شارەزایەکی کەشناسی: نمەباران دەبارێت و هەورەبروسکە چالاک دەبێت



شارەزایەکی کەشناسی پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ ڕۆژانی ئایندە ڕاگەیاند، لە درەنگانی ئەمشەوەوە نمەباران دەبارێت و هەورەبروسکە چالاک دەبێت.

ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، لە درەنگانی ئەمشە و بە دواوە ناوچەکانمان دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەل لە دەریای سوور و ناوەڕاستەوە، سەرەتاش بە چالاکبوونی ھەورە بروسکە و نمە بارانی کورت خایان کاریگەری دەبێت.

ئاماژەی بەوەکرد، سبەینێ یەکشەممە ئاسمانی ھەرێمی کوردستان بە زۆری نیمچە ھەور بۆ ھەوری تەواو ئەبێت و بای باشووری ڕۆژھەڵات لە ناوچەکانی باشووری عێراقەوە بۆ سەر ناوچەکانمان چالاک دەبێت بە خێرای 15 تا 30 کیلۆمەتر لە کاتژمێریکدا.

وتیشی، لە ناوچەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کەرکووک خێرای باکە چالاکتر دەبێت، ھەندێک کات بۆ سەرووی 40 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، بەھۆیەوە ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵێکی کەم دەبێت، لە کاتەکانی سبەی ئێوارەوە بە تایبەت شەو کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆکەی دەریای سوور لەسەر ناوچەکانمان چالاکتر دەبێت و بەگوێرەی کات ھەورە بروسکە دەستپێدەکات، تاوە بارانی مامناوەند بۆ بەخوڕ لە شوێن و ناوچەی جیاجیادا دەبارێت کە ڕێژەی دابارینەکان ناجێگیر دەبن، لە شوێن تا شوێن کاریگەری جیاواز و دیاری نەکراو دەبێت، پلەی گەرمی سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ 2 تا 4 پلە نزمدەبێتەوە .

ئاراس جەبار، ئەوەشی خستەڕوو، تاوە بارانی بەھارە و ھەورە بروسکە لەم قۆناغەدا تا ئێوارەی دووشەممە بەردەوامی دەبێت و قۆناغی دووھەم لە ئێوارەی سێشەممەوە دەستپێدەکاتەوە لەم قۆناغەدا پێشبینی بارانێکی باشتر دەکرێت لەگەڵ نزمبوونەوەی زیاتری پلەی گەرمی.

 

بەرزترین پلەی گەرمی پێشبینیکراوی سبەینێ:

ھەولێر 25 پلە

سلێمانی 24 پلە

دھۆک 22 پلە

ھەڵەبجە 25 پلە

کەرکوک 28 پلە

ئیدارەی گەرمیان 31 پلە

ئیدارەی راپەرین 24 پلە

ئیدارەی سۆران 22 پلە

گۆڕانکاری لە تەمەنی خانەنشینی دەکرێت
پێشت گۆڕانکاری لە تەمەنی خانەنشینی دەکرێت
جەنگی جیهانی سێیەم لە ئەوروپا
دواتر جەنگی جیهانی سێیەم لە ئەوروپا
ەیوەندیدار