەکەی ئێران بە ژمارە



میدیاکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئاشکرایانکرد؛ کە ئێران زیاتر لە ٣٣٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە، وەک “وەڵامدانەوەی ئێران” بەرامبەر هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق.

 

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، ئێران لە کاتی هێرشەکەیدا بە؛

١٨٥ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

٣٦ مووشەکی کروز.

١١٠ مووشەکی زەمین بە زەمین.

٥ کاتژمێر هێرشی بەردەوامی هەبووە بۆ سەر ئیسرائیل.

 

میدیا ئیسرائیلییەکان ئەم ژمارانەیان پشتڕاستکردەوە و ڕایانگەیاند، “ئێران لە هێرشەکەیدا بۆ سەر ئیسرائیل ١٨٥ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ١١٠ مووشەکی ڕووکار بۆ سەرزەوی و ٣٦ مووشەکی کروزی هەڵداوە”.

 

درەنگانی ئێوارەی دوێنێ شەممە، ئێران هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر ئامانجەکانی لە ناو خاکی ئیسرائیل و ناوچە داگیرکراوەکان دەستپێکرد، لە هێرشێکدا کە ڕۆژنامەی هائارێتزی ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە، “یەکەم هێرشی راستەوخۆی سەربازی ئەو وڵاتەیە بۆ سەر ئیسرائیل، سەرەڕای دوژمنایەتی دەیان ساڵە”ی نێوانیان.

 

لەلایەکی دیکە، کەناڵی سی ئێن ئێن لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، کە “هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل نزیکەی ٥ کاتژمێری خایاندووە”.

 

لە میانی هێرشەکەدا، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، زۆربەی ئەو مووشەکانەی لە ئێرانەوە هەڵدەدرێن “لە دەرەوەی سنوورەکانی ئیسرائیل ڕێگرییان لێکرا و بەردەوام بوون لە بەرپەرچدانەوەیان”.

 

سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ڕاپۆرتیان دا؛١٥٠ مووشەک لە ئێرانەوە بەرەو ئیسرائیل هەڵدراون،٪٩٩ یان بە سیستمی بەرگریکردنی مووشەک ڕێگرییان لێکراوە.

 

سێ بەرپرسی ئەمریکی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، سوپای ئەمریکا دەیان مووشەکی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە کە ئاراستەی ئیسرائیل کراون، ئەمە جگە لەوەی نزیکەی ١٠٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی دوور لە سنوورەکان لە لایەن هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و بەریتانیاوە ڕێگرییان لێکراوە.

 

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بە کەناڵی ABC Newsی ڕاگەیاند، ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک لە عێراق و سوریا و باشووری لوبنان و حوسییەکانی یەمەن و بەشێکی زۆریان لە ئێرانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون.

 

میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایانکردووە؛ تێچووی ڕێگریکردن لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل “نزیکەی یەک ملیار دۆلارە”.

 

بە وتەی ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەمریکا کە بۆ ABC News لێدوانی داوە؛ هێزەکانی ئەمریکا زیاتر لە ٧٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەریان لە کارخستووە، هەروەها لە کاتی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لانیکەم بەر لە ٣ مووشەکی بالیستیکی گیراوە.

ئەو کەسەی زەیت و مۆمی بە زەیتی زەیتون دەفرۆشتەوە، سووتا و گیانی لەدەستدا
پێشت ئەو کەسەی زەیت و مۆمی بە زەیتی زەیتون دەفرۆشتەوە، سووتا و گیانی لەدەستدا
سۆران عومەر: بانکی ڕەشید و ڕافیدەین ئامادەن هەژمار بۆ فەرمانبەرانی هەرێم بکەنەوە
دواتر سۆران عومەر: بانکی ڕەشید و ڕافیدەین ئامادەن هەژمار بۆ فەرمانبەرانی هەرێم بکەنەوە
ەیوەندیدار