شەپۆلێكی دیكەی باران و تەرزە هەرێم دەگرێتەوە



ئەمڕۆ یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە و بەهۆی بارانی بەردەوامەوە هاتووچۆ و جەژنە پیرۆزەی هاووڵاتیان كەم بۆتەوە و شارەزایەكی كەشناسی-ش دەڵێت: شەپۆلێكی دیكەی باران و تەرزە لە شەودا هەرێم دەگرێتەوە و تاوەكو سبەینێ‌ بەردەوام دەبێت.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ئێستادا بارانبارین و ھەورە بروسکە لەسەر ناوچە جیاجیاکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان بەردەوامی ھەیە و لەناوچەکانی سنوری پارێزگای دھۆک و ھەولێر و کەرکوک کەشەکە تا ڕادەیەک سەقامگیربووە.

ڕاشیگەیاند، تا کاتەکانی ئێوارەی ئەمڕۆ دۆخی ناجێگیری کەش بە ھەورە بروسکە و تاوە بارانی بەخوڕ و تەرزە بەچالاکی بەردەوامی ئەبێت و لەو ناوچانەش، کە وەستاوە لەکاتەکانی داھاتوودا دەستپێدەکاتەوە و لەئێوارەوە ئەم قۆناغە کۆتایی پێدێت.

وتیشی، “جارێکی دیکە لە کاتەکانی شەودا لەشوێن و ناوچەی جیاجیادا پێشبینی ئەکرێت ھەورە بروسکەکان چالاک ببنەوە و بەڕێژەی جیاواز تاوە باران و تەرزە ببارێت ئەم قۆناغەش ناوبەناو تا ئێوارەی سبەی پێنج شەممە 11/4/2024 بەردەوامی ئەبێت و دواتر کۆتایی پێدێت و کەش لەتەواوی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان سەقامگیر ئەبێتەوە”.

ئەو شارەزایەی كەشناسی ئاماژەی بەوەشكرد، سبەینێ‌ پلەکانی گەرما سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ بەنزمی و جێگیری ئەمێنێتەوە و خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند ئەبێت 10-20کم لە كاتژمێرێكدا و لەناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی خێرایی باکە چالاک ئەبێت لەنێوان 15 تا 30کم لە کاتژمێرێکدا .

عێراق فۆڕمی دامەزراندنی بۆ زانكۆ و پەیمانگاكان ڕاگەیاند
پێشت عێراق فۆڕمی دامەزراندنی بۆ زانكۆ و پەیمانگاكان ڕاگەیاند
مامۆستایانی ناڕازیی داواكارییەكانیان ڕادەگەیەنن
دواتر مامۆستایانی ناڕازیی داواكارییەكانیان ڕادەگەیەنن
ەیوەندیدار